بۆ سەرزەمینی ئەنفالتان مەئویس کرد؟!

هەڤاڵ غالب

گرنگی چەمچەماڵ لەڕوی داهات و بەرگری و قوربانیدانەوە دیارە؛ چەمچەماڵ سەرچاوەی غازی هەموو هەرێم و کارەبای نیوەی کوردستانە، ئەم شارە پشکی شێری لەناو هێزە چەکدارەکاندا هەیە، دانیشتوانەکەی کەسوکاری شەهید و ئەنفالن، چەمچەماڵ هێڵی بەرگری عێراقی عەرەبیە، گەورەترین قەزای کوردستانە، ٤٦٪ی ڕوبەری ئێستای پارێزگای سلێمانیە و ٨ ناحیە و ٤٢٠ گوندی لەسەرە، بەڵام بە بارتەقای چارەکێکی داهات و قوربانیدانەکەی خزمەت نەکراوە.
لەگەڵ دەست بەکاربوونی کابینەی نوێ یەک پرۆژەلەسنوری قەزای چەمچەماڵ نەکراوە، تەنانەت ئەوپرۆژانەش کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەژیانی خەڵکەوە هەیە؛ لێرە لەم سەرزەمینی ئەنفالە لەتێکڕای سێکتەرەکاندا کۆڵەوارە و پێویستی بە ئاوڕدانەوەی خێرای حکومەتە.
– لەبواری تەندروستیدا: نەخۆشخانەی چەمچەماڵ بۆ ١٠ هەزار هاوڵاتی گونجاوە لەکاتێکدا ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی ڕوو لەو نەخۆشخانەیە دەکەن و ماوەی ٤٠ ساڵە ئەم شارە نەخۆشخانەی بۆ دروست نەکراوە، قەزایەکی وا قەرەباڵغ نەخۆشخانەیەکی ٥٠ قەرەوێڵەیشی تێدانیە.
-لەبواری پەروەردەدا: دوو دەوام وسێ دەوام لە خوێندنگەکانی ئەم شارەدا دەکرێت و هیچ بینایەکی نوێ بۆ قوتابخانە دروستنەکراوە.
-لەبواری کشتوکاڵدا: چەمچەماڵ خاوەنی ١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و شیاوە بۆ دانەوێڵە، بەڵام حکومەت هیچ دەعمێکی بۆ جوتیاران نیە و تەنانەت بەهۆی نەبوونی پشتیوانیەوە بەشێک لەجوتیاران بەرهەمەکان دەفرۆشنەوە عەرەبەکان، باسی پلان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی لەم گەرمیانە هەر ناکەم کە نیە.
-لە بواری ڕێگاوباندا: جگە لە ڕێگای ناحیە ئاغجەلەر هیچ چاکسازییەک لە ڕێگاکانی تەکیەی جەباری و قادرکەرەم و سەنگاو نەکراوە کە لە پرۆسەی ئەنفالدا زۆرترین زیانیان پێگەیشت و ئێستاش شادەماری ئابوری ئەم وڵاتەن، ناوچەی بناری گل کە کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات نەیتوانوە ڕێگای هاتوچۆی تانکەرەکانی خۆیان چاک بکەن و دانیشتوانی سنورەکە ڕێگایەی ١٥ خولەکی بە ٤٠ خولەک دەبڕن؛ ئەوە جگە لەوێرانی ڕێگای گوندەکان کە خەریکە بەتەواوەتی زۆربەیان چۆڵ دەبن.
– خەمە گەورەکە – ئاوی خواردنەوە
لەکام کوچەی ئەم سەرزەمینە هاوڵاتیەک ١٥ ڕۆژجارێک دوو کاتژمێر ئاوی پێ ئەدرێ، کام سیستەمی تەندروستی ڕێگا ئەدات ئاو ١٥ ڕۆژ لەبەر خۆربێت و بخورێتەوە، کام حکومەت ڕازی دەبێت هاوڵاتیەکانی سۆندەی ئاوەکە لەباخەڵیان بخەوێنن بۆئەوەی ئاگاداری هاتنەوی ئاوبن لەنیوەشەودا، کام ویژدان قبوڵی ئەکات غاز و کارەبای شارێک ببەیت و نەتوانی ئاوی خواردنەوەی بدەیتێ، کێ باوەڕدەکات بتوانن هەزاران کیلۆمەتر بۆڕی غاز لەم شارەوە بۆدەرەوە ببرێت و نەتوانرێت ٥٠ کیلۆمەتر ئاوی بۆ ڕاکێشرێت؟
دەس بۆ هەر سێکتەرێکی ئەبەیت خەمە، خەمێک هێندەی لەدەستدانی کەسوکارەکانیان لەئەنفال و ڕوخانی گوندەکانیان و قوربانیدانیان لەپێناوی دەسەڵاتێک کەناتوانێت پاراویان بکات.
ئەگەر قەیرانەکە گشتگیرە، بۆ پارە بۆ شەقامی سەدان مەتری و تونێل و پارکی گەورە و دەیان پرۆژە هەیە کەهیچیان گرنگترنین لە ئاوی چەمچەماڵ، ئەگەر سزادانی ئەم شارەشە ئەوا ئەم شارە ئەنفال و بەعس نەیتوانی بیخات، بەرگەی ئەمەش دەگرێ و دەبێتە شاهیدی ناعەدالەتیتان.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا