نوسين :ئاراس محەمەد ئاغا
یادەوەری کارەساتی ئەنفال، یادی تاوانێکی دڕندانەی لە بیرنەکراوە دژ بە خەڵکی کوردستان، تاوانێک کە بە ئامانجی کۆمەڵکوژی میللەتێک دەستی غەدر و کوشتنی لە ژن و منداڵ و پیر و جوانی کوردستان نەپاراست.
قۆناغەكانی ئەنفال زۆربەی ناوچهكانی كوردستانی باشووری گرتهوە و بەو هۆیەشەوە 182 ههزار هاوڵاتی بێتاوانی کوردستان راپێچی مهرگی بەکۆمەڵ کران ولەبیابانەکانی ناوەڕاست وخوارووی عیراق زیندەبەچاڵ کران،تا ئێستاش گۆڕی زۆرینەیان نادیارەنزیکەی پێنج هەزار گوندی کوردستان ڕووخێنران و پاشانی سوتێنران
لەم یادەوەریە تاڵەدا، گەلی ئێمە پێویستی بەیەک ریزی و بونیاتنانەوەی گیانی پێکەوەھەڵکردن و یەک ئیرادەیی و یەکخستنی ھەموو ھەوڵ و تواناکانە بۆ رێگهگرتن له دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵم و زۆرداری و کارەسات و مەرگەساتانەی لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا وەک تراژیدیای سەدە بەسەر خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ھات
کەسوکاری شەھیدان و قوربانیانی ئەنفال، شایستەی ئاوڕلێدانەوە و بەدەنگەوەھاتنی زیاترن، برینی ئەوان، برینی سەر دڵی نیشتمانه، خواستەکانیان بۆ ژیانێکی شایستە و پێشکەشکردنی ماف و خزمەتگوزاری و گەڕاندنەوەی رووفاتی ئازیزانیان، خواستی راست و رەوانن و پێویستە حکومەتی عێراقی فیدراڵ قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و ناوچەکانیان بکاتەوە و لەسەر ئاستی نێو نەتەوەیی ئەم تاوانە گەورەیە بە جینۆساید بناسێنرێت .
نەمری بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان سەربەرزی بۆ نەوە و وارس و کەسوکاری ئەنفالکراوان.