پێش وەختەی هەڵبژاردنی پێش وەختە

پرسی “هەڵبژاردنی پێش وەختە”، وایلێهاتووە وەك چەمكێكی داتاشراوی دەسەڵاتە خۆرهەڵاتییەكان دەربكەوێت، چونكە لەئێستادا زۆرترینجار دەسەڵاتەكانی خۆرهەڵات هانای بۆ دەبەن وەك چارەسەرییەك بۆ زۆر قەیرانی سیاسی و دارایی ناوخۆی وڵاتەكانیان.

هەركاتێك دەسەڵات لەوڵاتانی خۆرهەڵاتدا هەستی بەوەكرد كە شكستی هێناوە و نزیكە لەهەرەسهێنان، ئامادەی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی نابێت، بەڵكو دێت و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە دێنێتە ئاراوە، ئەمەش لەلایەك بۆ داپۆشینی كەموكورتییەكان و لەلایەكیشەوە بۆ درێژكردنەوەی عومری سیاسی و دەساڵاتداری زۆر حیزب و كەسە.

پێچەوانەی تەواوی وڵاتانی خۆرهەڵات كە هەڵبژاردنی پێش وەختە بەچارەسەر بۆ زۆر قەیران و كێشەی ناوخۆیی وڵاتەكانیان دەزانن، لەواقیعدا هەڵبژاردنی پێشوەختە وڵات زیاتر و زووتر لە ڕوودانی قەیران و پێكدادانی ناوخۆیی نزیك دەكاتەوە.

ئەو ناكۆكییە سیاسی و داراییەی ئێستا لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا هەیە هەڵبژاردنی پێش وەختە دنەی دەدات كە ڕێكنەكەون و تاكو ئەندازەیەك نەرمی بۆ یەكتر نەنخوێنن، ئەمەش بەو مانایەی كە هێزە سیاسییەكان دەیانەوێت لە ڕێگای دژایەتی یەكتر و ڕێكنەكەوتن و دەستبادانی یەكترەوە لەسەر ئاستی نەتەوەیی و مەزهەبی و ناوچەیی، لە هەڵبژاردنی پێش وەختەی 10ی مانگی تشرینی یەكەمی 2021 زۆرترین دەنگ بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە پێش وەختەیە لەگۆڕێ نەبوایە، ڕەنگە ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند ئاسان بوایە و كاتی كەمی بویستایە.

پێش وەختەی هەڵبژاردنی پێش وەختە تەنانەت دۆخی ئەمنی عێراقیشی خستۆتەبەردەم مەترسی هێزە تیرۆریستی و چەكدارەكان، هەموو ئەو هێز و لایەن و پێكهاتە و قەوارە سیاسیە بچوكانەی دەزانن لەهەڵبژاردنی پێش وەختەدا زیانیان پێدەگات و ناتوانن دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، هەوڵی ئەوە دەدەن دۆخی ئەمنی عێراق تێكبدەن و نەهێڵن هەڵبژاردن لەو كاتەدا ئەنجام بدرێت وەك لەئێستاوە پێشبینی ئەوە دەكرێت هەڵبژاردنی پێش وەختە لەكاتی خۆیدا و لەمانگ 10دا ئەنجام نادرێت.

هەڵبژاردنی پێش وەختە نەك سیحری تێپەڕاندن و كەمكردنەوەی قەیرانەكانی نییە لە عێراقدا، بەڵكو بەجۆرێك لەجۆرەكان هۆكارە بۆ زیادكردنی قەیران و زووتر نزیكبوونەوەی عێراق لەڕوودانی قەیران. لەئێستاشدا كە عێراق بەرەو هەڵبژاردنی پێش وەختە هەنگاو دەنێت، ئەوەندەی بەرەو ناو قەیرانی زۆرتر و پێكدادانی زیاتر دەچێت هێندە بەرەو كۆتایی ئەو تونێلە پڕ قەیران و ناكۆك و فرە پێكدادانە ناچێت كە بووەتە شوناسی عێراقییەكان.

زۆرێكی هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە وەك بانگەشەیەكی خودی هەڵبژاردنەكە خۆی بەكاردەهێنن، چونكە لەئێستاوە هەموو دژایەتییەكی ئەوی بەرامبەر و هەموو پێداگرییەك لەپرسە جیاوازەكانی وڵاتدا، بۆئەوەیە لەهەڵبژاردنی پێشوەختەدا بەرهەمەكەی بچننەوە، ئەمەش وایكردووە ڕێككەوتنی نێوان لایەنەكان قورس بێت و زمانی ئاشتی و تۆلێرانس و نەرمی نواندن لەنێوان هێزو پێكهاتە سیاسییەكانی عێراقدا نەمێنێت، لەم كاتەشدا كە هەموو لایەنەكان لەناو لوعبەیەكی سیاسی لەم شێوەیەدان، ئەوا عێراق كەوتۆتەنێوان هەم پێكدادانە ناوخۆییەكەوەو هەم جەمسەربەندییە جیهانییەكەیشەوە، بەمەش عێراق بەرەو قەیرانی زیاتر دەچێت نەك كۆتایی قەیرانەكان لەڕێگای هەڵبژاردنی پێش وەختەوە.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا