كارەكتەری (تڕەمپ) وەك سەرۆكی ژمارە (45)ی ئەمریكا قسە زۆر هەڵدەكرێت، لەگەڵ دەستبەكاربوونیشی لە (كۆشكی سپی) ڕەوتی سپی پێستی نەژاد پەرست (White Supremacist) لەژێر سایەی چەتری (تڕەمپیزم)دا گەیشتە لوتكە، بە جۆڕێك ڕووداوەكانی چوارشەممەی ڕابردوو كڵپەی ئەم ڕەوتەی گەیاندە (ترۆپك) و خەریك بوو كۆنگرێسی ئەمریكاش بسوتێنێت، ئەم ڕووداوانەش هەموو جیهانی توشی شۆك كرد.
چاوەڕواندەكرێت ناوی (تڕەمپ) وەك یەكەم سەرۆكی تاكڕەوی ئەمریكا بچێتە ناو مێژوو، چونكە تڕەمپ توانی لە ڕێگای پڕۆسەی دیموكراسی ئەمریكاوە بگاتە ترۆپكی دەسەڵات و هەروەها توانی لە ڕێگای پڕاكتیزەكردنی مۆدێلێكی نا تەندروستی ناڕەزایی دەربڕین (لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان) ئەم سیستەمە بهەژێنێت، بەڵام هێرشكردنە سەر كۆنگرێس و بەزاندنی هێڵی سور، بوونە هۆی ڕاچڵەكاندنی داڕێژەرانی بڕیاری ئەمریكا، زۆربەیان گەیشتنە ئەو باوەڕەی كەوا پێویستە لە ڕێگای یاساوە بە توندترین شێواز ڕووبەڕووی ئەم ڕەوتە تێكدەرە ببنەوە و سنورێك بۆ ئەم شەپولە دژە دیموكراسیە دابنێن، ئەمەش لە پێناو پارستن و پتەوتركردنی سیستەمی دیموكراسی ئەمریكا كە بە دایكی كۆی سیستەمە (دیموكراسیەكانی جیهان) دەشوبهێنرێت، بۆیە لە ئێستادا دیموكراتەكان و كۆماریەكان لەهەوڵدان تاكو پەرژینێكی (قایمتر لە جاران) بە دەوری دیموكراسیەتی ئەمریكادا بكێشن، تاكو هیچ كارەكتەرێكی هاوشێوەی تڕەمپ جورئەت نەكات جارێكی تر شكۆی سیستەمی دیموكراسی ئەمریكا لەكەدار بكات و نەیارانی ئەم سیستەمەش دڵخۆش بكات.
لەم چوارچێوەیەدا لەلایەك لە سەر ئاستی ناوخۆی پارتی كۆماری، هەوڵی جدی لە ئارادان تاكو پارتەكەیان لەژێر چەپۆكی تڕەمپ دەربهێنن، چونكە هەڵسوكەوتەكانی تڕەمپ هۆكاری سەرەكی بوون نەك تەنها بۆ لە دەستدانی كۆشكی سپی، بەڵكو بۆ دۆڕانی (پارتی كۆماری) لە هەردوو ئەنجومەنی كۆنگرێس (پیران و نوێنەران)، ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە كۆمەڵێك كارەكتەری دیاری پارتی كۆماری نیگەران بوون لە هەوڵەكانی تڕەمپ بۆ قۆرخكردن و دەستبەسەرداگرتنی پارتی كۆماری، بەڵام ئەوكاتە سەركەوتوو نەبوون لە سنوداركرنی تڕەمپ.
لەلایەكی تریش لە سەر ئاستی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن هەوڵێك لە ئارادایە بۆ دوورخستنەوەی تڕەمپ لە كۆشكی سپی و كاراكردنی هەموواری (25)ی دەستوری ئەمریكا، بەڵام چونكە ئەم پڕۆسەیە كاتی دەوێت، لەوە ناچێت ئەم هەوڵانە بگەنە ئامانج، بۆیە تڕەمپ تا كۆتا ڕۆژەكانی خولەكەی واتە تاكو ڕۆژی چوارشەممە (2021/1/20) وەك سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی دەمێنێتەوە، ئەمەش وا دەكات ووڵاتانی نەیاری ئەمریكا تاكو (10) ڕۆژی تر دەستیان لەسەر دڵیان بێت، نەوەك تڕەمپ گۆبەندێك بنێتەوە و گورزێك بوەشێنێت، بەمەبەستی تاڵكردنی مانگی هەنگوینی (بایدن) لە كۆشكی سپی، ئەم نیگەرانیەش لەوە سەرچاوەی گرتووە كەوا هەڵسوكەوتەكانی تڕەمپ پێشبینی نەكراون، بەتایبەت لە ئێستادا بەهۆی دۆڕانی لە هەڵبژاردنەكان (سایكۆلۆژیای تڕمپ) ناجێگیر و توڕە دەردەكەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەر وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا هەموو دەسەڵاتێكی هەیە و كۆدی چەكی ئەتۆمیشی لەبەردەستە، بۆیە نیگەرانیەكان لە زیادبووندان.
لەبەرامبەردا بەهۆی ترسی تڕەمپ لە لێپیچینەوەی یاسایی دوای بەجێهێشتنی كۆشكی سپی، چاوەڕان دەكرێت لە كۆتا ڕۆژەكانی سەرۆكایەتیدا فەرمانی لێ خۆش بوون بۆ خۆی و بنەماڵەكەی دەربكات تاكو پارێزراو بێت لە هەر هەوڵێكی دادگاییكردن لە دوای نەمانی لە كۆشكی سپی.
لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە (واشنتن) ڕوویدا لە مێژووی دیموكراسی ئەمریكادا بێ وێنە بووە، ئەمەش وایكرد (تڕەمپ) كۆی پڕۆسەی دیموكراسی لە ئەمریكا و جیهاندا بخاتە ژێر تاقیكردنەوەیەكی سەخت و وێنەی ناشرینترین سەرۆكی ئەمریكا بۆ خۆی بكێشێت، بە جۆرێك ئەو هەوڵەی تڕەمپ وەك جۆرێك لە خۆكوژی سیاسی (Political Suicide) لەقەڵەم درا و بەم هۆیەشەوە دوا بزماری لە تابووتی ژیانی سیاسی خویدا، لەبەر ئەوەی ڕووداوە نەخوازراوەكانی كۆنگرێس بە هاندان و بانگهێشتی تڕەمپ ئەنجام دران، بۆیە چاوەڕووان دەكرێت دوای چەند ڕۆژێكی تر سەردەمی ژیانی سیاسی (تڕەمپ) بۆ هەتا هەتایە كۆتایی پێ بێت، بەڵام چاوەڕوان ناكرێت ڕەوتی (تڕەمپیزم) بەم نزیكانە بە كۆتا بێت!
كــارۆخ خــۆشناو
(سەرۆكی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریكی-كوردی)