پارتی خەونی چل ساڵەی ئەردۆغان بەدیدەهێنێت

پۆڵەتیک پرێس

ئەو شەڕ و پێکدادانەی لەئێستادا لەهەرێمی کوردستان لەنێوان پێشمەرگە و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا روودەدات، بووەتە جەنگێکی کراوە و براوەی تورکیا کە ماوەی چل ساڵە شکستیهێناوە لەبەدیهێنانی ئەم خەونە.

ئەردۆغان زۆر بەئاسانی کوردانی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامراز و سوتەمەنی ئەم جەنگە دژی پەکەکە و لاوازی دەسەڵاتی هەرێم و نەبوونی پاڵپشتی دەوڵەتی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئەم خەونە چل ساڵەیەی دەقۆزێتەوە.

ناکۆکی پەرەسەندووی نێوان هیزەکانی پێشمەرگە لەهەرێمی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان کە بە ژمارەیەک ناوچەی هەرێمدا بڵاوبوونەوەتەوە، رەنگە پێکدادانی بەرفراوانتری بەدوادابێت و ئەمەش دەبێتە بردنەوەیەکی چاوەڕواننەکراوی تورکیا کە هەمیشە ویستوویەتی کوردانی باشور وەک ئامرازێک لەجەنگەکەیدا دژی پەکەکە بەکاربهێنێت، کە ماوەی زیاتر لە چل ساڵە بەردەوامی هەیە و هێشتا نەیتوانیوە خەونی کۆتاییهێنان بەو رێکخراوە کوردییە بەدیبهێنێت.

لەهەمان کاتدا کە تورکیا سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بوو دژی پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، هەلێکی گەورە هاتە بەردەمی بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتدارانی هەرێم دژی پەکەکە، نەک تەنیا بەهۆی ئەوەی پەکەکە دەبێتە بارگرانی بەسەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێم، بەڵکو بەهۆی ئەو ئاستەنگە ئابووریە گەورانەی رووبەڕووی دەسەڵاتی هەرێم دەبێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە لەلایەن هێزە سیاسییەکان و میلیشیا چەکدارەکانی عێراق فشار دەخرێتەسەری.

ئەردۆغان زۆر بەئاسانی کوردانی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامراز و سوتەمەنی ئەم جەنگە دژی پەکەکە

بەشێک لەچاودێرانی دۆخی سەربازی و ئەمنی هەرێمی کوردستان دەڵێن، دەستوەردانی سەربازی تورکیا بۆ هەرێم دەبێتەهۆی زیادکردنی ناکۆکی نێوان کوردەکان و هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی هەرێم.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 5ی حوزەیران، لەچیای مەتینا لەسنوری پارێزگای دهۆك بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای توركیا و هێزەكانی پەكەكە و هێزێكی پێشمەرگە ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.

زۆرجار دەسەڵاتدارانی تورکیا عێراقیان تۆمەتبارکردووە بەوەی چالاکییەکانی پەکەکەی پشتگوێخستووە و هەر ئەمەش پاڵنەر بووە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەخاکی هەرێمی کوردستان.

وا دەردەکەوێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بێچارە بن لەبەردەم ئەو جەنگەی لەخاکەکەیاندا روودەدات، رۆژی سێشەممەش وەزارەتی پێشمەرگە لەبەیاننامەیەکدا داوای لەهاوپەیمانان و حکومەتی عێراق کرد سنور بۆ چالاکییەکانی پەکەکە دابنێن و بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە ناوچە سنورییەکانی هەرێم بپارێزن.

تورکیا دەیەوێت بەزەبر هاوکێشەی ئەمنی خۆی بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت

تورکیا دەیەوێت بەزەبر هاوکێشەی ئەمنی خۆی بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت لەڕێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانییەوە، دەشیەوێت دەسەڵات و لەشکرکێشییەکانی نەک تەنیا ناوچە سنورییەکان بگرێتەوە، بەڵکو بچێتە قوڵایی خاکی هەرێم.

تورکیا لەڕێی چەند دۆسیەیەکەوە هەوڵدەدات دەسەڵاتدارانی عێراق ناچاربکات تا هاوکاری بکەن و رازی بن بە بوونی هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق و هەرێم، لەسەروو هەموو دۆسیەکانیشەوە، دۆسیەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات.

لەئێستادا عێراقییەکان ترسیان هەیە لەوەی تورکیا هەوڵبدات وەکچۆن هێزەکانی بردە خاکی رۆژئاوای کوردستان و لەوێ جێگیریکردن، هەمان هەنگاو لەهەرێمی کوردستانیش بنێت و دەسەڵاتی خۆی تیایدا بچەسپێنێت و دژی ئەو پێکهاتە و هێزە کوردیانە مامەڵە بکات کە وەک رێکخراوی تیرۆرستی لەقەڵەمیداون.

چەند سەرچاوەیەکی عێراقیش دەڵێن، وادەردەکەویت تورکیا لەناو قوڵایی خاکی کوردستاندا شریتی ئەمنی خۆی بنیادبنێت، بەتێڕوانین لەئەزموونەکانی پێشووی حکومەتەکەی ئەردۆغان لەسوریا و تەنانەت لەعێراقیش، پێناچێت هێزەکانی لەم خاکە بکشێنێتەوە.

 

سەرچاوە: العرب

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا