پارتی گومانی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەیە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێت، پرسیار و گومانەكان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق زۆرن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێك بە فەرمی داوای كشانەوەی لە هەڵبژاردنەكە پێشكەشی كۆمسیۆن نەكردووە، باس لەوەشدەكات پارتی لەسەر ئاستی هەموو ئۆرگانە حزبییەكان دەستی بە ئامادەكاری كردووە بۆ هەڵبژاردنی 10/10/2021.

عەدنان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك_گەرمیانی پارتی دیموكرات بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: هەرچەندە سێ‌ لایەنی سەرەكی بڕیاریانداوە بایكۆتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بكەن، بەڵام بەپێی قسەی كۆمسیۆن بێت هیچ لایەنێكی سیاسی بە فەرمی داوای پێشكەش نەكردووە كە ئەكشێتەوە، تەنها لە رووی میدیاییەوە كشانەوەی خۆیان راگەیاندووە، تا ئێستاش هیچ لایەنێكی كوردی باسی ئەوەی نەكردووە لە هەڵبژاردن ئەكشێتەوە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی وتی: ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی جێگای پرسیارە، چونكە هەندێك ئاماژە هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە لەوانەش تا ئێستا چەك لە دەستی هێزە میلیشیاكاندایە و زەمینەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە ئارادانییە، لێدوانی هەندێك لایەنی سیاسیش هەیە كە باس لەوەدەكەن ئەم هەڵبژاردنە هیچ گۆڕانكارییەكی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ناكات، متمانە بە هەڵبژاردنەكە زۆر لاواز دەكات، دانیشتووانی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش ساردییەكیان پێوە دیارە و ئامادەنین بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەن.

وتیشی: پارتی لەسەر هەموو ئاستە حزبییەكان ئامادەكاریكردووە بۆ هەڵبژاردن، پێشبینیش دەكەین ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە لە ساڵی 2018 زیاتر دەبێت، بەوپێیەی خەڵك متمانەی بەم حزبە هەیە و تاكە حزبیشە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستانیش كێشەی ناوخۆیی نیە، گەشبینیش بەوەی پارتی ئەمجارەش دەتوانێت بە سەركەوتوویی لەم پرۆسەیە دەربچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا