پۆڵەتیك پرێس
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 23ى ئایار لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی پێشوازی كرد لە پڕۆفیسۆر عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانانی موسڵمان و شاندێکی هاوبەشی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی لە کوردستان، لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا دەربارەی پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو ئاستەكان و پێویستی بەردەوامی دیالۆگی ڕاشكاوانە و بنیادنەرانە لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكان.
لە دیدارەکەدا کە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، گفتوگۆكرا دەربارەی پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو ئاستەكان و پێویستی بەردەوامی دیالۆگی ڕاشكاوانە و بنیادنەرانە دووپاتكردەوە لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكان و وەلانانی ناكۆكییە سیاسییەكان و دووركەوتنەوە لە خۆسەپاندن و بەكارهێنانی زمانی زبر و یەكتر تۆمەتباركردن.
لای خۆیەوە هاوسەرۆكی یەكێتی پەرۆشی و ئامادەیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی دووپاتكردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەكان بەو جۆرەی كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان بكات و بنەمای هاوبەش و شەراكەتی ڕاستەقینەی تێدا ڕەچاو بكرێت.
ستایشی هەوڵ و كار و چالاكییە بەردەوامەكانی پڕۆفیسۆر د.عەلی قەرەداغی كرد بۆ داكۆكیكردن لە داوا ڕەواكانی گەلەكەمان لە كۆڕ و كۆبوونەوەكانی جیهانیی ئیسلامیدا.