ئەوەی ئەردۆغان لێیدەترسا، لەڕاپرسییەکدا ڕوویدا

پۆڵەتیک پرێس

راگەیاندنی دامەزراندنی پارتی “نیشتیمان” لەلایەن موهەرەم ئینجە، کاندیدی پێشووی سەرۆکایەتی، لێدانێکی نوێ بوو بۆسەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان، بەتایبەتی ئینجە کە بەر لەچەند مانگێک لەپارتی کۆماری گەلان کشایەوە کە پێشتر زیاتر لە %30 دەنگی دەنگدەرانی هەڵبژاردنی 2018ی تورکیای بەدەستهێنابوو.

بنکەکانی توێژینەوە و راپرسی تورکیا ئاشکرایان کرد، ژمارەی دەنگەکانی هاوپەیمانییەکەی ئەردۆغان و دەوڵەت بەهجەلی کە سەرکردایەتی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا دەکات، بۆ %32 کەمیکردووە، لەکاتێکدا ئەم ژمارەیە لەساڵانی رابردوودا %50 بوو.

هاوکات لەپاڵ ئینجە، پێشکەوتنی ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ و مەنسور یافاش، سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە، کە هەردووکیان سەربە پارتی کۆماری گەلانن، مەترسییەکی دیکەیە بۆسەر داهاتووی پارتی باڵادەست لەتورکیا و بەپێی دوایین ئاماری دامەزراوەی ئابووری ئیستانبوڵ بۆ توێژینەوە و راپرسی هەردووکیان پێش ئەردۆغان کەوتوون.

بەپێی ئەو راپرسییە کە لەژێر ناوی “راپۆرتی تورکیا” بڵاوکراوەتەوە، %51.4ی بەشداربووان لەهەڵبژاردنی هاوینی 2023ی تورکیا لەبەرژەوەندی ئیمام ئۆغلۆ دەنگدەدەن و %39.9 لەبەرژەوەندی ئەردۆغان.

هاوکات بەپێی ژمارەکانی هەمان راپۆرت کە تیایدا چاوپێکەوتن لەگەڵ هەزار و 506 کەس لە 12 کەرتی جیاوازی تورکیا کراوە، سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە %52.5ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و لەبەرامبەردا %38.1ی دەنگەکان لەبەرژەوەندی ئەردۆغان دەبن.

جەماوەری هاوپەیمانی باڵادەست پاشەکشەی کردووە

ئەم ژمارانەی لەراپۆرتەکەی دامەزراوەی ئیستانبوڵدا هاتوون نزیکن لەوەی کەمال ئۆزکیراز، بەڕێوەبەری ناوەندی ئۆراسیا ئاشکرایکردوون، لەوبارەیەوە ئۆزکیراز دەڵێت: ئەو ژمارانەی لەڕێی راپرسی مانگی رابردووە پێیگەیشتووین کە بەهەماهەنگی لەگەڵ شەش ناوەندی توێژینەوەی تورکیا ئەنجامماندا دەریانخستووە جەماوەری هاوپەیمانی باڵادەست پاشەکشەی کردووە.

بەپێی قسەی ئۆزکیراز، هاوپەمانییە باڵادەستەکەی تورکیا لەهیچ کام لەراپرسییەکاندا کە ئەنجامیانداوە نەیتوانیوە زیاتر لە %32ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

بەپێی راپرسییەکانی ناوەندی ئۆراسیا، پارتی کۆماری گەلان %26ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەدوای ئەویش پارتی “خێر”ی نەتەوەپەرست دێت کە %14ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەدوای ئەوانیش پارتی دیموکراتی گەلان لەپلەی سێیەمی ریزبەندی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا دێت کە %10.5ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، پاشان پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا دێت کە %7.9ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ئەم رێژەیەش رێگەپێدراو نییە بۆ چوونەناو پێشبڕکێی هەڵبژاردن ئەگەر لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدار لەهاوپەیمانێتیدا نەبێت.

هەر بەپێی ئەو راپرسییە، پارتی دیموکراسی و بنیادنان بەسەرۆکایەتی عەلی باباجان، وەزیری پێشووی تورکیا %2.5ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و پارتی “ئایندە”ش بەسەرۆکایەتی ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا %1.7ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

رێژەی دەنگی پێشبینیکراو بۆ هاوپەیمانی باڵادەست یەکسانە بەو رێژەیەی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن بەدەستیبهێنێت

ئۆزکیراز ئەوەشی خستەڕوو، رێژەی دەنگی پێشبینیکراو بۆ هاوپەیمانی باڵادەست یەکسانە بەو رێژەیەی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن کە تەنیا لەدوو پارت پێکهاتووە و پێشبینی دەکرێت لەهەڵبژاردنی داهاتوو بەدەستیبهێنێت، وتیشی: پارتە نوێیەکانی دیکە کە لەدەرەوەی ئەم دوو هاوپەیمانییەن، رۆڵی سەرەکیان دەبێت لەدیاریکردنی براوە، لەنێویشیاندا پارتەکانی عەلی باباجان و داود ئۆغلۆ و ئەو پارتە گەورەیەی لەدەرەوەی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆندایە  و هاوسۆزی بۆ کوردەکان هەیە.

لەساڵی 2018 هاوپەیمانی باڵادەستی تورکیا %54ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو وڵاتە لەوانەش، قەیرانی ئابووری و پاشەکشەی لیرەی تورکی و تێکچوونی پەیوەندییە دەرەکییەکانی تورکیا، ئەم هاوپەیمانییە بەپێی راپرسی ناوەندەکانی تویژینەوەی تورکیا زۆرێک لە دەنگەکانی لەدەستداوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا