پارتی چۆن لەکوشتنی قاسم سولەیمانی بەشدار بوو؟

پۆڵەتیک پرێس

ماڵپەڕی یاهو نیوز راپۆرتێکی بڵاوکردەوە تیایدا زانیاری نوێ لەبارەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس ئاشکراکراوە کە لە 3ی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرایەئامانج.

بەپێی راپۆرتەکەی یاهو نیوز، قاسم سولەیمانی بەفەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەبەشداری سێ هێزی سەربە سوپای ئەمریکا ناسراو بە هێزی دەلتا کوژرا، ئەندامانی ئەم هێزانە لەفڕۆکەخانەی بەغدا بەدەر لەپۆشاکی سەربازی پۆشاکی کارمەندانی فڕۆکەخانەیان لەبەردایە و لەبینای کۆن و ئۆتۆمبێلی پارککراودا شوێنی خۆیان گرتووە.

ئەو راپۆرتە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر هێزەکانی ئەمریکا حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی بەشی باشوری رۆژهەڵاتی فڕۆکەخانەی بەغدا دابخەن بەمەبەستی ئەنجامدانی راهێنانە سەربازییەکانیان، هەر لەو شەوەدا فەرماندەی هێزە تایبەتەکان و هێزەکانی پشتیوانی لەباڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا ئامادە بوون و راستەوخۆ لەڕێی کامێرای یەکێک لەقەناسەکانەوە بینەری رووداوەکە بوون.

لەلایەکی دیکەوە راپۆرتەکە باس لەوەدەکات، دژە تیرۆری کوردستان لەڕێی پێدانی زانیاری ناوخۆیی و دیاریکردنی ناسنامەی قاسم سولەیمانی لەنزیکەوە هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا بوون، سەرباری هێزە سەربازییە جێگیرە زەمینییەکان سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی بەسەر ناوچەکەدا لەفڕیندا بوون.

ئەوەش هاتووە، قاسم سولەیمانی لەو ماوە کەمەیدا لەفڕۆکەخانەی دیمەشقی پایتەختی سوریا کە هەمووی شەش سەعاتێک بوو، سێ جار مۆبایلەکەی گۆڕیوە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هیزەکانی ئەمریکا بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل لەتەل ئەبیب توانیویانە ژمارەی مۆبایلەکانی سولەیمانی دیاریبکەن.

لەبارەی ساتەوەختی بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی، راپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، دوو ئۆتۆمبێلەکەی ئەرکی گواستنەوەی سولەیمانیان لەسەربوو چوونە ناوچەیەکی دیاریکراوی دەرەوەی فڕۆکەخانەی بەغدا، ئەوەبوو یەکێک لەفڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دوو موشەکی ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکەی سولەیمانی کرد.

باس لەوەش دەکات، ئۆتۆمبێلی دووەم هەوڵیدەدا هەڵبێت بەڵام دوای بڕینی نزیکەی 100 مەتر هێزەکانی دەلتا تەقەیان لەئۆتۆمبێلەکە کرد و ئەوەبوو موشەکێکی دیکە لەڕێی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەوە ئاراستەی ئۆتۆمبێلی دووەمیش کرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا