تورکیا بۆ سەر هەرێم یان پەکەکە هاتووە؟

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا پاساوەکەی بوونی پەکەکەیە لەناو خاکی هەرێم، بەڵام ئامانجی توركیا زۆر لەوە گەورەترە.

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا پاساوەکەی بوونی پەکەکەیە لەناو خاکی هەرێم، بەڵام ئامانجی تورکیا لەو هێرش و ئۆپەرۆاسیۆنانەدا زۆر لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە گەورەترە هۆكارەكەشی دەخاتەڕوو.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی وتی “ئەو هەموو هێز و توانا سەربازی و داراییانەی لە باشوور خەرجی دەکات، ئەگەر نیو ئەوەندەی لەناو سنوورەکانی خۆی خەرج بکا دەتوانێ بە شێوەیەک کۆنتڕۆڵی سنوورەکە بکات، کە مێروولە نەتوانی لێی دەرباز بێ، دەوڵەتی تورکیا نایشارێتەوە کە ساڵی ٢٠٢٣ کۆتایی بە ڕێککەوتننامەی لۆزان دێ و ئەو کاتیش بە پێی میساقی میللی دەستبەسەر ویلایەتی موسڵدا دەگرێتەوە.

بەوتەی ئارێز عەبدوڵا زۆر دەمێکە تورکیا لەناو خاکی هەرێم ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکا، بەڵام ئێستا شێواز و ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکان گەورەتر و فراوانتر بووە و کاربەدەستە گەورەکانیشیان نایشارنەوە کە بنکەی هەمیشەیی لەهەندێک شوێنی ستراتیژی بادینان دادەمەزرێنن، بەو ئۆپەراسیۆنانە خەڵکێکی زۆر ئاوارە و دەربەدەر دەبن، بەو هۆیەشەوە هەم باری حکومەتی هەرێم گرانتر دەبێ و هەمیش لێدانێکی گەورەیە لە ژێڕخانی ئابووری وڵات.

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی نایشارێتەوە كە مانەوەی هێزەکانی تورکیا کاتیی نییە، بەڵکو هەمیشەییە و دەیەوێ ئەو کارتە فشارەی هەر لە دەستدا بمێنێتەوە بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە لە عێراق ڕووبدا، ئەگەر هیچ پێشهاتێکیش نەهاتەدی ئەو ناوچانە لە بەرامبەر دەستکەوتی گەورەتر ڕادەستی دەوڵەتی عێراق دەکاتەوە، نەک حکومەتی هەرێم.

دەشڵێت “لەبەر ئەو هۆکارانە من پێم وایە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا ئەوەندی دژی حکومەتی هەرێم، عێراقی فیدراڵی و ئایندەی هەرێمی کوردستانن نیو ئەوەندی دژی پەکەکە نین”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا