گرنگی هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتی و گۆڕان ئاشكرادەكرێت

ئەم بابەتە 71 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان بە گرنگ ناودەبات و دەڵێت “هەنگاوی یەکەمی قۆناغێکی نوێی کاری هاوبەش و پێکەوەییە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی”.

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: “ئەو هاوپەیمانێتیەی لە نێوانی یەكێتی و گۆڕان كراوە زۆر گرنگە، خۆزگە هەموو لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ئاستی ناوچە دابڕێندراوەکان لە ژێر یەک ناونیشان بەشداریمان دەکرد، بەڵام نەکرا”.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی وتیشی “هاوپەیمانێتی نێوان یەکێتی و گۆڕان گرنگە، چونکە هەمیشە کاری هاوبەش و پێکەوەیی ئەنجامی باشتری دەبێ، دەبێتە هۆی لەیەکتر نزیکبوونەوەی زیاتری سەرکردایەتیی و بنکە جەماوەرییەکەی هەردوولا، هۆکارێک دەبێ بۆ ڕاستکردنەوەی پارسەنگ و درووستکردنەوەی هاوسەنگی سیاسی”.

بەوتەی ئارێز عەبدوڵا هاوپەیمانێتییەكە هۆکارێک دەبێ بۆ سەقامگیریی و بە هێمنی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردن، هۆکارێک دەبێ بۆ یەکدەنگیی و یەک هەڵوێستی لە بەغدا، بنەمایەکی گرنگە بۆ درووست کردنی بەرەیەکی گەورەتر لە سەر ئاستی عێراق.

لە رۆژی یەكی ئایاری ئەمساڵ لە دواین وادەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ تۆماركردنی ناوی حزب و قەوارە سیاسییەكان و كاندیدی حزب و قەوارەكان، یەكێتیی نیشتمانیی و بزوتنەوەی گۆڕان بە هاوپەیمانێتییەك بەناوی هاوپەیمانی كوردستان بەشداری كردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق راگەیاند و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتیەكە دەكات.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک