پۆڵەتیك پرێس
سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، هەرێمی كوردستان پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختەیە و حكومەتی هەرێمیش توانای چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان و قەیرانەداراییەكانی نەماوە و پێویستە هەڵبوەشێتەوە.
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: وەك چۆن بارودۆخی عێراق پێویستی بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دروستكردنی حكومەتێكی نوێ لە داهاتودا، بەو شێوەیەش هەرێمی كوردستان پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تووشی قەیران بووە و ناتوانێت كێشەكان چارەسەربكات.
وتیشی: پێویستە لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت و حكومەتێكی دیكە پێكبهێنرێت تا بتوانێت كێشەكان چارەسەربكات لەبەر ئەوەی حكومەتی ئێستای هەرێمی كوردستان ناتوانێت قەیرانەسیاسییەكان لەناو هەرێم و لەگەڵ عێراق و قەیرانە ئابورییەكان بەگشتی چارەسەبكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاوێكی دیموكراسییە لە جیهاندا و بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەت پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبردرێت بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو هەنگاوە نەبووەتە نەریت ئەوەش ئەنجامدانی ئەو كارەی قورسكردووە.