پۆڵەتیك پرێس
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ستایشی ڕۆڵ و پێگەی دیار و كاریگەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە یەكڕیزی و تەبایی و پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراقدا كردەوە و رایگەیاند: سەرۆكی هەرێم و هاوسەرۆكانی یەكێتی هاوڕابوون لەسەر هاریكاری و هەماهەنگی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان لە پێناو نەهێشتنی ناكۆكییەكان و هێنانەدی یەكدەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكا.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: لە بەردەوامیی سەردانیدا بۆ سلێمانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 4_5_2021، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هاوسەرۆكان و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووەوە.
ئەوەش خراوەتە روو، لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی، جەختی لە بەرپرسیاریەتی و ڕۆڵ و پێگەی دیار و كاریگەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یەكڕیزی و تەبایی و پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراقدا كردەوە.
باسلەوەشكراوە، لای خۆیانەوە هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو پشتگیرییەكی یەكێتییان بۆ هەوڵ و هەنگاوەكانی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە پێناو نەهێشتنی ناكۆكییەكان و هێنانەدی یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی و یەكڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستاندا دووپات كردەوە.
هەنگاوەكان بۆ ئامادەكردنی دەستووری هەرێمی كوردستان، دۆخی هەرێمی كوردستان بەگشتی، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانیان، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و كۆمەڵێك بابەتی جێی بایەخی هاوبەش، چەند تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكەی رۆژی سێشەممەی سەرۆكی هەرێم و هاوسەرۆكانی یەكێتی بوون.