سەرکردەیەکی یەکێتی بۆ مەسرور بارزانی: سەدام و قەزافیش ڕەخنەیان قبوڵ نەبوو بەڵام ئێستا ئەوان دەزانی لە کوێن؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت، روونكردنەوە و كاردانەوەكەی نووسینگەی سەرۆكی حكومەت بەرامبەر راپۆرتی رۆژنامەنووسێكی بیانی و هەڵبەستنی تۆمەت بۆ خێزانی پەرلەمانتارێك وادەكات، خەڵك متمانەی بە دەسەڵات نەمێنێت، دەسەڵات ئەگەر نهێنیشی لابێت دەبێت بیان پارێزێت نەك بێت بۆ مەبەستی تایبەت بڵاویان بكاتەوە.

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: من هەواڵەكەم خوێندەوە بەڵام ناتوانم بڵێم راستە یان نا، چونكە ئەگەر راست بێت ئەبێت پێی بڵێین چۆن؟ ئەبێت سەرچاوەكەی دیار بێت ئەگەر راستیش نەبێت سەرۆكی حكومەت دەتوانێت بە رێكاری یاسایی بەرگری لە خۆی بكات.

ئارێز عەبدوڵا وتی: من قسەم لەسەر روونكردنەوەكەی نووسینگەی سەرۆكی حكومەت هەیە، لەو روونكردنەوەیەدا باس لە پەیوەندی هاوسەری یەكێك لەو ئەندام پەرلەمانانەی خولی پێشوو دەكات لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسە بیانییە، راستە ناو نەهاتووە، بەڵام ئاماژەی تێدایە، ئەگەر ناویش نەهاتبێت و ئاماژەشی تێدانەبێت ناكرێت نووسینگەی سەرۆكی حكومەت پەنا بۆ ئەو جۆرە رێكارانە ببات بۆ وەڵام دانەوە.

وتیشی: ئەو جۆرە تۆمەتانە دەچێتە خانەی شەرەف، ئەوەش گرتن و كوشتنی لەسەرە و زۆر قورسە، هاوكات وادەكات هیچ هاووڵاتییەك متمانەی بە دەسەڵاتەكەی خۆی نەمێنێت، دەسەڵات ئەگەر نهێنیشی لابێت دەبێت بیان پارێزێت نەك بێت بۆ مەبەستی تایبەت بڵاویان بكاتەوە.

باسی لەوەشكرد، سەرۆكی حكومەت ئەیتوانی لەرێگەی كاری یاسایی ئەو تۆمەتەی لەسەریەتی یەكلایی بكاتەوە، بەڵام ئەو پەلاماری داوە، ئەو پەلاماردانە بۆ هەركەس بێت كارێكی نەگونجاوە چونكە زۆر مەترسیدارە.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەی بەوەكرد، بەداخەوە لە هەندێك پەیج و دەزگای فەرمی دوای ئەو نووسینەم لە فەیسبوك لەسەر ئەو بابەتە، هێرشێكی ناڕەواش كراوەتە سەر من، لە كاتێكدا دەڵێم تۆمەت هەڵمەبەستن و ناوی خەڵك مەزڕێنن و پەنا بۆ یاسا ببەن ئێوە دەسەڵاتن، بەپێچەوانەوە ناوی منیشیان زڕاندووە و درۆ و بوختانیان بۆ هەڵبەستووم .

روونیشیكردەوە، من یەك شت دەڵێم هەموو ئەو دەسەڵات و سەرۆكانەی كە رێگەیان نەدەدا رەخنەیان لێبگیرێت ئێستا لەكوێن، سەددام حسێن، لیبیا، سوریا، یەمەن، یەكێتی سۆڤیەت لە كوێن؟ ئەوانەی هێرشیان كردووەتە سەرمن بەناوی بەرگریكردن لە حكومەت تەمەنی حكومەت كەم دەكەنەوە.

رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەمەریكی بەناوی (The American prospect) راپۆرتێكی (بنكۆڵكاری) بەناونیشانی (دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی… پاشماوەی گەندەڵی لە عێراقەوە بۆ میامی) بڵاوكردۆتەوە، تیایدا ئاماژە بە كڕینی موڵكێك كراوە بە بەهای (18 ملیۆن) دۆلار، كەتیایدا هاتووە خاوەنە راستەقینەكەی مەسرور بارزانیە، ئەمەش كاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا و لە وەڵامی ئەو راپۆرتەشدا نووسینگەی سەرۆكی حكومەت تۆمەتی بۆ هاوسەری یەكێك لە ئەندام پەرلەمانەكانی خولی پێشووی پەرلەمان هەڵبەست، گوایە پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەنووسەكە هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا