په‌كه‌كه‌: پارتی ده‌یه‌وێت 31ـی ئاب له‌شه‌نگال دووباره‌ بكاته‌وه‌

پۆڵه‌تیك پرێس:
زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “ئەوەی کە تورکیا نەیتوانی بە رێگای داعش و پارتی بە سەر ئێزدییەکاندا بهێنێت، ئێستا دەیەوێت بە ڕێگەی سوپای عێراقەوە ئەنجامی بدات”.

زاگرۆس هیوا تایبه‌ت به‌ پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “ئێمە وەکو په‌كه‌كه‌ کاتێک کە سوپای عێراق و هێزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر داعش هەڵاتن و 5 هه‌زار ژن و کچی ئێزیدیان تەسلیم بە داعش کرد و زیاتر لە 10 هه‌زار کەسیشیان بۆ له‌سێداره‌دانی داعش بە جێیهێشت، بە هانای شەنگال و ئێزدییەکانەوە چووین و بە سەدان هەزار کەسمان رزگار کرد و نەمانهێشت داعش دەست بە سەر شەنگالدا بگرێت، لەم پێناوەشدا بە سەدان هەڤاڵی په‌كه‌كه‌ گیانی خۆی بەخت کرد، ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠١٥شدا پێشەنگایەتیمان کرد بۆ رزگار کردنی شەنگال. ئەو کاتەی کە مەسعود بارزانی لە لێدوانی راستەوخۆدا پێنج کیلۆمەترە لە ناوەندی شەنگالەوە دوور بوو، بانگەشەی دەکرد کە گوایە تەنیا من بووم شەنگالم رزگار کرد، له‌كاتێكیشدا ئاڵای په‌که‌که‌ لە سەر سایلۆی ناو شەنگال لە پشت سەری ئەوەوە دەشەکایەوە”.

وتیشی “پاش ئەوەی کە دڵنیابووین خەڵکی شەنگال بە پشتبەستن بە هێزی خۆی دەتوانێت خۆی بپارێزێت و خۆی بەڕێوەببات، لە ساڵی 2018دا بە شێوەیەکی فەرمی و لەبەرچاوی کامێراکانی راگەیاندنی هەموو دونیاوە هێزی گەریلا لە شەنگال کشایەوە، ئێستا هێزی گەریلای په‌كه‌كه‌ لە شەنگال بوونی نییه‌، ئەوەی هەیە هێزی خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبردن و ئاسایشی شەنگالە و هەموویان ئێزدین و کوردی باشورن، ئەمانە لە بواری فیکریدا لەو کەسانە کاریگەربوون کە لە کاتی تەنگانە و تەنیایی و ئازار و بێکەسی دا بە هانایانەوە چوون و رزگاریان کردن. ئەمەش شتێکە سروشتییە. خۆ قابیلە بکەونە ژێر کاریگەری فیکری ئەو کەسانەی کە هەڵاتن”.

زاگرۆس هیوا پێیوایه‌ پارتی لێپرسینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ بیروبۆچوونێكی جیاوازی له‌حزبه‌كه‌ی هه‌یه‌ و ده‌ڵێت “لێرەدا ئەوەی کە پارتی بە فیتی تورکیا، دەیەوێت بە سەر شەنگالدا بیسەپێنێت، سڕینەوی بیروبۆچوونی رێبەر ئاپۆیە لە ناو ژیانی خەڵکی شەنگالدا، ئەمە هەمان زیهنییەتی دادگای بیروڕایه‌ کە لە سەردەمی چاخی ناویندا خەڵکی بە بۆنەی بیر و بووچوونیەوە سزا دەدا، دەیانەوێت خەڵکی شەنگال واز لەو بیروبووچوونە بێنێت، جێگەی سەرسوڕمانە کە بەڕێز پلاسخارتیش وەکو نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان هەمان زیهنییەتی ئەم دادگایە لە دوای سەردانی پاپا بە سەر ئێزدییەکاندا دەسەپێنێت و پشتیوانی پارتی و تورکیا دەکات”.

له‌باره‌ی ڕێككه‌وتنی حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێی كوردستان له‌باره‌ی شه‌نگاله‌وه‌ زاگرۆس هیوا وتی “ئەم رێکەوتنەی شەنگال گەمەیەکی پارتی و تورکیا و پلاسخارتە، پێویستە دەوڵەت و حکوومەتی عێراق وشیاری ئەم پلانەی پدک و تورکیا بن، پارتی و تورکیا بە پاڵپشتی پلاسخارت دەیانەوێت گەلی ئێزدی و دەوڵەتی عێراق بە گژ یەکدیدا بەن و جارێکی دی کۆمەڵکوژی بە سەر ئێزدییەکاندا بهێنن”.

وتیشی، “ئەوەی کە تورکیا نەیتوانی بە رێگای داعش و پارتی بە سەر ئێزدییەکاندا بهێنێت، ئێستا دەیەوێت بە ڕێگەی سوپای عێراقەوە ئەنجامی بدات، سوپای ئێراق پێویستە ئاگاداری ئەم گەمە چەپەڵە بێت، گەلی ئێزدی بڕیاری داوە ئیرادە و هەبوون و دامەزراوەکانی خۆی بپارێزێت، لە سەر شانی هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازە کە پشتیوانی ئەم بڕیارە بێیت.

به‌وته‌ی زاگرۆس هیوا، “ئەوی کە پارتی دەیەوێت بە سەر شەنگالدا بیهێنێت، هەمان شتە کە لە 25 ساڵ لەمەو پێش بە سەر هەولێردا هێنای، لە 31 ئابدا، ئەو کاتە سوپای عێراقی هێنایە سەر هەولێر، ئیستاش دەیەوێت هەمان سوپا، سوپاکەی ئەردۆغانیشی لەگەڵدا، بباتە سەر شەنگال، ئەگەر شەنگال و گەلی ئێزدی جارێکی دی رووبەڕووی مەترسی فەرمان و کۆمەڵکوژی ببێتەوە، ئەرکی هەر هێز و لایەنێکی کوردییە کە بە هانایانەوە بچێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا