جەستەی دوو لە قوربانیانی رووداوی داڕمانی پردەکەی بالتیمۆر لە ئەمریکا لە ئاو دەرهێندران

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

تەرمی دوو لەو کەسانە دەرهێندران کە بەهۆی رووداوی داڕمانی پردەکەی بالتیمۆر لە ئەمریکا کەوتبوونە ناو رووباری Patapsco و گیانیان لەدەستدابوو.تەرمەکان لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری ”پیکئەپ” گیریان خواردبوو و لەکاتی پێکداکێشانی کەشتییەکە بە پردەکە، کەوتبوونە ناو دەریاکە و خنکابوون.

رۆژی چوارشەممە، تیمەکانی مەلەوانیی ژێردەریایی فریاکەوتنی شاری بالتیمۆر لە ویلایەتی ماریلاندی ئەمریکا، گەڕان و پشکنینیان بەشوێن 6 کەس دەستپێکرد کە گومانی ئەوەیان لێدەکرا لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدابێت.

پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر رووداوەکەدا لە بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممەدا، تیمەکان تەرمی دوو لەو کەسانەیان دۆزیەوە کە کەوتبوونە ناو ڕووبارەکە و بەمردوویی لەناو ئۆتۆمبێلێکی ”پیکئەپ”ـی رەنگ سووردا دۆزرانەوە، بە ووتەی رۆلاند بەتڵەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی ویلایەتی ماریلاند، “ئەو دوو کەسە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا گیریانخواردبوو و خنکاون”.

ناسنامەی دوو قوربانییەکە بە ئەلیخاندرۆ فوێنتێس‌ی تەمەن 35 ساڵ‌و دۆرلیان کاستێلای تەمەن 26 ساڵان ئاشکراکراوە.

پۆلیس دەڵێت شەش هاوڵاتیی دیکە کە لەکاتی رووداوەکە لەسەر پردەکە کاریان کردووە ”بە مردوو لەقەڵەمدراون” و هێشتا تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.

بە ووتەی پۆلیس 8 کەس لەکاتی رووداوەکە لەسەر پردەکە بوون و 7 لەوانە کارمەندی کۆمپانیای بیناسازیی ”براونەر بیڵدەرز” بوون کە تەنها یەک کەسیان رزگاری بووە و شەش کرێکارەکەی دیکە گومانی گیان لەدەستدانیان لێدەکرێت.

بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە (26-3-2024) بە کاتی ناوخۆیی وڵاتەکە، کەشتییەکی بارهەڵگری زەبەلاحی خۆی بە پردی فرانسیس سکۆت لە شاری بالتیمۆری ویلایەتی ماریلاند دا کێشا و پردەکە بە تەواوەتی داڕما.

پردی فرانسیس سکۆت درێژییەکی زیاترە لە 2.5 کیلۆمەتر و لەسەر رووباری ”پاتاپسکۆ” لە نزیک بەندەری بالتیمۆر درووستکراوە، یەکێکە لە پردە بەناوبانگ و گرنگەکانی شاری بالتیمۆر لە ویلایەتی ماریلاندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، لەئەنجامی بەرکەوتنی بە کەشتییەکی زەبەلاحی بارهەڵگر، بەتەواویی داڕما.

زانیارییە سەرەتاییەکان پاش رووداوەکە ئاماژەیان بەوەکرد، هۆکاری رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی ئاراستەکردنی کەشتییەکە لەلایەن تیمی دەریاوانی سەر کەشتییەکە و سەرەنجام خۆی بە پردەکەدا کێشاوە و بەشێکی زۆری تێکشکاند، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل کە لەو کاتەدا بەسەر پردەکەدا دەڕۆشتن، لە ئەنجامی بەرکەوتنی کەشتییەکە کەوتنە ناو رووبارەکە و چارەنووسی بەشێک لە شۆفێرەکانیان نادیارە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا