قوباد تاڵەبانی لەسەر ڕێگا ڕاستەكەیە

هەموو جارێ كە دەمەوێ شتێك بنووسم سەبارەت بە كارێكی چاك یان گرنگیی كەسێكی سیاسیی، ناچارم ئەمە بنووسم: كە هیچ بەرژەوەندییەكی ئابووریی و سیاسیم لەگەڵ ئەو شەخسەدا نییە. نەك هەر ئەوە بەڵكو مننەتم بە هیچ مەكانەتێكی ئەو نییە. بۆ قوبادیش ئەم شتە وایە.

بەڵام ئەو مانۆڕە دیپلۆماسییەی قوباد تاڵەبانی لە دوو مانگی رابردوودا كردی لە بەغدا، یەكێكە لەو ڕێگا ڕاست و دروستانەی دەبوو هەرێمی كوردستان لە 2017ـەوە بیكردایە، رێك دوای شكستی ریفراندۆم و ئابڕووچوونی16ی ئۆكتۆبەر.

ماوتسی تۆنگ وتوویەتی: شۆڕشگێڕ دوژمنەكەی بە چاكی بناسێ، زۆر محاڵە شكست بێنێ. لە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید بەدواوە، كورد لە عێراق شكست و كارەسات لەدوای شكست و كارەساتی بەسەردا دێت، بەشی هەرە گەورەی ئەم شكست و كارەساتانە پەیوەندی بەوەوە هەیە، كورد دوژمنەكانی خۆی لە بەغدا نەناسیوەو و ناناسێ!

هەمیشە بە پشتیوانی ئێران و توركیا و ناوبەناویش سوریا، كوردی باشوور كاتێ هەنگاوێكی گرنگ چووبێتە پێشەوە، بێمننەتانە و لوتبەرزانە لەگەڵ بەغدا جوڵاوەتەوە. كەچی كۆتایی ئەم سەركەوتنانە بە ئێسقان شكاندنی كورد تەواو بووە!

نزیكبوون لە بەغدا بەمانای نزیكبوونەوە نییە لە بەهەشت، بەڵام دووركەوتنەوە لە بەغدا رێك ئێمەی فڕێداوەتە ناوەڕاستی دۆزەخەوە.

بەغدا وەكو پایتەخت، سەد ساڵی رێكە شوێنی بڕیاردانە لە قەتڵوعام و وێرانكردنی كوردستان، شوێنی نەخشەكێشانی سڕینەوەی ناسنامەی كوردبوونە، كەچی لە هەمانكاتا كەڤەری ناسنامەی ئێمەیە بەڕووی جیهاندا!!

وەك نەتەوەو وەك ئینسان، زۆر ناخۆشە ئەو پایتەختەی دەتكوژێ و ناسنامەت هەڵدەتەكێنێ، كەچی دنیا بەوەوە بتناسێ و مامەڵەت لەگەڵدا بكات.

لە سەردەمی عەبدولكەریم قاسمدا، بۆ ماوەی دوو ساڵێك كورد هەستی ئەوەی تیا ڕووا كە بەغدا پایتەختی ئەویشە، بۆیە قورسایی سیاسەت و ڕۆشنبیریی كوردی لە سلێمانی و كەركوك و هەولێرەوە گوازرایەوە بۆ بەغدا.

ئەو ڕووكردنە بەغدا زۆر بەخێرایی پەرەیدا بە هۆشیاریی سیاسی و ڕۆژنامەوانیی و تاڕادەیەكی زۆریش گەشەی پەیوەندی كۆمەڵایەتیی كورد. كەچی دواتر هەر لەو بەغدایەوە بەڵا و كارەسات هەناردەی كوردستان كرایەوە، كەوابوو ئەم پایتەختە لە یەك كاتدا مان و مردنی تۆ لە خۆ دەگرێ!

ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە دوای 2008ـەوە، تاڕادەیەكی زۆر بێمننەتانە و لووتبەرزانە پشتیكردووەتە بەغدا. عاقیبەتی ئەم بێمننەتی و لووتبەرزییە بە لووتشكان و پەراوێزخستن شكایەوە بەسەرماندا.

ئێستا كە قوباد تاڵەبانی و تیمەكەی بێ ڕاوەستان دەچنە بەغدا و دەگەڕێنەوە، دەكرێ بڵێین پەیڕەوكردنی “ڕاستكردنەوەی هەڵەكان”ــە.

بەڵێ ئەو هەموو دووركەوتنەوەیە لە بەغدا، هەڵەی كوشندەبوون كە كاڵفامانە و زۆرجاریش هەرزەسیاسییانە، بەغدایان وەكو پایتەختی رابردوو وێنا دەكرد و بە گاڵتەوە دەیانووت: بەغدا موفلیسە!

قوباد تا چەند سەركەوتووە یان بە دەستی بەتاڵ دێتە دەرەوە لەهەوڵەكانیدا، ئەمەیان شتێكی ترە. بەڵام بەردەوامبوون لەسەر ئەم شێوازە رێگا ڕاستەكەیە.

لەسەرئاستی حزبەكەی خۆی و یار و نەیارەكانیشی، گاڵتەی زۆر بە قوباد تاڵەبانی كراوەو دەكرێ كە بێهوودە بەغدای كردووە بەڕێی كانیی، بەڵام ساردنەبوونەوەی قوباد و بەردەوامبوونەكەی دەریدەخات، ئەم سیاسییە گەنجە زۆر لە سیاسییە پیرە بێمننەتەكان دووربینتر وپشوودرێژترە.

بەغدای ئێستا بووە بەژێر زبڵ و خاشاكی ماڵان و خەشوخاڵی سیاسی مێشكپووچی مەزهەبییەوە، بەڵام هێشتا جیهان مامەڵە لەگەڵ ئەم شارە نقومبووەی ناو زبڵی سیاسەت و ماڵان دەكات، بۆیە كوردیش ئەگەر دەیەوێ تاڵاوی ئاشبەتاڵێكی تر و هەڵەبجەو ئەنفالێكی تر نەچێژێتەوە، دەبێ هەمیشە لینكێكی ماوسەكەی بە كۆمپیوتەرە شڕەكەی بەغداوەبێ.

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا