نانەوەی فەوزاو هیچی تر

كورد هەرگیز بەرتاقای تورك و فارس و عەرەب سودی لە ئاینی ئیسلام نەبینیوە بۆخۆی، لەهەموو ئەوانەش زیاتر داكۆكی لە ئیسلام كردوە، داكۆكی بێ ئەوەی بۆ خۆی بێت وەك ئەوانی تر،نوكتەكە بەوجۆرەبوو سەلاحەدین ئەگەر سەركەوت سوپاسالارو فەرماندەیەكی ئیسلامە ئەگەر كەوت كوردێكی خائینە، لەو ململانێ دروستكراوەی ئێستاداكەلەسەر جێندەرو بابەتگەلی دیكەیە جگە لەبۆ لەبیر بردنەوەی برین هیچ سودێكی تری بۆ كورد بوون و مرۆی بوونی ئێمە نیە، ئەردۆغان لە پەنا ئیسلامەوە مناڵی كورد دەكوژێ، ڕۆژ نیە كوردێك تیرۆر نەكات، بەناوی ڕاوی تیرۆریشەوە لە سویدەوە مەحمود تات بۆ سزاو دادگا دێنێتەوە، ئێمەش كەوتوینە وێزەی یەكترو دوژمنان سیاسەتی پەرتكەو زاڵبەمان لەسەر تاقیدەكەنەوە. ئەو هەراو زەنایەی چەند ڕۆژی ڕابردوو سەر لەبەری لەخزمەتی ئەو وڵاتانەدایە كەكوشت و بڕمان دەكەن، هەڵبەت خۆدەسەڵاتی كوردیش لانی كەم ئەو هەرایەی بۆ لەبیر بردنەوەی ستەمكاری خودی پێخۆشە،شێواندنی چەمكەكان و زاراوەكان و پێناسەكردنیان بەوجۆرەی كەئاژاوە بنێتەوە جگە لەسەرقاڵكردنی گەمژانە هیچی تر نیە، هەزاران ساڵە ئێمە لەبن دەستی تورك و فارس و عەرەبدا دەچەوسێینەوە، نە گوندێكی ئەوانمان داگیر كردوە، نەڕۆژێ لەڕۆژان میرێكی كورد شارۆكەیەكی ئەوانی تاڵان كردووە، كەچی ئێمە تیرۆریست و نەوەی جن و دەشتەكین و ئەوان مرۆڤ، دوژمن هەموو مزگەوتەكانمان بە كون فەیەكونێ وێران بكات نقە ناكەین كەچی ئەگەر یەكێ لەخۆمان قسەیەكی ئەوتۆ بكات لەگەڵ دیندا نەیەتەوە دەیكەین بەڕۆژی حەشر. كورد بون ، موسوڵمان بوونمان پێویستی بە پیاچوونەوەو هەڵسەنگاندنێكی نوێیە، بۆ واین، بۆ دەبێ هەمیشە وابین، بۆ ئەوەندە ڕقئەستورین دەرهەق یەكتر ،چی بكەین بۆ ئەوەی بەجیاوازیەكانمانەوە بتوانین پێكەوە هەڵبكەین، پایتەختەكانی توركیاو ئێران و عیراق لیپن لەجیاوازی بیرو باوەڕو ئایدۆلۆژیاو شتی دیكەو دنیاش ئاخر نەبووە، ئێمەدەڵێی خوداوەند بۆ دژایەتی یەكتر دروستی كردوین، بۆیە هەر لەدواوەین دوای دواوە، دەرەوەی مێژوو، ئێمە هێشتا لەسەردەمی ڕەش و سپیدا دەژین هێشتا چاومان ڕەنگەكانی تر جیاوازیەكان نابینێ.

لەتیف فاتیح فەرەج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا