كورد و كازمی و واشنتن.. دەستكەوتەكانی كورد لە سەردانەكەی كازمیدا

تارا شوان

له‌رێوشوێنێكی پڕۆتۆكۆڵیدا مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ واشنتن له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ دۆناڵد تره‌مپ و مایك په‌مپیۆ و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی ئەمریكادا كۆبوه‌وه‌ و چه‌ند پرسێكی گرنگی ئابووری و سیاسیان تاوتوێ كرد، وابڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا واشنتن چه‌ندین پڕۆژه‌ی ئابووری له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌نجام بدات.

گرنتگترین پرس له‌ سه‌ردانی شاندی عێراق بۆ ئەمریكا به‌شداریی شاندێكی كارای هه‌رێمی كوردستان بو‌و كه‌ به‌پێی زانیارییە‌كان شاندەكەی هه‌رێمی كورستان له‌گه‌ڵ عێراق و ئه‌مریكییە‌كاندا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ی گه‌وره‌یان له‌ سه‌ر ئاستی باڵا له‌ واشنتن ئه‌نجامداوه‌ كه‌ پێده‌چێت ئەم جاره‌ رێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا بكرێت به‌ چاودێری وردیی ئەمریكا.

واشنتن ده‌ڵێت، ئەوان به ‌گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ئەمە بۆ سه‌قامگیریی نێوانیان و به‌رقه‌راربوونی ئاسایش له‌ ناوچه‌كه‌دا و  بە تایبەتیش ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان) زۆر گرنگه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئەو دوو لایه‌نه‌ رێكنه‌كه‌ون، ناتوانن به‌ ئاسانی ڕووبەڕووی چه‌كداره‌كانی داعش ببنه‌وه‌ لە ناوچە جێناكۆكەكان و ترسی سەرهەڵدانەوە و ئەنجامدانی كردەوەی گەورەی لە لایەن داعشەوە لێدەكرێت.

ئه‌مریكا، هه‌رێمی كوردستان و  عێراقی ڕازیكردووه‌ له‌ پرسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا رێكبكه‌ون، به‌ جۆرێك مانگانه‌ عێراق بتوانێت زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كورستان بنێرێت و هه‌روه‌ها هاوكاریی هه‌رێمیش بكات له‌ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌شیی ناوچه‌  جێناكۆكه‌كانی، هاندەدرێت تاوەكوو ڕێكبكەون بە جۆرێك ناوچه‌كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌ نێوان هەردوولا بەڕێوە ببرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی لەم ناوچانەدا دروستبووە،‌ چه‌كدارانی داعش نەتوانن وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریكا، عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌كاری  بهێنن.

واشنتن ڕایگەیاندووە كە پێویسته‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئەو پرسه‌ یه‌كلایی بكەنەوە و هەوڵبدەن كێشه‌ ئابووریی و سیاسییه‌كانیان له‌و گۆشه‌یه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكەن، بۆ ئه‌وه‌ی به ‌هه‌ماهه‌نگی ئەو ناوچانه‌ به‌ڕێوه‌ببەن كه‌ بووه‌ته‌ گرفتێكی گه‌وره‌ بۆیان. هه‌رێمی كوردستان ته‌واوی مافه‌ دەستوورییەكانی له‌ عێراقدا وه‌ربگرێت و گرفته‌ داراییه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئەمەش به‌پێی ئەو به‌نده‌ ده‌ستوورییانه‌ی كه‌ وەك گەرەنتییەك بۆ هه‌رێمی كوردستان دانراوه‌ له ‌رووی یاساییه‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخی په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئاسایی بكرێته‌وه‌.

ئەمانە لە كاتێكدان كە ئەمریكا و عێراق له‌سه‌ر چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ رێككەوتوون، وه‌ك ناردنی چه‌ك و هاوكاریی هه‌واڵگری و سه‌ربازیی و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزەكانی ئەمریكا له‌ عێراق، هه‌روه‌ها پاراستنی سه‌روه‌ریی عێراق و بونیادنانه‌وه‌ی ئابووریی عێراق به ‌به‌هایی هەشت ملیار دۆلار و رێككردنه‌وه‌ی ئەو گرفتانه‌ی كه‌ له‌ عێراقدا هه‌یه‌ و بۆتە هۆی ئەوەی كه‌ عێراق لاواز بكات.

له ‌به‌رامبه‌ریشدا ئەمریكا داوای له‌ عێراق كردووه‌، خاكەكەی خۆی بپارێزێت و ڕێگە بە ئێران نەدات بەكاری بهێنێت و نەكرێت بە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی ئێران لەگەڵ ئەمریكا. جگە لەوەی واشنتن زه‌مینه‌ دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی كازمی بتوانێت پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیرانی عێراق وه‌ربگرێته‌وه‌ و له‌ سەرۆكی حكوومەتێكی كاتییەوە ببێت به ‌سه‌رۆك وه‌زیرانێكی هه‌میشه‌یی كه‌ چوار ساڵ بە مسۆگەری و لە ئەگەری سەركەوتنیشیدا هەشت ساڵ لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.

ئێستا تاكه‌ كارێك له‌م هاوكێشه‌ سیاسییه‌دا گرنگه‌، برتییه‌ له‌وه‌ی كە ئایا كازمی ده‌توانێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان راستگۆ ببێت و ئێرانیش بخاتە نێو ئەو قەبارەیەوە كە ئەمریكا لێی دەخوازێت؟ ئەگەر بتوانێت ئەمانە بكات، ئەوە واشنتن ده‌ستبه‌رداری نابێت و هاوكاری ده‌كات، عێراقیش لە میلیشیاكان پاك دەبێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا