ئه‌مریكا چاوی بڕیوه‌ته‌ گازی سروشتیی هه‌رێمی كوردستان

پۆڵەتیک پرێس

ژوری بازرگانی ئەمریکا چوار راسپاردەی پێشکەشی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرد تیایدا ئەوەی دیاریکرد، چۆن لە قۆناغی داهاتوودا لەڕووی ئابورییەوە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکرێت و کەرتی تایبەت پەرەیپێبدرێت و ئابوری هەمەجۆر بکرێت و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، بەمەبەستی بەدیهێنانی گەشەی ئابوری کە هەموو گەلی عێراق بگرێتەوە و وڵاتێکی سەقامگیرتر و ئاسایشتر و سەربەخۆتر لە کەرتی وزەدا بەدیبێت.

بەپێی راپۆرتەکەی ژوری بازرگانی ئەمریکا، ئەنجومەنی کاروباری ئەمریکی-عێراقی، دەیەوێت روو لە کارکردن بکات لەگەڵ ئیدارەی جۆ بایدن و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەم راسپاردانە لەکاتێکدان، ئیدارەی بایدن چاوی لە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقە و مانگی شوباتی رابردوو، بایدن لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رایگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق دەکات و ئاماژەی بە گرنگی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و بەغدا کرد کە پێدەچێت لە مانگی نیسانی داهاتوو دەستپێبکاتەوە.

ئەنجومەنی کاروباری ئەمریکی-عێراقی مێژوویەکی درێژی کارکردنی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا و کەرتە تایبەتەکان و لایەنە عێراقییەکاندا هەیە، بەوهۆیەوە ئەنجومەنەکە چوار بیرۆکە دەخاتە بەردەم ئیدارەی ئەمریکا لەپێناو بەهێزکردن و گەشەپێدانی هاوبەشی ستراتیژی نێوان دوو وڵاتەکە.

یەکەم: گفتوگۆی تەندروستیی ئەمریکی-عێراقی بە بەشداری کەرتە تایبەتەکان

لە راسپاردەکەدا هاتووە، پێویستە هەردوو حکومەت زیاتر سەرنج بخەنەسەر کەرتی تەندروستیی، لەمبارەیەوە ئەنجومەنی کاروباری ئەمریکی-عێراقی پێشنیاری گفتوگۆی تەندروستی کردووە لەژێر چەتری گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق بەمەبەستی بنیادنانی دەستەیەک کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ بابەتە تەندروستییە گرنگەکانی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات.

باس لەوەشکراوە، لەپێناو بەدیهێنانی چاکبوونەوەی هەمیشەیی و رەخساندنی هەلی کار و بەهێزکردنی توانای پەرەپێدانی هێزی کار، پێویستە ئەم گفتوگۆ ستراتیژییەی نێوان ئەمریکا و عێراق کار بۆ بەهێزکردنی خوێندن و بازرگانی و هەماهەنگی تەندروستیی نێوان هەردوو حکومەت و دامودەزگا تەندروستییەکان و دەستەی کەرتە تایبەتەکانی هەردوو وڵات بکات.

دووەم: پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری گاز و گازی سوتاو

بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، گازی سوتاو لە عێراق نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار بەهەدەردەدات، ئەم بڕە پارەیەش بەسە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی وڵات لەڕووی وزەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، پەرەپێدانی سەرچاوەکانی گازی عێراق دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بوژاندنەوەی ئابوری وڵات و رەخساندنی هەلی کار.

گازی سوتاو، عێراق لە قازانجە ئابوری و کارەباییەکان بێبەش دەکات و بەهۆیەوە هاوڵاتیان رووبەڕووی کێشەی گەورەی ژینگەیی و تەندروستیی دەبنەوە، لەمڕووەوە چاوەڕی دەکرێت ئیدارەی بایدن داوای کۆبوونەوەی تایبەت لە لیژنەی هاوبەشی هەماهەنگی ئابوری نێوان ئەمریکا و عێراق بکات کە بەم دواییانە پێکهێنرا، تا چەند ئەولەویەتێک دیاریبکەن بۆ هاوکاریکردنی عێراق بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە گازی سوتاو و سەقامگیربوونی وڵات لەڕووی وزەوە.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی بایدن هانی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان بدات تا بەیەکەوە کار بکەن بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی گازی سروشتی، ئەمەش دەبێتەهۆی نزیکبوونەوەی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم بۆ پێکەوەبەستن و برەودان بە ژێرخانی ئابوری، ئەم هەنگاوەش نەک تەنیا پەرە بە هەماهەنگی نێوان عێراق و کوردستان دەدات، دەشبێتەهۆی دابینکردنی کارەبا بۆ سەرانسەری عێراق.

سێیەم: پاڵپشتیکردنی چاکسازییەکانی کەرتی دارایی عێراق

گەشەپێدانی کەرتی خزمەتگوزاری دارایی هاوچەرخ بابەتێکی زیندووە بۆ برەودان بە وەبەرهێنانی ئەمریکا و رۆڵی کەرتی تایبەت لە عێراق و هاندانی چاکسازییە بانکییەکان، هەموو ئەمانەش کاریگەری ئەرێنی دادەنێن لەسەر ئابوری عێراق و پێویستە زۆرترین گرنگیش بە بانکە تایبەتەکان بدرێت تا رۆڵی کاریگەریان لە پارەدارکردنی پڕۆژەی کەرتی تایبەتدا هەبێت، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی هەلی کار و گەشەپێدانی ئابوری عێراق.

لەمیانی کۆبوونەوەی بەهارەی نێوان بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە بڕیارە مانگی نیسانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەنجومەنی کاروبار رۆڵی هاوبەش دەبینێت لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ پێشوازیکردن لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی عێراق و وەزیری دارایی و بانکە ئەمریکییەکان و کۆمپانیا داراییەکان بەمەبەستی تاوتوێکردنی چاکسازی سیستمی بانکی کە لە وەرەقەی سپی مستەفا کازمیدا باسکراوە.

چوارەم: برەودان بە دامەزراندنی ناوچەی ئابوری تایبەت بەمەبەستی برەودان بە وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی کار

هەتا ئێستا هیچ گرێبەستێکی هاوبەشی وەبەرهێنان لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا نییە تا کارئاسانی بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکات کە لە عێراقدا کار بکەن، بنیادنانی ناوچەی ئابوری تایبەت لە عێراق، هەلی وەبەرهێنانی زیاتر بۆ ئەمریکا دەڕەخسێنێت و دەبێتەهۆی هەمەجۆرکردنی کەرتی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق.

ناوچەکانی وەک کەرکوک و بەسڕە گونجاون بۆئەوەی ببنە ناوچەی ئابوری تایبەت لە عێراق لەپێناو گەشەسەندنی خێرای ئابوری و برەودان بە چاکسازی قوڵ لەڕێی سودوەرگرتن لە چیرۆکی سەرکەوتنی پێشوەختە لە کاری هاوبەشی کەرتە تایبەتەکانی ئەمریکا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا