لە كۆتایدا میدیایی كوردی زەرد دەبێت

ھەواڵ و زانیاری لە میدیادا بێت یاخود نا خواستێكی سەرەكی مرۆڤە ، ھەمیشە مرۆڤ وەك بونەوەرێكی ھۆشیار دەخوازێت ئاگاداری ڕەوشی دەوروبەرەكەی بێت ، تاكو ئاگاداربێت چی ڕوو دەدات ، چۆن ڕوو دەدا ، بۆچی ڕوو دەدا ، كەی ڕوو دەدا ، لە كوێ ڕوو دەدا .

سەرنج بدە ھەر كاتێك دوو كەس پێك دەگەن ، پاش سڵاو یەكێك لەم پێنج وشە بەكاردەھێنن ، ئەمەش وەك بەشێك لە وەرگرتنی ھەواڵ دەربارەی ڕەوشی تەندروستی كەسێك ، ئیدی ئەم بازانەی وەرگرتنی ھەواڵ و زانیاریانە گەشە دەكات بۆ ئاگادار بوون لە ڕەوشی سروشتی ، ڕامیاری ، ئابوری ، سەربازی ، ھونەری ….ھتد .

بێگومان لە دوای گەشەكردنی میدیا و ھاتنە كایەی نێرەرەكانی ھەواڵ بێگومان خواستەكانی وەرگریش گەشەی كرد بۆ زانینی ھەواڵ و بابەتە گشتیەكان ، یاخود ھەواڵ دەربارەی كەسە گشتییەكان ، كاتێكیش مرۆڤ خۆی نێرەر و وەرگر بێت بێگومان دەبێت نێرەر خواستەكانی وەرگر بزانێت و یاری بە خواست و ھەستەكانی نەكات.

بەدڵنیایەوە (مانشێت یان سەردێڕ یاخود ناونیشان)ی ھەواڵ بەشی سەرەكی و گرنگی بڕیاریدانی وەرگرە بۆ وەرگرتنی ھەواڵەكە ، وەرگر لە سەر بنەمای مانشێت بڕیار لە سەر خوێندنەوە ، یان گوێ گرتن یاخود بینی ھەواڵەكە دەدات چونكە لە سادە ترین پێناسەیدا : مانشێتی ھەواڵ ، پێناسی ھەواڵە

گەر لێرەوە مانشێتی ھەواڵی میدیایی خوێندراو و میدیایی ئەلكترۆنی كوردی وەربگرین ، پێویستە سەرەتا بیربكەینەوە زۆرترینی ئەو مانشێتە ھەواڵانەی دێتە بەرچاومان و دەیانخوێنینەوە چین ، بێ دوو دڵی زۆرینەی مانشێتەكان بەم چەشنەیە (فڵان ھونەرمەند گەورەترین نھێنی ژیانی ئاشكرا كرد ) (بەرپرسێكی حیزبی (ا) لەگەڵ ژنێكدا دەردەكەوێت) (فڵان لەگەڵ خۆشەویسترین كەسی ژیانی وێنەیەك بڵاودەكاتەوە)

پێش ئەوەی باس لەوە بكەین ناوەڕۆكی ئەم ھەواڵانە چین ، پێویستە باسێك لە ڕۆژنامەوانی زەرد بكەین ، دواتر لەسەر ئەو بنەمایانە شیكردنەوەیەك بۆ ئەم مانشێت و ھەواڵانە بكەین .

(ڕۆژنامەوانی زەرد جۆرێكە لە كاری ڕۆژنامەوانی، كە سنوووری بنەما ئیتكی و ئاكارییەكانی ڕاگەیاندن پێشێل دەكات ، زیاتر گرنگی بە ژیانی تایبەت دەدات، وەكو پرسی ، سێكس و ئەخلاق ، ئەم چەشنە “ڕۆژنامەوانی”یە، بە “not quite libel – ناوزڕاندنێكی ناتەواو”یش ناو دەبرێت

لە ساڵانی ١٨٩٥ تا ١٨٩٨، هەندێ ڕۆژنامە لە ئەمریكا، بۆ ئەوەی فرۆشیان بەرز بكەنەوە، ھەواڵەكانیان چەواشە و هەستیار دەكرد ، هەر ئەو كات ڕۆژنامەكانی نیۆیۆرك بۆ ئەم چەشنە كردەوانە، دەستەواژەی “ڕۆژنامەوانیی گاڵتەجاڕیی زەرد”یان داهێنا.

نووسینی مانشێتی سەیروسەمەرە و هەستیار، زەقترین لایەنی دیاری ڕۆژنامەوانیی زەردە. سەردێڕی گەورە و ڕازاوە ، بەڵام ناوەڕۆكێكی لاواز و بەتاڵ).

بە سود وەرگرتن لەم جۆرە لە كاری ڕۆژنامەوانی ئەتوانین شیكردنەوەیەك بۆ ئەو چەند مانشێتەی سەرەوە بكەین تاكو بزانین ئاخۆ مانشێتی ھەواڵە كوردییەكان دەچنە ناو ئەم جۆرە لە كاری ڕۆژنامەوانی.

ناوەڕۆكی ئەم مانشێتانە لە میدیایی كوردی كاتێك ھەواڵەكە دەكەیتەوە بەم چەشنەیە:
مانشێت : (فڵان ھونەرمەند گەورەترین نھێنی ژیانی ئاشكرا كرد )
ناوەڕۆك : فیسارە خواردن ناخوات
مانشێت : (بەرپرسێكی حیزبی (ا) لەگەڵ ژنێكدا دەردەكەوێت)
ناوەڕۆك : ژنەكە ، ھاوسەرەكەیتی
مانشێت : (فڵان لەگەڵ خۆشەویسترین كەسی ژیانی وێنەیەك بڵاودەكاتەوە)
ناوەڕۆك : وێنەكە ، دایكی یان منداڵەكەی

ڕەنگە زۆرمان كۆك بین دەربارەی ئەوەی میدیا كوردییەكان تەنیا بەشوێن بەرزكردنەوەی ژمارەی فرۆش و تیراژەوەیە ، نەك گەیاندنی ھەواڵ بۆ پڕكردنەوەی خواست و پێداویستیەكانی وەرگر ، ھەمیشە بە دوای مانشێتی گەورەوەن نەكو ناوەڕۆكی ھەواڵێكی پڕ زانیاری ، ئەمەش بە پێی پرەنسیپە ئەخلاقیەكانی ڕۆژنامەوانی بەشێكە لە كاری نا ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی چونكە ، یاری كردنە بە ھەست و سۆزی وەرگر ، كاتێك وەرگرێك دەخوازێت كات تەرخان بكات بۆ وەرگرتنی ھەواڵ و زانیاری بەڵام لەلایەن ڕۆژنامەنوس و میدیا كوردییەكانەوە یاری بەم ھەست و خواستە دەكرێت.

زانیار بەھادین

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا