كورد لە نێو ئافاتی بیرنەكردنەوەدا!

بەدرێژایی مێژوو، لە نێو دەقە كۆنەكاندا، تایبەت لە نێو ئەفسانە، ئایین، فەلسەفە، ھونەر و ئەدەبیاتدا باس لە بیركردنەوە، ھێز، شیان و ڕۆشنیی بیركردنەوە كراوە و تائێستایشی لەگەڵ دابێت ئەم باسە، بە ھەموو فرەڕەھەندیی و جیاوازییەكانییەوە ھەر بەردەوامە، لێ وەك سەیر دەكەین، بە داخەوە، كورد كەمترین بایەخی پێداوە، بۆیە كەمترین پانتاییشی لە نێو زانست، میدیا و ڕۆشنبیریی كوردیدا داگیركردووە و لە نێو پارتە سیاسییەكانی كوردستانیشدا، تاك و تەرا، ئەگینا سیاسییەك نابینیتەوە بایەخ بە پرسی بیركردنەوە بدات، كە بە بۆچوونی من، پرسێكی ھێندە گرنگە، تاك، گروپ، كۆمەڵگە و نەتەوەكانی پێ دەناسرێتەوە !..

بیركردنەوە جۆرێكە لە شوناس، بۆ ئەوەی تاك، گروپ، كۆمەڵگە و نەتەوەكان بناسیتەوە، دەبێ بیركردنەوەكانیان بناسیت، بە نموونە پرسی ژن، بوون و ماف و ئازادییەكانی ژن لە بیركردنەوەی ئینگیز، عەرەب و كوردێك، بە جیاوازیی ئایین، نەتەوە، ژینگە و جۆری پەروەردە چۆنە و ئایا كامیان قۆناغەكانی بیركردنەوەیان بڕیوە و بە دیالۆگی قووڵەوە گەیشتوونەتە كامڵبوون ؟!.. كەواتە بیركردنەوە ھەر پرۆسەیەكی واقیعی خۆبەدەستەوەدەر نییە، قۆناغبڕییشە، دیالۆگسازیی و كامڵبوونیشە، كە بەداخەوە لە كوردستان ھیچ یەك لەم چەمكانە وەك پێویست بوونیان نییە و ئەگەر ھەیشبێ، بە شێواویی و خراپی ھەن و تا ڕادەیەكی زۆریش بە سیاسیی كراون !..

كوردستان جوگرافیای بیرنەكردنەوەیە، كێ یەكەم قسە بكات، ھەموو دەیڵێنەوە، بەڵێ، ھەموومان یەكەم قسە، یەكەم وێنە و ھاوار و ئیحساس و دەق دووبارە دەكەینەوە و لەم زایەڵەیەشدا، ھەموومان ماندووین، ماندووین تا ئاستی قێزلێبوونەوە لە ئافاتی بیرنەكردنەوە !.. ئاخر میللەتێك بیر نەكاتەوە و خۆی ڕادەستی یەكەم دەق، یەكەم ئیحساس و یەكەم ھاوار و وێنە و قسە بكات، لە نێو ئافاتی بیرنەكردنەوەدا نوقم دەبێت و بێسەر، ھێزی بەرھەمداریی نامێنێت !..

نامەوێت ڕەشبینانە قسە بكەم، ناشمەوێت گەشبینانە، لێ لەسەر بەتاڵ قسە كەڵەكە بكەم، بەشێكی زۆری ئەو كەڵەكەسازییە بێبنانە وێران بوون، كە سەردەمانێك بە پاساوەوە دەمانگوت: گەشبینی بەشێكە لە ھێزی خوڵقاندن !.. لەوانەیە ئێستایش ھەمان گەشبینی لە ڕۆحمدا ھەبێت، بەڵام بە پرسیاركردن لە ھەبوونی كەرەسەكانی خوڵقاندن و بنیاتنان، كەواتە تەنێ گەشبینی ڕێگاكە تەواو ناكات، ئیدراك، تەدارەك و كەرەسەیشی دەوێت !.

وەك باسمان كرد، كورد بیرناكاتەوە، ئەم سۆشیاڵمیدیایەیش بە جارێ ماڵی بیركردنەوەی وێران كردووە و زانكۆكانییش ڕۆڵێكی ڕاچڵەكێن نابینن و پارتە سیاسییەكانیش ھێندەی گوێ لە چەپڵەلیدەرەكانیان دەگرن، چارێكی ئەوە گوێ لە كادیرە بیركەرەوە ئاقڵەكانیان ناگرن!.. بۆیە من بە ئەسەفی قووڵەوە، ناوم لەم (بیرنەكردنەوە)یە ناوە (ئافات)، بەڵێ ئێستا كورد لە ئافاتی بیرنەكردنەوەدایە !…

سالار عوسمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا