ئەو نامەیە بدەنە بارزانی

لەم رۆژانەی بەرێدا دۆستێك كە دانیشتوی سویدە لە پەیوەندیەكدا پێی وتم بۆ لە گەڵ كوڕی قازی ” عەلی قازی ” قسە ناكەیت تا بە بارزانی بڵێت ئەو 76 گیراوەی بادینان و هەولێر كە لە خۆڕا گیراون ئازاد بكرێن ، ئەو من وەك نوسەرو رۆژنامەوانێك سەیر دەكات و پێی وایە لێرەش گوێ‌ لە نوسەرو رۆژنامەوان دەگیرێت و بە قسەیان دەكرێت وەك ئەوەی لە ئەوروپا ئەوە هەیە .

من لە بەر ئەو بەڵێنم پێدا هەوڵێك بدەم ، پەیوەندیم بە یەك دوو دۆست و كەسایەتی بەڕێزەوە كرد بۆ ئەوەی هەم پرس و راوێژیان لە سەر ئەو بابەتە پێبكەم هەم خۆیان بەو كارە هەستن ، ئەوان كە دوو رێزلێگیراوی ئەو نیشتمانەن ،وتیان بە خوا ئەستەمە بە قسەی ئێمەش بكات ، ئیزنم وەرنەگرتوە ناویان بڵاو بكەمەوە ، تازەكی كە مامەڵەی خراپ لە تەك كەس و كاری گیراوەكاندا كرا ، وتم سیروان لێشت نەدەم هەر دەمبەی

رۆژگارێك لە ڕووی دۆستایەتی باوكم و رابردوەكەی زۆر جار ئەگەر رەخنەیەك گلەو گازندەیەك هەبوایە لە بری بڵاو كردنەوە بە كۆچكردوان فەلەكەدین كاكەی یان باجەت توركەم دەگوت ، كاك باجەت بەرلەمردنی خەریكی كتێبێ بوو لەوێ‌ زۆر باسی باوكمی كردبوو ، نەك هەر باوكم باسی كوێخاشەریف ، نازمی حەمەی سلێمان و زۆر كەسایەتی ناو هێزی رزگاری كردبوو ، ئەوان هەردو چونەوە بەر دلۆڤانی خودا .

دۆخی كوردستان بە گشتی زۆر شلۆق و ناجۆرە ، بیر كردنەوە لە دەرفەت و دەرچە بوونی پلان و پڕۆژەو پەیام بۆ شكاندنی ئەم كۆت و بەندە زۆر گرنگە بۆیە نەك هەر بۆ داوای بەردانی گیراوانی بادینان ، بۆ چارەسەری قەیرانی نێوان هەرێم و بەغدا ، بۆ ئاشتكردنەوەی شەنگال و گێڕانەوەی دانیشتوان بۆی ، بۆ هەڵگرتنی ئابڵوقەی سەر كەمپی مەخمور، بۆ دروستكردنەوەی پەیوەندی دروست لە نێوان هەولێرو سلێمانی و گەرمیان بە پێویستم زانی ئەم نامەیە بنووسم .

دوا قسەش من ئومێدم وایە بارزانی كۆدەكان بكاتەوە ، لە نێوان پەكەكەو توركیادا پەكەكەو لە نێوان بێدەنگی و وتنا وتن هەڵبژێرێ‌ ، وتن لە پێناوی كوردا ، وتن بۆ چارەسەری كۆی قەیرانەكانی كە هەیه.

لەتیف فاتیح فەرەج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا