لەپێناو جاڕنامەی ئیسلامیی، دژبەتوندو تیژی خێزانیدا

ئەم بابەتە 143 جار بینراوە

 

کاتی ئەوە ھاتووەلەڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەئافرەتان
، خەڵکی ئسلامخوازوزانایان وغەمخۆران، بوێرانەو بێ ڕتووش،توندوتیژی خێزانی، کەلوتکەکەی لەژنکوژیدا خۆی دەبینێتەوە، لەھەموو ڕەوایەتیەکی دینی وئەخلاقی دابڕنین و ڕاشکاوانە بڵێین: خوای میھرەبان و ئەخلاق و ئیسلام و مرۆڤایەتی، لەم ڕەفتارە بێ بەرین وئەمەش بەگوێی کۆمەڵدا بدەین. بۆئەوەی ھەوڵدەین ھەمووان وەك موسوڵمان،ئینسان، خاوەن ئەخلاق ،بەکردەوە خۆمانی لێ بێ بەری بکەین. پێویستە زانایانی ئاینی، بانگخوازو وڕێکخراوو کۆڕوکۆمەڵ و چالاکی ولایەنە ئیسلامیەکان، لەم پێناوەدا دەنگیان دلێرتر بکەن وئازایانەترو ڕاشکاوانەترو بەر بڵاوانەترو ڕێکخراوانەتر ، بێنە مەیدان و بەگیانی پێشەنگانەوە، لەم بوارەدا لەخەمی جوان ڕاپەڕاندنی ئەرکە ئیسلامی وئەخلاقی ونیشتمانیەکانی خۆیاندابن . ئەویش لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە :

١-چونکە ئەم دیاردەیە دژبە مەبەست و فەلسەفەی خێزان وبەھاکانیەتی لەئیسلامدا. کە بە دەربڕینی قورئان لەسەر بناغەی سۆز(المودة) و میھرەبانی (الرحمة) پێکدێت وتوندوتیژیش بەھەموو جۆرەکانیەوە لەگەڵیان ناکۆك و دژ بەیەکە . وەھۆکارێکە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی خێزان و لاوازکردنی ڕۆڵە پەروەردەیی وئیسلامی ودەرونیەکەی.

٢- توندوتیژی خێزانی، دادپەروەری و پێوەرە ئیسلامی وشەرعیەکانی تێدا ژێر پێ دەدرێ. ھەندێ لە داب ونەریت وبەھا کۆمەڵایەتیە نائیسلامی و نامیھرەبانەکان ورووە خراپەکەی بەھاکانی خێڵ ومامەڵەیەکی ڕوکەشانەو نادروست لەگەڵ شارستانی نوێ وھۆکارەکانی پەیوەندی وتەکنەلۆجیا وخراپی باری ئابوری وقەیرانی ئەخلاقی و ناسنامە لەپشت دیاردەکەوەن. بەمەش چەند ئافرەت قوربانیە، بەو ئەندازەو زیاتریش بنەماو بەھائیسلامی و شەرعیەکان قوربانین وستەمیان لێ دەکرێت و بێ ڕێزیان بەرامبەر دەکرێت. ھەربۆنموونە ئەگەر لەم پرسەدا ئیسلام م وڕێساکانی شەریعەت بۆ چەسپاندنی تاوانی زینا پئوەر بونایە، لەھەموو ئەوژنانەی لەکۆمەڵگەی کوردیدا بەتاوانی شەرەفەوە کوژراون، یەکێکیشیان نەدەکوژرا. بەحوکمی ئەوەی مەرجی بەسەردا سەپاندنی سزایەکی لەو جۆرەیان تێدا نەبووە. چونکە تاوانی کوشتنی ژنان بەناوی شەرەفەوە، ئەگەر کردەی زیناکردن و پەیوەندی ناشەرعی جنسی لەدەرەوەی پەیوەندی ژن ومێردایەتیشەوە رویدابێت—چ جای خوار ئەوە کەبەشێ لە کوشتنەکان بەوھۆیانەوەن— لەچەندین روەوە دژ بەبنەما ئیسلامی و مەرجە شەرعیەکانە، لەوانەش:

١- تاك بۆی نیە لەدەرەوەی دادگاو لەڕێی بڕیارو ویستی تاکەکەسی خۆیەوە سزا بسە پێنێت و جێگەی دەوڵەت بگرێتەوە.
٢-لەبەردەم دادگاش دەبێت چوار شایەت شایەتی بدەن کە بەچاوی خۆیان کردەکەیان بینیوە.
٣- لەگەڵ بوونی ئەو شایەتانەشدا کەزۆر قورس ودەگمەنە، سزای زینا لە قورئاندا چەند قامچیەکە نەك کوشتن. لەبەرئەوە لەڕوانگەی دینیەوە لەھەردوو ڕوی یاسایی وئەخلاقیەوە ئەم تاوانە قابیلی بەرگری لێ کردن نیە. بۆیە بەو ئەندازەی زاناو بانگخوازو ناوەندو لایەنی ئیسلامی لەم دیاردەیە بێ دەنگ بن، لەژێر کاریگەری داب ونەریت وجوان دەرك نەکردنی ئەرك ولێپرسراویەتیەکانیاندایە.

٤- نائەخلاقی بوونی دیاردەکە، لەگەڵ ئەوەی بەشێك لەتاوانی توندوتیژی خێزانی و بەتایبەتیش ژنکوژی بەناڕەوا بەناوی ئەخلاقەوە پیادەدەکرێت!لەراستیدا لەجەوھەردا دژبە بنەماو بەھائەخلاقیەکانە. چونکە ڕەفتار کردن لەژێر کاریگەریی فشاری کۆمەڵایەتی و داب ونەریتی دواکەوتوودا، لەگەڵ بەھا ئەخلاقیەکاندا جیاوازیان زۆرەوتەنانەت ھەندێ جار لە خانەی دژ بەیەکدان. لەوسۆنگەشەوە کەدوای ئیمان وعیبادەتەکان ڕوح و جەو ھەری دین لەوانەش ئیسلام پەیەمە ئەخلاقیەکەیەتی، ھەمووژێر پێدانێکی بەھا ئەخلاقیەکان ونادیدە گرتنیان خراپەکاریە دژ بەئاین وجەوھەری پەیەیامەکەی. ھەرئەشە وایکردووە لەڕوانگەی ئیسلامەوە، تۆمەتی داوێنپیسی دانە پاڵ یەکێ بەتایبەتیش ئافرەت،واتە بێ بوونی چوار شایەت بەومەرجەی باسمان کرد، جگە لەوەی تۆمەت ھەڵبەست وبوختانکەر سزای شەرعی ویاسایی بۆ دانراوەو سزا دەدرێت ، لەڕووی ئەخلاقیشەوە باجی دەدات ئەوەش بەوەی دواتر شایەتی لەبەردەم دادگا لێ وەرناگیرێت و متمانە بە کەسێتی وڕاستگۆیی لەدەست دەدا ئەمە جگە لەگوناھباربوونی لای خودا.ھەموو ئەمەش لەکاتێکدا یە کە ، زۆربەی ئەوەی دەخرێتە پاڵ قوربانیانی دەستی توند وتیژی لەڕوی ئەخلاقیەوە، دەچێتە خانەی بوختان بۆ ھەڵبەستن وناو زراندنەوە. گرنگیشە لەم روەوە ڕەخنەی ئەخلاقی لە کۆمەڵگەو ئەنجام دەرانی توندیوتیژی خێزانی بگرن ، تیشك بخەنە سەر ئەوەی کە کۆمەڵ و خێزان وئەنجام دەرانی توندو تیژی، دووجار ستەم لە قوربانیەکان دەکەن، جارێك بەوەی پەروەردەیان ناکەن و خەمی پێگەیاندنێکی دروستیان ھەڵناگرن، جاری دیش کەلەدەرەوەی یاساو ئەخلاق و ئاینەوە مامەڵە لەگەڵ ھەڵەکانیان دەکە ن و دڵڕەقیان بەرامبەر دەنوێنن ؟!

٥- لەوڕوانگەوە کەلەبەرتیشکی ئەوەی لەپێشەوە ئاماژەمان پێ کرد، توندو تیژی دژ بە ئافرەتان(مونکەر)ە، ئەوەش دەریدەخات کە تەنھا ناتوندوتیژ نەبون ومیھرەبانی خێزانی وئەخلاقیی وکۆمەڵایەتی وڕزگار بوون لەژێر فشاری کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوە بۆ ئاستی پێوەرە شەرعی وبەھا ئەخلاقی و شارستانیەکان بەس نیە،بەڵکو دەبێت بەژن و پیاووە بەر ھەڵستیدیاردەکە بکەن وڕوبەروی بووەستنەوەو ھەوڵی نەھێشتنی بدەن، ھەروەھا بەشێکی بنەرەتی وپێشەنگی ھەموو ھەڵێك بن لەم پێناوەدا دەخرێتە گەڕ.

٦ گەرم وگوڕی زاناو کەسێتی وڕوناکبیرو سیاسەتمەداری ئیسلامخواز لەم ڕوەوە، ڕەوایەتیەکی گەورە بەخەبات دژ بە توندو تیژی خێزانی دەبەخشێت. لەدەرگایەکی گەورەشەوە دەبن بە بەشێکی گرنگی خاوەنداری کردنی پرسی ژنان، کەبەحوکمی چەندین ھۆکاری خودی و بابەتی، لەرابردوودا کەمتر مۆرکی ئەمانی پێوە دیاربووە. لەڕویەکی ترەوە، تەبەنی کردنی گەرم وگوڕو بەربڵاوی خەبات دژبەتوندو تیژی خێزانی لەلایەن کۆڕو ناوەندە ئیسلامیەکانەوە، وادەکات، ھەڵەی بەشێ لە ڕێکخراوو چالاکوانی ژنان وناوەندە سکیو لارەکە لەڕابردوودا ڕاست ببێتەوە، کە لەسۆنگەی کەم شارەزایی، یاخود ئایدۆلۆژیەوە، ئەم پرسەیان دەکردە دەر فەت بۆ ھێرش کردنە سەرئیسلام!ھەروەھا بەشێ لەچارەسەرەکانیان تێکەڵ دەکرد بە لێدانی ئەخلاقی داوێنپاکی وئازادی جنسی!لەکاتێکدا بەھائیسلامی و ئەخلاقیەکان لەسەنگەری مافەکانی ئافرەتاندا بوون. کەخۆش بەختانە لەئێستادا ئەم دیاردەیە تاراددەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە.ئەمەش وادەکا خەبات دژ بەتوندو تیژی زیاتر بچێتە ناو فەرھەنگی ژیانی ڕۆژانەی خەڵك وکاریگەرتر بێت وبەرەنجامی باشتری لێ بکەوێتەوە. مۆرکە ئەخلاقیەکەشی تۆختر ببێتەوە. پئشنیاریش دەکەم بۆساڵی داھاتوو ماوەیەك پێش ئەم ڕۆژەو ماوەی تەرخانکراو لەھەرێمدا لیژنەیەك پێکبھێنرێ وکۆنفرانسێ لە ژێر ناونیشانی( ڕووبەڕووەستانەوەی توندوتیژی خێزانی بەدیھێنانی رەھەندێکی گرنگی ناسنامەی موسوڵمانەتی و ئیسلامیمانە) ببەسترێت.لەوێدا بەڵگە نامەیەکی پێشر ئامادەکراو تاوو توێ و پەسند بکریت بەناوی( جاڕنامەی ئیسلامی دژ بە توندی تیژی خێزانی)بەرنامەیەکی شانزە ڕۆژیش دیاری بکرێت. ھەروەھا سەنتەرێك یان ڕێکخراوێك بۆ بەدوادا چون و درێژە پێدان و بەرنامەی ساڵانەو ڕێکخستن دابمەزرێ. حەیفە ئیتر خەڵکانی زاناو موشورخۆرو ئیسلامخواز ئەم مەسە نەکەن بەمەسەلەی خۆیان ونەشیکەن بە مەیدانێکی شەڕی ئەخلاقی وچاکسازیی کۆمەڵایەتیان. بەھیوای بەرزبوونەوە بۆ ئاستی ئەرکەکان و کۆمەڵگەیەك کەمترین توندو تیژی خێزانی وستەمی کۆمەڵایەتی تێدا بێت. ئەگەر خاوەنداریشی لێ بکرێت، بەپێچەوانەی ھەندێ بۆچونی ڕەشبینانەوە ،پێم وایەکوردەواری لەم ڕوەوە مەرجی کێبڕکێی تێدایە.

 

ئەبوبەكر كاروانی

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک