كوردو شیعە نزیكبونەتەوە لە رێككەوتن

پۆڵەتیك پرێس

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرایدەكات، فراكسیۆنە شیعەكان لەناوخۆیاندا گەشتوونەتە رێككەوتن لەسەر دەقێكی دیاریكراو تایبەت بە پشكی كورد لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021، كوردیش هاوڕایە لەگەڵ ئەو دەقە.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، فراكسیۆنە شیعەكان گەشتوونەتە رێككەوتن لەسەر دەقێك تایبەت بە پشكی كورد لەناو پرۆژە یاسای بودجە، كە تیایدا داوای 460 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەرێم دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی ئەو دەقەی شیعەكان دایان ناوە كورد 460 هەزار بەرمیل رادەست دەكات، بەڵام لەو ژمارەیە 30 هەزار بەرمیلی ناوخۆو 180 هەزار بەرمیلی شایستەی كۆمپانیاكانی نەوت لێدەردەكرێت، هاوكات بۆ هەر بەرمیلێك پێنج دۆلاری پترۆ دۆلاریش دەدرێتەوە بەهەرێم.

وتیشی، “ئەم دەقەی شیعەكان كورد پێی رازییە، چونكە نزیكە لەو دەقەی كە حكومەت بۆ پشكی هەرێم لە رەشنوسی بودجەدا رەوانەی پەرلەمانی كردووە”.

جەمال كۆچەر باسی لەوەكرد، ئەگەر رۆژی پێنج شەممە ئەو ماددانەی پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی كەماون پەسەند بكرێن، ئەوا ئەگەری زۆرە پرۆژە یاسای بودجە بخرێتە دەنگدانەوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 16ی ئازار، شاندی باڵای هەرێم جارێكی دیكە گەڕایەوە بۆ بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان دەربارەی نەوتی هەرێم و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا