پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەغدا رەزامەندی دەربڕی مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت
لەوبارەیەوە بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تایبەت بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەوەش دوای وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە هاوكاری لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم.
وتيشى، ئەو پارەیەی كە بەغدا بۆهەرێمی كوردستانی دەنێرێت یەک ترلیۆن و 200 ملیار دینارەو هی شەش مانگەو بۆ موچەی فەرمانبەران دەبێت.
هاوكات، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێی وتون، بەغدا دەبێت مانگانە 213 بۆ 216 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت ناردنيشى لەقۆناغی كۆتایدایە.
پێشتریش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، بەم نزیكانە دەرەنجامە باشەكانی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد دەردەكەوێت.
هاوسەرۆكی یەكێتی راشیگەیاند: فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم مژدەی خۆش دەبیستن.
بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو شاندی حکومەتی هەرێم، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێکەوتن لەسەر رێکارە هونەرییەکان و پابەندبون بە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆساڵی 2021 سەردانی بەغدایانكرد و لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی عێراق کۆبونەوە.