پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێم لە بەغدا، دەنگۆی راگرتنی 200 ملیار دینارەکەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق رەتدەكاتەوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت “تائێستا نازانرێت ناردنی ئەو پارەیە بە رێككەوتنی هەردولا و لهبهرامبهر داهاتی نانەوتی هەرێمە یاخود لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا دەبێت”
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق زیاتر لە پانزە رۆژە بەڵێنی ناردنی ئەو 200 ملیارەی داوە، بەڵام تائێستا نەیناردووە، وەزارەتی دارایش ناردنی رەتدەكاتەوە”.
وتیشی “ناردنی ئەو پارەیە هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی نییە پێی بوترێت رێككەوتن، تائێستا بۆ ئێمە روونەبووەتەوە، ناردنی لە چوارچێوەی رێككەوتنی هەردو حكومەتی هەرێم و بەغدایە یاخود بەپێی یاسای بودجەی 2021ی عێراقە”.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە ئەگەر ناردنی ئەو 200 ملیارە بە رێككەوتنی هەردولا و لهبهرامبهر داهاتی نانەوتی هەرێم بێت، ئەوا بەپێی یاسا رێككەوتن لەدەرەوەی بودجە ناكرێت.
لای خۆشیەوە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاندووە “ناردنی200 ملیار دینارەکەی پشکی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە و چاوەڕواندەکەن لە داھاتوویەکی نزیکدا پارەکە رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
نوێنەرەكەی حكومەت رەتیكردووەتەوە بەھۆی قەرزاربوونی هەرێمەوە ناردنی ئەو پارەیە راگیرابێت.