“بڵاوكردنه‌وه‌ی دانپێدانانی چالاكوانانی بادینان په‌یامی دووه‌می مه‌سرور بارزانیه‌ بۆ دادگاكان”

پۆڵەتیك پرێس
پارێزەری دۆسیەی سزادراوان و گیراوانی بادینان و هەولێر رایگەیاند، “بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی سزادراوان لەكاتی پێداچوونەوە بەدۆسیەكانیاندا، پەیامی دووەمی سەرۆكی حكومەتە بۆ ئەندامانی دادگای پێداچونەوە لەسەربڕیاری كۆتایی لە دۆسییەكان ئەوەش دەستوه‌ردانێكی ترە لەكاروباری دادگاكان، بەڵام هیوا دەخوزین كاریگەریی نەبێت چونكە ئەوان كەسانی بەئەزموون و شارەزاو بەویژدانن”.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی سزادراوان و گیراوانی بادینان و هەولێر بەپۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، “پێشتر بەهۆی قسەكانی سەرۆكی حكومەتەوە دادگای دووی هەولێر بڕیاری لە دژی گیراوان دەركرد، ئێستاش بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی گیراوان كە هیچ بەڵگەیەكی یاسایی تێدانیە، پەیامی دووەمی سەرۆكی حكومەتە بۆ ئەندامانی دادگای پێداچوونەوە، بۆناچاركردنیان لەسەر بڕیاردان لەدۆسیەكان، بۆیە هیوادارین نەكەونە ژێر كاریگەری قسەی هیچ لایەن و حیزبێكەوە، چونكە ئەوان كەسانی پڕئەزمون و بەویژدانن”.

وتیشی:”مەسرور بارزانی باسی سەربەخۆیی دادگا دەكات، بەڵام كاری دەزگاكانی ئەوان دووبارە دەستوه‌ردانە لەكاروباری دادگاكان لەهەرێمی كوردستان”.

بەشدار حەسەن باسی له‌وه‌شكرد، “بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدۆییەكە كاریگەری دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی دۆسییەی گیراوان، چونكە لێدوانەكانی سەرۆكی حكومەت لەجاری پێشودا بەجۆرێك بوو، دادگای خستە بەردەم بژارده‌ی سزادان، چونكه‌ ڕاگیراوان مافی ئازادكردنیان هەبوو، بەڵام ئەندامانی دادگا لەبەر دروستنەبوونی ئاژاوه‌ لەسەر قسەكانی مەسرور بارزانی، چالاكوانانی بادینانی سزادا”.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “راستە ئێمە پارێزەرین و بەرگری لەدۆسییەی سزادراوان دەكەین، بەڵام ئەگەر بەڵگە هەیە كە ئەوان دژی وڵات بوون و جاسوسیان كردووە بۆ دەرەوە دژی هەرێم، ئەوكاتە ئێمەش رازی نەدەبوین بەشەش ساڵ زیندانیكردن دەبوو سزای هەتاهەتایی بدرانایە”.

بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەشكرد، “بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی بێكەڵك و بێبەڵگە دەرخەری ئەو راستیەن، كە دادگاكان لەژێر ئەزمونی حیزبدان و گیراوانی بادینانیش لەسەر قسەی سەرۆكی حكومەت، كە به‌سیخوڕ ناوی بردن سزادران”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا