پۆڵەتیك پرێس
پارێزەری دۆسییەی غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوو كاردەكەین بۆ گواستنەوەی دۆسیەی ناوبراو بۆ بەغدا، چونكە بەپێی وتەی بریكاردارهكهمان پرسی سەربەخۆیی دادگاكان لە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی مەترسیداردایە و دەستتێوەردانی تێدا دەكرێت.
وریا محەمەد، پارێزەری دۆسیەی غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند:”هاوڕێیانی غالب محەمەد لە هاوپەیمانی هیوا لە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی دۆسیەكەی ناوبراو لە دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی بۆ بەغدا، ئێمەش لە رۆژانی داهاتوو بۆ ئەو مەبەستە داوا پێشكەشی دادگای سلێمانی دەكەین”.
ئەو پارێزەرە وتیشی:”بە وتەی بریكاردارهكهمان غالب محەمەد، دادگاكان لە هەرێمی كوردستان دەستتێوەردانی گەورەی تێدا دەكرێت و پرسی بەرخۆی دادگا لە مەترسیدایە و بۆئەوەی ئەم دۆسیەیە دووربێت لە دەستتێوەردانی حزبی، كێشمەكێشی سیاسی بۆیە هەوڵدەدەین دۆسیەكە رەوانەی بەغدا بكەین”.
روونیشیكردەوە، بەپێی یاسا غالب محەمەد مافی خۆیەتی دۆسیەكەی بگوازێتەوە بۆ بەغدا بەو پێیەی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە و بەشێكە لە دەسەڵاتی یاسا دانان.
وریا محەمەد باسی لەوەشكرد، ئەوەی هەیە تا ئێستا لەدادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ كەسێك دەركردووە ئەویش ئەو كەسەیە هێرشی كردووەتە سەر غالب محەمەد و لە كامێرای چاودێرییەوە دەركەوتووە، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەكراوە.