حكومەتی هەرێم دەستی بەرێكارەكان بۆ رادەستكردنی كەرتی كارەبا بەكۆمپانیاكان كردووە

پۆڵەتیك پرێس:
بەبڕوای حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەستكردنی سێكتەری كارەبا بەكەرتی تایبەت چارەسەری قەیرانی كەمی كارەبا دەكات، بۆیە دەستی بەرێكارەكانی رادەستكردنی ئەو سێكتەرەی بەكۆمپانیاكان كردووە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپۆڵەتیك پرێسی ڕاگەیاند، ڕێكارە كارگێڕی و تەكنیكییەكانی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت، كاری لەسەر كراوە و ئێستا لەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا راشیگەیاند، لەجیهاندا ئەوە سەلمێنراوە، هەر خزمەتگوزارییەك كەرتی تایبەت بەڕێوەیببات، پابەندبوونی زیاترە، ئەگەر ئێمە كارەبا بدەینە كەرتی تایبەت، هەردوولا پابەندبوونیان زیاتر دەبێت، هەم بەشداران و هەم ئەو كەسەی خزمەتگوزاریی كارەبا دەگەیەنێتە بەشداربووان.

لەبەرانبەر ئەو هەنگاوەی حكومەت ئێستا جۆرێك ناڕەزایی دروست بووەو داوا دەكرێت حكومەت ئەو هەنگاوە نەنێت، چونكە ئەوە لەزیانی هاووڵاتیان‌و لەقازانجی كۆمپانیاكانە.

لەو بارەیەوە هیوا عومەر شارەزا لەئابووری سیاسی، بۆ پپڵەتیك پرێس وتی: حكومەت سەرجەم سێكتەرەكان دەدات بەكەرتی تایبەت بۆ ئەوەی پارێزگاری لەبەرژەوەندی تایبەتی كۆمپانیاكان بكات، كە دەسەڵاتداران خۆیان خاوەنی كۆمپانیاكانن.

ئەو شارەزایەی ئابووری باسی لەوەش كرد، ئەگەر هاووڵاتیان خۆیان پارە بدەن بۆ كڕینی خزمەتگوزاری گشتی ئەوكات حكومەت چی گرنگییەكی دەمێنێت بۆ ژیانی هاووڵاتی؟

هیوا عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەكاری كەمپینێكی جەماوەین دژ بە بریاری بە تایبەتكردنی كەرتی كارەبا و بڕیار وایە لەداهاتوویەكی نزیكدا كەمپەینەكە دەست بە چالاكییەكانی بكات، كە بریتییە لە كۆكردنەوەی هەزاران ئیمزاو رێكخستنی خۆپیشاندان و نارەزای دەربڕین بەرانبەر بە بریاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بەتایبەتكردنی كەرتی كارەبا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا