خۆشەویستی و سێكس ، بونیادی ژیان

نووسینی: سەمەد زەنگەنە

بەشی دووەم :

لە سەرەتای سەرهەڵدانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە دەربڕین و خستنەڕووی وتە و بیروباوەڕەكان دەربارەی پەیوەندییەكانی مرۆڤ لە هەر سەردەم و سەدە و زەمانێكدا بە گوێرەی یاسا كۆمەڵایەتییە باوەكان و رادەی ئابوری و رۆشنبیری لەو پەیوەندییانە دواون، بۆیە ئەوەی بیەوێت بەدوای گرنگترین شتدا بگەڕێت كە وتراوە دەربارەی خۆشەویستی یان سێكس و بیەوێت بگاتە بڕیاری كۆتایی بۆ ڕۆڵی ئەم دوو سۆزە لە ژیانی مرۆڤدا ، ئەوا سنورێك نییە بۆ لێكدانەوە و وتە و كردار وبۆچوونی ئەو تیۆرییانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی.

ئەگەر بۆ كۆمەڵگای سەرەتایی ژیانی مرۆڤی سەرەتایی بگەڕێینەوە كە لەو كاتەدا مرۆڤ شێوەیەكی سروشتی تەواوی وەرگرتبوو هیچ بەرژەوەندییەكی شێوەی دەستبەسەرگرتن و چەوساندنەوەی تاك و بە كۆمەڵ نەبوو ئەوا دەگەینە ئەو بڕیارەی كە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی مرۆڤی سروشتی سەرەتایی تەبایی و یەكسانی و هاوبەشی بوو كە سۆزی سێكسی بناغەی هەڵس و كەوت و جموجۆڵەكانی نەبوو بەڵام لە دوای هاتنی شێوەی دەستبەسەراگرتنی زەوی و زار و چەوساندنەوەی بەشێك بۆ بەشێكی تر پەیوەندییەكانی مرۆڤیش روەو كەرتكردن و جیاكردنەوە چوون كە هەریەكەیان خزمەتی چینێك یان دەسەڵاتێكی دەكرد.

بەڵام ئەگەر شۆڕبینەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینە ئاسمانییەكان ئەوا دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە هەموو ئاینەكان تێكڕای پەیوەندییەكانی مرۆڤیان بە كۆمەڵە یاسایەكی ئاكارییەوە بەستۆتەوە و چارەسەری كێشەكانی مرۆڤ بە گشتی و جیاوازییەكانی نێوان ژن و پیاویان لە ڕوانگەی ئەو كۆمەڵە یاسایانەوە كردووە كە بناغەیەكی نەگۆڕ و ئەوتۆیە هیچ لە كارتێكردنە بابەتی و گۆڕانكارییەكانی سەردەمی و نوێ‌ نابنە هۆی گۆڕینی یاساكانی، گرنگی كێشە و گۆڕانكاری لە فەلسەفەی ئاینە ئاسمانییەكاندا بەرامبەر بە ژیان بە گشتی و پەیوەندییەكانی (ژن و پیاو) بە تایبەتی بۆ ئەودیوی سروشت دەگەڕێتەوە.. بەڵگە نەویستە هەموو ئاینەكان و ڕێباز و ئاكارە مرۆڤایەتییەكان داوای خۆشەویستی دەكەن لە نێوان پەروەردگار و دروستكراوەكانیدا بە تایبەتی و لە نێوان تێكڕای مرۆڤدا بە گشتی ، بەڵام (ئایا ئاین تەنها ئەو فەرمانانەیە كە وەكو ئەركێك پێویستە جێبەجێ‌ بكرێن و لە سەر ترساندن و تۆڵەسەندنەوە و پاداشت دروست بووە؟ یان ئەو هەوڵ و كۆششەیە كە مرۆڤ ئەینوێنێ‌ لە پێناو وەدی هێنان و سەلماندنی خۆشەویستی) و پێویستییە مرۆڤایەتییەكانی تردا. بەم جۆرە لە هاتنی ئاینە ئاسمانییەكانەوە خۆشەویستی بۆتە پێوانەی هەموو پەیوەندییەكانی تر. بەڵام وەكو وتمان پەیوەندییەكانی مرۆڤ جیاكراوە و لێك دابڕاو نین ،كەم بوونەوە یان زیاد بوونی هەر لایەكیان زیان بە ڕۆڵی لایەكەی تر دەگەیەنێت, ئاشكراشە لەگەڵا هاتنی ئاینەكانیشدا پەیتا پەیتا ڕۆڵی سێكس هاتە كزی و گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە باس كردن یان لێدوان و لێكۆڵینەوەی لە هەندێك كۆمەڵگادا بە شتێكی نەنگی دەژمێردرێت، بەڵام لێرەدا پرسیارێكی دیكەش دێتە ئاراوە: (ئایا ڕۆڵی ئاین لە ژیانی مرۆڤدا تەنها خستنەڕوی دیاردە شاراوەكانی سروشت و نادیارییە؟ یان بە واتایەكی دی : ئایا ڕۆڵی ئاین لە ژیانی مرۆڤدا تەنها ڕۆڵێكی زانستی و فەلسەفییە و بەس؟ یاخود ڕۆڵێكی ڕوحی و دەرونی تری هەیە), واتە مرۆڤ پێویستی بە پشودانێكی ڕوحی و دەرونی هەیە بۆ خۆشگوزەرانی و بەختەوەری ژیانی و دابین كردنی پێویستییە لەشی و فیكری و دەرونییەكانی.

بەڵام بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و تەندروستی گشتی و تەبایی و پێویستییە لەشی و فیكری و دەرونییەكان لە كوێوە دێن؟؟ ئایا خواردن و خواردنەوەی چاك و جل و بەرگی جوان و ڕێك و پێك و سەردەمیی و خانوبەرەی بەرز و باڵا بەختەوەری بۆ مرۆڤ دەهێنێت ؟نەخێر گونجاندنی مرۆڤ زۆر لەمانە باڵاتر و گەورەترن, بەختەوەری مرۆڤ بەكارلە هێنانی توانا لەشی و فیكرییەكانیدایە ئەویش بە شێوەیەكی یەكسان لە نێوان ژن و پیاودا . كورتەی مەبەست و ئامانجی هەموو ئاینەكان، هەوڵیان داوە بۆ دابین كردنی بەختەوەری و تەندروستی دەرونیی بۆ بەشێك یان تێكڕای كۆمەڵ.

فرۆید ویستویەتی ڕۆڵی ئاین لە ژیانی مرۆڤدا دیاری بكات بە شێوەی كارتێكردن لە ژیانی دەرونی مرۆڤدا ئەویش بە ڕێگای سایكۆلۆژی و دەڵێت: (بنەڕەتی ئاین و سەرهەڵدانی لە ژیانی مرۆڤدا دەگەڕێتەوە بۆ هەستكردن بە بێزاری و دەستبەرداری بەرامبەر كارە مەحاڵ و بێ‌ چارەسەرەكان و كەم توانایی لە بەرەنگاربوونەوەی هێزی سروشتی دەرەوە و ناوەوەی دەرونی مرۆڤ ،چونكە ئاین لە كاتێكی سەرەتایی پێشكەوتنی مرۆڤدا گەشەی كرد كە نەیدەتوانی بیر و هۆشی بەكاربهێنێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزە ناوخۆی و دەرەكیانەی ڕوبەڕوی دەبوونەوە ، بۆیە پێویست بوو پەنا بەرێتە بەر شتێكی خەیاڵی و ئەفسانەیی كە دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێكدا هەبێت ، بۆیە هەستا بە دروستكردنی ئەفسانەیەك كە بیگێڕێتەوە بۆ بیر و باوەڕەكەی كاتی مناڵی كە پەنای دەبردە بەر هێز و دەسەڵاتی باوكی بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەكانی جیهانی دەرەوە و ناوەوەی.

بە بۆچونی فرۆید ئاین دووبارە كردنەوەی بۆچون و بیروباوەڕی منداڵییە, مرۆڤ چارەسەری مەترسییەكانی دەوروپشتی وەكو منداڵ دەكات, هەروەكو چۆن ئومێدی بە باوكی هەیە ئاوهاش ئومێدی بە هێزێكی خەیاڵیی ئەودیوی سروشت هەیە..بەهەرحاڵ و هەر چۆنێك بێت مەبەستی ئێمە لە دروستكردن و سەرهەڵدان و گەشەكردنی ئایندا بابەتە فەلسەفی و زانستییەكان نییە بەڵكو كارتێكردنێتی لەسەر هەردوو چەمكی سێكس و خۆشەویستی, جیاكردنەوە و لێكدابڕانی هەردووكیانە. بە تێكڕا ئاینەكان هەوڵی خۆشەویستی و خۆشگوزەرانی و بەختەوەری مرۆڤیان داوە ، بەڵام لەگەڵ ڕێڕەوی هاوبەشی هەردوو سۆزەكەدا نەهاتوون واتە یەكێكیان كردووەتە پێوانەی ئەوی تریان (كە خۆشەویستییە) وە بۆ ئەوی تریشیان چەند یاسایەكی چەسپاو و جێگیری داناوە كە لە ژێر كارتێكردنی ئەو یاسایانەدا حوكمی جموجۆڵە سێكسییەكانیان داوە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینەكان و هەتا ڕۆژگارێكی دوورتر بە تایبەتی هەتا سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمیش لێكۆڵینەوەكان و ئەوانەی كە بە دوای شیكردنەوەی كارە سێكسی و خۆشەویستییەكاندا گەڕاون لە بەر تیشكی بیروباوەڕە ئاینییەكان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە باوەكان (داب و نەریت و هتد..) ەوە سەرنجیان هەڵهێناوە ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە هیچ كام لە لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكان زنجیرەی ئەو بنكە ئاینی و داب و نەریتانەیان نەپساندبێت بەڵام بە تێكڕای باسەكان نەیانتوانیوە ببنە بنكەیەكی ئەوتۆ و گرنگ لە مێژووی ژیانی سێكسی و كارتێكردنی لە ژیانی مرۆڤدا . بۆیە بۆچوونە ئاكارییە نەگۆڕەكان و هەڵوێستە داب و نەریتە باوەكان یارمەتی ئەوەیان دا كە كردارە سێكسییەكان وەكو شتێكی پیرۆز بمێنێتەوە و چارەسەری سێكسیش ڕۆڵێكی دیاریكراوی بەرتەسك ببینێ‌ و روەو بوارەكانی شاردنەوە و سەركوتكردن و نهێنی بچن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا