فەرهاد چۆمانی:هیچ بوارێکی تری ژیان هێندەی ئەدەب دەروەستی گوزارشتکردن لە ژیان نایەت

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف

فەرهاد چۆمانی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٦ـە. دبلۆمی لە ڕاگەیاندندا هەیە. یەکەم کتێبی کۆمەڵە چیرۆکی “پەنجەکان شتێک دەڵێن” بوو، کە لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکرایەوە و دوای دوو ساڵ وەرگێڕدرایە سەر زمانی فارسی.

ساڵی ٢٠١٦ ڕۆمانی “قیژە”ی بڵاوکردەوە. ڕڕۆمانی “تەونی بریا” سێهەم کتێبیەتی. لەپاڵ نووسینی چیرۆک و ڕۆمان چۆمانی لە زمانی تورکییەوە هەرسێ کتێبەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش (سەحەر- دەوران- لەیلان) ی کردوونەتە کوردی. هەروەها ڕۆمانی (نائارامی) نووسەری ناوداری تورک زولفو لیڤانەلی و ڕۆمانی (سێ کچەکەی حەوا)ی خانمە ڕۆماننووسی تورک ئەلیف شەفەق وەرگێراونەتە سەر زمانی کوردی.

هەروەها چۆمانی لە کرمانجیشەوە (مژاباد)ی جان دۆست. هەرسێ کتێبی (ژنانی نهۆمە بەرزەکان- ٩٩ موورووی پەرشوبڵاو- فڕین بە باڵە شکاوەکان)ی حەلیم یووسفی لە کرمانجییەوە کردوونەتە سۆرانی. لەگەڵ ڕۆمانی (من کەسێک دەکوژم)ی فرات جەوەری.

دیار لەتیف: بۆ ناساندنی چیرۆک باشترە بەوە دەست پێ بکەم، پێشەوای جیهانناسی مرۆڤ و کۆمەڵگە و ژیانە. بیرمەندان بە ئاوەز و چیرۆکنووسان بە کەرەستەی ئەندێشە دەست دەدەنە نەخشاندنی کەتوار و بەرجەستنەوەی.  چیرۆک چووەتە ناو فەلسەفە و بەرەو ئاین چووە و سەرەوەتی ئاینە. بێ لە چیرۆک و شیعرییەت، ئاین دەکەوێتە بەر مەترسی دانەنانی کاریگەرییەوە.

ئاین بە پاڵپشتی چیرۆک پاڵنەری کاریگەردانانە لەسەر تاک و کۆ. کەواتە چیرۆک ستوونی پشتی ئاینە و ئاین بێ ئەو ستوونە کەمئەندام دەبێت. لەکاتێکدا ڕۆمان شووناسێکی سەرمایەداریانەی هەیە، هاوتای سینەمایە و دوانەیەکی لێک دانەبڕاون. ئەوەی چیرۆک بەنمرەی یەک و لەهەمانکاتدا شیعر بۆ مرۆڤ و بە مرۆڤی دەبەخشن، ڕۆمان پێی ناکرێت.

چیرۆک و شیعر بابەتی باسکردن و وتنەوەن، دەقاودەق یان بە کەمێک پێش و پاشەوە، بەڵام ڕۆمان توانای ئەوەی نییە.

سەرەتاکانی چیرۆکی هونەریی کوردی لە هەرێمی باشووری کوردستان، بۆ بیستەکانی سەدەی بیست، بەدیاریکراوی ساڵانی ١٩٢٥ـ١٩٢٦، لەسەر دەستی جەمیل سائیب چرۆی کرد.

سائیب لە ڕۆژنامەی ژیانەوە بەشێوەی ئەڵقە ژمارەیی چیرۆکی لەخەومای نووسیوە و بڵاوکردووەتەوە. جگەلەوەی یەکەم چیرۆکی هونەرییە، هەمان وەخت یەکەم چیرۆکی کراوەی هونەرییە و بەمجۆرە دەتوانین بێژین چیرۆکی کوردی بە تەکنیکی کراوە هاتەنووسین. لەبارەی چۆنییەتی کراوەیبوونییەوە شایەن بە لەسەر وتنە و مەبەستی منیش نییە لێرەدا بەرباسی بدەم. ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە چیرۆکی لەخەوما ڕێبازی کەتوارگەریی ڕەخنەگرانەیە و چیرۆکێکی کراوەی هونەرییە و کۆتاییەکەی نووسراوە ماوێتی، لەڕاستیدا ئەو وشە لەوێدا نە گرنگە و نە بەهاشی هەیە. ڕێبازی چیرۆکەکە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە لە لە ئۆرووپا و ڕووسیا نەشونمای کردووە و نموونەی ڕۆماننووسانی وەک(بەلزاک ـ ستانداڵ ـ ولییەم گۆدووینی ـ تۆڵستۆی ـ دیکنز). مۆرکی ئەم ڕێبازە لە وێژەی کوردی، لە جەمیل سائیبەوە دەست پێدەکات و، پەنجاکان کە ڕژێمی پادشایەتی دەکەوێت، گۆڕانکارییەک لە خەتی بابەتدا ڕوودەدات و سەرهەڵدەدات، هەرچەندە هێزی ئەم ڕێچکە تاوەکو ئێستا بە شێوازی گۆڕێنراو درێژەی هەیە.

پاش لەخەوما، چیرۆکنووسانی دیکەی وەک(ئەحمەد موختارـ حسێن عارف ـ پیرەمێردـ شاکر فەتاح ـ عەلادین سەجادی ـ حسێن حوزنی ـ ئیحسان موستەفا ـ فایەق زێوەر ـ محەرەم محمد ئەمین ـ محمد مەولود مەم ـ مستەفا ساڵەح کەریم ـ کاکە مەم بۆتانی ـ کاوس قەفتان ـ جەماڵ بابان ـ جەماڵ نەبەزـ کامەران موکری) بەردەوامیان بە ڕەوتی ڕەگەزی چیرۆکی کوردی دا. هەرچەندە حسێن عارف وردترێک لە کتێبی چیرۆکی هونەریی کوردی ئاماژەی بەم ناوانە داوە و ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە، لێکۆڵینەوەکەی تاوەکو شەستەکانی چیرۆکی کوردی کردووە، کە زۆر پێویست بوو دەیەی شەست و هەفتاکانیشی لە خۆ گرتبا، ئەو دوودەیەی چیرۆکی کوردی بۆ توێژینەوەکە پیتاک دەبوو بە هۆکاری ئەوەی چیرۆکنووسێکی وەک سەدرەدین عارف، کە ڕێک لە شەست و حەوتەوە پاش حسێن عارف نەخشەی چیرۆکی کوردی لە کەشوهەوای لادێوە بۆ شارستانێتی سەپاند و نەکەوتە ژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیای زاڵی قۆناغەکەوە.

ڕۆژنامە و گۆڤار ڕۆڵی ڕۆشنکەرەوەی بەرچاویان لەسەرخستنی چیرۆکی کوردیدا گێڕاوە، گەر ڕۆژنامە و گۆڤار نەبان، زۆرینەی چیرۆکی کوردی نەدەهاتنە بەرهەم.

چاپەمەنی گەشەی بە چیرۆکی کوردی دا، لە ئەگەری نائامادەیی ڕۆژنامە و گۆڤاردا جێی گومان نییە چیرۆکی کوردی درەنگترێک لەوادەی خۆی سەری هەڵدەدا.

ستەمێک بەرامبەر وێژەمان کرابێت لە چاپ نەدانەوەی سەرجەم ئەو چیرۆکانەیە لە ڕۆژنامەگەری کۆنی کوردیدا هەن. چاپدانەوەی لەچەند بەرگێکدا لەژێر ڕەچاوی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕستەسازی ڕێزمانی کوردی، دەبێتە هۆکاری پتەوکردن و ڕێکخستنەوەی پەرشی لەئارابووی چیرۆکەکان، ڕیزکردنی بەپێی بەرواری ساڵی بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکە و لە فەوتان ڕزگارکردنی سامانێک لە وێژەی کوردی.

خاڵێکی زەق لە بەشێکی زۆری چیرۆکی پێشینمان ئاشکرایی و ڕاستەوخۆییە؛ بەر وتاردان و پەند و ئامۆژگاری دەکەوین، ئەوەش خەساری کوشندەیە، ئایا لادان لە ڕێڕەوی هونەریی لە پێناو گەیاندنی پەیامدا بووە؟ پەیام قووربانیپێدەری ڕەگەزە هونەرییەکە بووە، ئایا خێرایی لە گەیاندنی پەیامدا وێژە دەخاتە دۆخی پابەندبوونەوە؟

بەشێوەیەکی گشتی کەمینەیەک چیرۆکنووسمان هەن، نەکەوتوونەتە ژێر هەژموونی مێگەلنووسییەوە.

تەماشای مێژووی چیرۆکی پێشینمان بکەین دەبینین شاعیران ڕۆڵی بونیادنەریان لە دامەزراندن و جێگرکردنی ڕەگەزی چیرۆک لە وێژەی کوردیدا هەبووە، نموونەی وەک: ئەحمەد موختار ـ پیرەمێرد ـ فایەق زێوەر ـ ئێبراهیم ئەحمەد ـ و هتد.

ئایا هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

بۆ بابەتی تەنز لە چیرۆکی کوردی، دەکرێت سەرەتای چیرۆکە خەندەیییەکان بۆ چیرۆکنووسانی وەک: سەلامی شاعیرـ عەلادین سوجادی ـ حسێن حوزنی، بگەڕێندرێتەوە. تەنز وەک حاڵەت لە چیرۆکی هەریەک لەم چیرۆکنووسانە دەرکەوتەی هەبووە. بەڕێژەیەکی کەمیش بێت بەشدارییان لەم ڕەگەزەدا هەبووە. لە چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین ئارام کاکەی فەلاح توانیویەتی تەنز لە چیرۆکدا بڕەنگێنێت. ئایا چیرۆکی کوردی مافی بە نەخشاندنی ڕەگەزی تەنز داوە؟ گرنگی تەنز بۆ چیرۆک چییە؟

قۆناغی تازە شێوەی نوێی گوزارشتی لەگەڵ خۆی هێنا، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست جۆرێک لە وێژە سەری هەڵداوە  بە ئەدەبی سەردیوار ناوزەد دەکرێت.

ئەم تەرزە شێوە نوێیە پێرفۆرمانسە وێژەییە لە سەروەختی نا ئارامی و ناسەقامگیری مۆرکی خۆی دەسەپێنێت. چ لە شۆڕشەکان و چ لەخۆپێشاندانەکان سوودی زۆر لەم تەرزە وێژەییە وەردەگیرێت. ئەم تەرزە وێژەییە کە وێژەی سەر دیوارە، چووەتە ناو مەجازەوە. لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا شێوە دەربڕاوێک درووستبوو بەنای هاشتاگ، هاشتاگ ڕستەیەک یان کۆپلەیەکی چڕکراوی زمانەوانییە و خاوەن پەیامێکە. دەکرێت بە چرکانە چیرۆک بیناسێنین، چرکانە بە واتای چیرۆکی ڕستەیی و کورتیلە چیرۆک. پەیام زاڵترە لە هونەرکاری و لەهەمانکاتدا ڕووداو لەگەڵ گڕێچن ئامادەیی نییە. پێکداچوونەوەی نێوان ڕەگەزەکان و ئاوێتەبوونیان وکشانەوە و لق لێ بوونەوەی، وادەکات فۆرمی تازە بێتە سەرهەڵدان. ڕەهەندی مرۆڤدۆستی لەقۆناغی نوێی چیرۆکی کوردی و ڕەهەندی بەرگری لەقۆناغی کۆنی چیرۆکی کوردی ئامادەییان هەیە، چیرۆک پێش ڕەچاوکردنی ڕەهەندی مرۆڤدۆستی و بەرگری، پێویست دەکات هونەریی بێت. ئاخۆ شەقڵی چیرۆکی چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین و چیرۆکنووسانی دوای دوو هەزار و دە، لە چیدایە؟ ئایا جیاوازییەکان زۆرترێکن، یان لێکچوونەکان؟

فەرهاد چۆمانی: ڕێگەم بدە ئەم پرسیارە فرەڕەهەندەتان لەبەریەک هەڵبوەشێنمەوە، چونکە هەر بەشێکی پێویستی بە هەڵوەستە و لەسەر وەستانی فراوان هەیە، هێندەی بوارم دەبێت وەڵامی بدەمەوە.

من پێموایە چیرۆک نەک تەنیا ئەندێشە، بەڵکو بۆتە و ئەستێڵکی کۆکردنەوەی ئاوەز و خەیاڵ، زانست و میتۆلۆژیایشە، ئەمە زیاتر لەوەی تەنیا سروشت، هاوکات وادەزانم هیچ بوارێکی تری ژیان هێندەی ئەدەب دەروەستی گوزارشتکردن لە ژیان نایەت. ئەوە ئەدەبە، بە دیاریکراویش هونەری داستانی و چیرۆکە پەی بە وردەکارییە هەرە شاراوە و نەستییەکانی ناخی مرۆڤ دەبات، داستانە دەتوانێت کۆژان و تراژیدیای بوونی مرۆڤ لە خۆیدا هەڵبگرێت. ئەگەر لە ڕووی بایۆلۆژییەوە هەر تێگەیشتنێک بۆ هەبوونی ئاوەز، ئەندێشە و زمان بۆ مرۆڤ هەبێت، دەتوانم بێ دوودڵی ئەوە بڵێم ئەمانە بۆیە لە مرۆڤدا لەو ئاستە گەشەسەندووەدا هەن تا بگێڕێتەوە. بۆیە بە پەیوەستکردنەوە بە بەشێکی پرسیارەکەت؛ ئەوە فەلسەفە، ئایین و  زانستەکان نین چیرۆک بەرەویان چوویان، بەڵکو وادەزانم هەموو ئەمانە زادەی چیرۆکن، ڕەنگە ئەم بۆچوونەم گیروگرفتئامێز بێت و  گەنگەشە هەڵبگرێت، بۆ ئەمە دەرفەتی ڕوونکردنەوەی زۆرم نییە ئەوە نەبێت کە بڵێم؛ ئەوە چیرۆکە سنوورە کۆنکرێتییەکانی ئەوانیشی شکاندووە و وایکردووە کاریگەرییان زۆر زیاتر بێت. لە مێژووی فەلەسەفەدا نموونەی ئەو کتێبانە کەم نین کە چیرۆکئامێزن و ئەگەر وەهاش نەنووسرابان نەیاندەتوانی لە قەپێلکی سنوورداری خۆیان بێنە دەرەوە و سەردەمەکان ببڕن. تۆ بڵێ کۆماری ئەفلاتوون، نیچە وەها دووا و نموونەگەلی تر دەرخەری ئەم ڕاستییە نین؟

بەڵام بۆ ئەوەی ڕۆمان لەژێر سایەی داستان دەرنەکەم، هاوڕای ئەوە نیم ڕۆمان شوناسێکی سەرمایەدارانەی هەبێت، مێژووی ڕۆمان لەوە کۆنترە بۆمان هەبێت بەم کۆنکرێتییە شوناسی پێ بدەین. وە لەلایەکی تریشەوە سنووری ژانرە ئەدەبییەکان، چجای ئەدەبی گێڕانەوە هێندە کاڵبوونەتەوە ڕێگەی ئەوەمان لێ دەگرێت پۆلبەندییەکی پلەباڵایانە بکەین لەنێوانیاندا. شتێک نییە بەو مانایەی شیعر و چیرۆک پێی دەکرێت و ڕۆمان پێی ناکرێت. ئەگەر پێمانوابێت، غەدرێکی گەورە لە ڕۆمان دەکەین. بە تایبەت ئەگەر سەرباری ئەو هەموو جیاوازییانەیان ڕۆمان هاوتای هونەری سینەما بکەینەوە.

سەبارەت بە سەرەتاکانی مێژووی چیرۆکی هونەری کوردی، دەتوانم بڵێم ئەو دەستپێکە هەر لەوەدا کورتنابێتەوە کە کۆتاییەکی کراوە سەلمێنەری کراوەیی چیرۆکی کوردییە. بەڵکو بەوەشدا چیرۆکێکی کراوەیە کە فۆرم و کڵێشەی دەقگرتووی تا ئەو سەردەمە دەشکێنێت و شێوازێکی تری گێڕانەوە دەهێنێتە کایەوە، وەک چۆن سێرڤانتس بە ڕۆمانی دۆن کیخۆتە کردی، بەڵام ئەوەی سێرڤانتس کردی، ڕادیکاڵانەتر بوو. سەرەتای چیرۆکی کوردی ئەگەر خاڵێکی جیاکەرەوەش بێت، بەڵام دیسان پابەند دەبێتەوە بە سەردەمەکەی خۆیەوە. ئەوەی ئێستا ئاوڕی بۆ دەدەینەوە و بەهادارە لامان ڕەهەندە مێژووکردەکەیەتی. ئەگەرنا چیرۆکی لە خەوما بە پێودانگی چیرۆکی هونەریی پڕیەتی لە کێماسی. ئەمە خەوشێکی هێندە گەورەش نییە، چونکە سروشتی چیرۆک و داستان وایە، دەبێ وەفادار بێت بە سەردەمەکەی خۆیەوە و تانوپۆ و مۆرکەکەی هەڵبگرێت.

بۆیە ئەوەی سەدرەدین عارف و پێش ئەویش حسێن عارف دەیکات دروست لای من ئەو خاڵە  پڕشنگدارەیە کە چاوەڕوانیم لێی هەیە لەو مێژووەدا. هێنانەوەی چیرۆک بۆ نێو ناو ماڵە ڕاستەقینەکەی خۆی کە شارە من زۆر جێی بایەخە. لە ڕووی فۆرم و ناوەرۆک و تێماوە سەرنج بدەینە ڕۆمانی شار (بۆیە ڕۆمانی شار بە نموونە دەهێنمەوە تا دووپاتی بکەمەوە لە ڕوانگەی منەوە چەندە سنووری نێوان رۆمان و چیرۆک کاڵن)

دەبینین زیاتر لە ڕەوتی سروشتی مێژووکردی گەشەسەندن جۆرێکە لە چەکەرە و دەرقوڵینی توانایی  نووسینی دەقی هونەری بەرز و نزیک دەبێتەوە لە مەوداگرتن و فراوانکردنی کەلێنی نێوان خۆیان و چیرۆک و ڕۆمانی نووسراو تا ئەو سەردەمە.

بەڵام سەبارەت بە پەیام و هونەری چیرۆک من کاتێک بە دەقەکانی چیرۆکی کوردی لای هەر نەوە و هەر قۆناغێکی مێژووی چیرۆکی هونەری کوریدا بێت دەچمەوە تێبینی ئەوە دەکەم دەکرێ لەنێو چیرۆکدا چیتر بخوێنمەوە، چیتر دەبینم و وێنای چی دەکەن. چیرۆکی ئێمە بە دروستی بووەتە قوربانی ئەو نەریتەی کۆمەڵگەی کوردی پێی بەخشیوە، شێوەگرتنی کۆمەڵگەی ئێمە کە کۆمەڵگەیەکە تاک لەنێو خۆیدا دەتوێنێتەوە و ڕێگە بە “پەرتەوازەیی” نادات، وەک چۆن شۆڕشەکان و هەوڵی مانەوە وایکردووە کۆمەڵگەی ئێمە هێندەی بچێتەوە نێو خۆی هێندە هەوڵ پەلهاوێژی و فرەڕەهەندی و فرەچەشنی نەدات، وەک چۆن شۆڕشەکان ئەدەبێکی شۆڕشگێڕی و لاگیری خەم و زەحمەتییەکانی پڕۆلیتاریای ویستووە، وەک چۆن  هەر دەرچوونێک بە ئاڕاستەی تایبەتمەندێتی و جیاوازی و هەر هەنگاوێک بە ئاڕاستەی داهێنانێکی ڕادیکاڵانە -ئەگەر هەبوبێت- خراوەتە پەراوێزەوە، بۆیە هونەرکاریی لە چیرۆکی کوردیدا بووەتە قوربانی گەیاندنی پەیامێکی ڕوون و بە خەمی ڕۆژانەی ژیانەوە نووساوە. دەشێ لەوەدا باری خەتا هێندەی لەسەر سروشتی کۆمەڵگەکەمان بووە هێندە نەکەوێتە سەر چیرۆکنووسانمان.

چیرۆکی تەنز، یاخود ساتیرە یا هەر ناوێکی تر لەو فۆرمەدا نەک تەنیا بۆ چیرۆک، بەڵکو بۆ پەیوەندی نێوان چیرۆک و هۆشیاری تاک، چیرۆک و سیاسەت و دەسەڵاتی سەردەست، چیرۆک و دۆزینەوەی ڕێگەیەکی تری خەبات، چیرۆک و ختووکەدانی هەست و هۆشی ئەوانەی بە تووندی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بە پیرۆزکردن گرنگ و تا بڵێی بەهادارە. بە داخەوە لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا هێشتا تەنز سەنگینییەکی وەهای نەگرتووە تا مەودایەکی فراوان لەو مێژووەدا داگیر بکات، ئەمە کێماسییە. ڕام وایە هیچ  کاریگەرییەک ناگاتە کاریگەریی  تەنزی  بۆ پیرۆزیی و پیرۆزکراو. چیرۆکی تەنزئامێز سروشتی کردنەوەی گرێکوێرەکانی هەیە. لەبەر ئەوەی ئەدەبی ئێمەش ئەدەبێکە کەمتر خۆی لە قەرەی شکاندی تابووکان دەدات، کەمتر دەیەوێ مەودایەک لەنێوان خۆی و نۆرمە باوەکان دروست بکات، نایەوێ لەسەرووی تێگەیشتنی باو بۆ دیاردەکانی نێو کۆمەڵگە دابهێنێت، بۆیە وادەزانم ئەمە هۆکارگەلێک بن کە تاوەکو ئێستاش بەشێوەیەک کە پێویست بوو چیرۆکی تەنز گەشە بکات.

من سوپاسی پاراگرافی کۆتایی پرسیارەکەت دەکەم، ئەمە دەرفەتێکە تا باس لە شەقڵ و شێواز و تەکنیکی گێڕانەوەی تازە بکەم. دیارە کرانەوەمان بەسەر کتێبخانە و ئەزموونی نووسەرانی گەلانی دنیا وای کرد چیرۆک تەکانێک بچێتە پێشەوە و لە حەکایەتخوانیی بەرئاگردان و  چیرۆکی سادەی گوندییانە دووربکەوینەوە. شێوازە تازەکان، ڕێبازە جیاوازەکان بۆ گێڕانەوە، چەکەرەکردنی پلۆت و تاقیکردنەوەی ئەزموونی تازە هەموویان بەیەکەوە وایانکرد چیرۆکی کوردی خۆی لە کۆمەڵێک کڵێشە و باسی سواو بتەکێنێت و تازە ببێتەوە. لە دوای ڕاپەڕینەوە بەشێک لەو چیرۆکنووسانەمان، بە تایبەت پێمخۆشە ئاماژە بە کاروان کاکەسوور بدەم، وایانکرد قۆناغێکی تازەی نووسینی چیرۆک بێتە پێشەوە. بەڵام تا ئەو ڕاددەیە هاوڕای ئەوەم ئەزموونی چیرۆکنووسانمان هەن دەستیان بە شەقڵ و شێوازی پێش خۆیان بەستووە کە بڵێم وای کردووە درەنگتر ئەزموونی تازە تاقیبکرێتەوە. بەڵام ئەوەی راستی بێت لە هەڵپەی شێوازی جیاواز تێناگەم! بە تایبەت لای چیرۆکنووسانی ئەم دەیەی ڕابردوو. چونکە بە شێوازێک چیرۆک دەنووسرێت، هێندە بێ پەروایانە چیرۆک دەنووسرێت، کە لەسەر حسابی زمان و تایبەتمەندیی خۆیانە. ئەمە وای کردووە زۆربەی چیرۆکنووسانی ئەم دەیەی دوایی لە یەک بچن و کەمترین جیاوازییان هەبێت. بەداخەوەش دەڵێم ئەوان نەک ئەمە دەکەن بۆ ئەوەی چیرۆک زیاتر و زیاتر هونەرییانە بێت، بەڵکو هۆکارە بۆ ئەوەی چیرۆک لە بنەماکانی داببڕێت و هەرچی بنووسرێت لەسەر چیرۆکی هونەری حساب بێت. یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی جیاوازی نێوان چیرۆکنووسانی دوای ڕاپەڕین و ئەم دەیەی ڕابردوو مەعریفە و پاشخانە خوێنەربوون و ئاگاییانە لە زمانی تر و خوێندنەوەی خەرمانی ئەدەبیاتی جیهانی. هەڵپەیەک بۆ ناوداربوون هەیە چیرۆکی کردووەتە قوربانی خۆی. لەگەڵ ئەوانەشدا ئەزموونی تازە و تایبەت هەن کە دەکرێت لە ئێستاوە دەستوخەت و شێوازەکەی خۆیان بناسینەوە و جیایان بکەینەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا