ژیار ئەسوەد کتێبی ” دوو پێی ون”ی بڵاو کردەوە

پۆڵەتیک پرێس

ژیار ئەسوەد کە شاعیرێکی لاوی باشوری کوردستانە یەکەم کتێبی شیعری خۆی بە ناوی “دوو پێی ون” بڵاو کردەوە.

ژیار ئه‌سوه‌د لە بارەی کتێبەکەیەوە وتی: ته‌واوی شیعره‌كانم له‌ نێوان ته‌مه‌نی ١٧ بۆ ١٩ ساڵیدا نووسیومن. ئه‌مانه‌ به‌رھه‌می ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی بیركردنه‌وه‌ و ئه‌زموونی منن، بۆیه‌ ھه‌وڵم داوه‌ ھه‌ریه‌ك له‌ شیعره‌كان به‌پێی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی تێیدا نووسراوه‌، فۆرم و ناوه‌ڕۆك و زمانی تایبه‌ت به‌خۆیان بپارێزم. ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ كۆی ده‌قه‌كان، ھه‌مه‌جۆرییه‌كیان تێدا به‌دی بكرێ له‌ ھونه‌ره‌كانی شیعر.

کتێبی “دوو پێی ون” کتێبێکی قەبارە بچووکی ٧٠ لاپەڕەییە و لە بڵاوکراوەکانی وەشانخانەی باڵندەیە و لە رۆژانی پێشانگای نێودەولەتی کتێب لە هۆبەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و وەشانخانەی باڵندە بەردەستە و لە کتێبخانە و ناوەندەکانی دیکەش بڵاو دەکرێتەوە.

ژیار ئەسوەد لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠١ ەو ماوەی پێنج سالی دەنووسێت، ژیار جگە لە شیعر چەند چیرۆکێکیشی لە گۆڤارو رۆژنامە و ماڵپەڕەکاندا بڵاو کردووەتەوە.

دوو شیعر لە کتێبەکەوە:

ژنێکی بێسەر

ناو باڕێکی ژەنگگرتوو
لە مێزەکەی تەنیشتم
ژنێک، سەری خۆی لێ کردەوە و
لەبەردەم خۆی داینا.
میلی کاتژمێر ماڵئاوایی لە زەمەن کرد،
ئەو بەردەوام بوو لە مشتومڕ لەگەڵی.
کە بە بێهۆشییەوە هەستا…
“منداڵدانم ماڵێکی فراوان بوو
چووکی پیاوێکیش میوانێکی بەد”.
دوو دێڕی سیاناویی لێ تکا.

..

ئۆپەراسیۆن

لە شاری دروستکراو لە تەپوتۆز، ناوەکەی داتاشراو لە خۆڵ: ئارابخا، لە بازاڕەوە بە کیسەیەکی پڕ شیعرەوە دەگەڕامەوە ماڵ؛ ھەندێ کەرەستەی ئەوتۆم پێ بوو بۆ ئەم شیعرە نوێیەم. ناکاو پاسەکەمان وەستا و سەربازێکی دەموچاو پێچراو چەشنی تێرۆریست ھات و دەتگوت بەدوای تێرۆریستی ھاوچەشنیدا دەگەڕێ. ھەر بە بینینی چەکە درێژەکەی ناو دەستە ڕۆبۆت ئاساکانی، بیرۆکە ھەڵفڕی و بووە ھەڵم بە بنمیچەکەوە. نەموێرا ھەستمە سەر پێ بیگرمەوە، نەکا بە فیشەکێک خوێنم کانیلەی سەر خاشاک بێ. ناسنامەکەی پشکنیم و پێی دامەوە. ئۆپەراسیۆنەکە ئاسان تێپەڕی، بێ پرسیار لە بنەچەم کە دەگەڕێتەوە بۆ وشە و بێ پرسیار لە شوناسم کە نیمە. دواجار کاسەی سەرم ھەڵدایەوە کەرەستە نەمابوو، تەنھا: سەربازی ڕۆبۆت، چەک، ناسنامە و شیعرێکی ھەناو بەتاڵ.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا