غەمگین خدر: نۆ ساڵ کارم لەسەر یەکێک لە شیعرەکانی کتێبە نوێیەکەم کردووە

پۆڵەتیک پرێس

نووسەر و شاعیر غەمگین خدر، نوێترین کتێبی شیعری خۆی، بە ناوی “تەرمێک لەسەر زمانم دەنێژم” بڵاودەکاتەوە.

لەبارەی نوێترین کتێبی، غەمگین خدر بە بەشی فەرهەنگی پۆڵەتیک پرێسی وت: ئەم کتێبە شیعرییە سێیەم بەرهەمی شیعری منە ، شەشەم کتێبی بڵاوکراوەمە، هەوڵمداوە لەم کتێبە شیعرییەدا زیاتر ئیش لەسەر چییەتی شیعر بکەم، هەوڵبدەم ئەو مۆرکە شیعرییەی کە هەیە لە فۆرمی نوسینی من رەنگەکەی تۆخ بکەمەوە، چونکە هەستم کرد ناڕوونی و ناحاڵیبوونێک لە کتێبەکانی دیکەم بەتایبەت کتێبی پێشترم ڕوویدابوو ، ئەم کارەش لێکدانەوەی جیاوازی دروست کرد لەلایەن خوێنەران و ئەوانەی توێژینەوە لە شیعر دەکەن.

دەشڵێت: هەوڵمداوە زۆر بازبازێن نەکەم لەنێوان شیعرەکاندا، هەوڵبدەم ئەو ستایلەی شیعری منی پێ دەناسرێتەوە کاری تێدا بکەم

لەبارەی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە هیچ کتێبێکی نوێی بڵاو نەکردووەتەوە غەمگین خدر بە بەشی فەرهەنگی پۆڵەتیک پرێسی وت: رەنگە زۆر کەس ئەو پرسیارە بکات بۆچی بەرهەمی تازەم نەبووە، رەنگە خۆشم زۆر جار ئەو پرسیارەم لە خۆم کردبێت، بەڵام چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەم کتێبە نوێیەم ئامادەبووە بۆ چاپ و دوامخستووە هەوڵمداوە لەناو شیعرەکاندا زیاتر بژیم، بەبڕوای من شاعیر چەند لەناو شیعری خۆی و دونیابینی خۆی بژی، کە شیعرەکە لەدایک دەبێت و کتێبەکە چاپ دەبێت، خوێنەریش بە هەمان شێوە دەتوانێت زیاتر لەناوی بژی.

غەمگین خدر زیاتر لەبارەی ئەم کتێبە نوێیەی بۆ فەرهەنگی پۆڵەتیک پرێس دواو وتی: شیعری تێدایە کە لە ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ وە هەر لە ژێر دەستم بووە ، بەتایبەت شیعری دەمەوێ بەقەد پارەی گیرفانی خۆم بمرم ، نزیکەی ٩ ساڵ لەژێردەستم بووە و کارم لەسەر کردووە و لێی تێر نەبووم، بڕیار بوو ئەو شیعرە درێژە بکرێتە کتێبێکی سەربەخۆ بەڵام دواجار پرۆژەکەم گۆڕی و هەموو دەقەکەم گووشی و کردمە یەک شیعر و لەم کتێبەدا جێگەم کردەوە.

غەمگین خدر لەبارەی ئەزموونی نوسینی خۆیەوە وتی: لە ناوەڕاستی ساڵی دووهەزارەوە دەستم بە نووسینی شیعر کردووە. دواتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ وازم لە نووسین هێناوە وهەموو شیعر نووسراو و چاپکراوەکانم سوتاندووە. دوای ئەوە گەڕامەوە و یەکەم کۆمەڵە شیعرم بڵاوکردەوە بەناوی (ڕووتبوونەوەی وشەکان) ساڵی 2012. لە هەمان ساڵدا کتێبی (گۆرانییەکی شین)م بڵاوکردەوە کە پێک هاتبوو لە کۆمەڵە وتارێکی ڕەخنەی ئەدەبی.

غەمگین خدر لە ساڵی 2014 کتێبی(جوانیناسی لە ئاوێنەی ڕەخنەوە)ی بڵاوکردەوە. پاشان یەکەم ڕۆمانی بەناوی (خوێنەری تارمایی)بڵاوکردەوە.
دواکتێبی شیعریشی دووساڵ پاشتر بەناوی (برینەکان گۆرانیمان پێدەڵێن) بڵاوکردەوە.

غەمگین خدر بەرپرسی چەندان پاشکۆ و لاپەڕەی ئەدەبی و فەرهەنگی بووە.

دەستەی چاپ و بڵاوکردنەوە بووە لە خانەی خەون.

ئێستا بەرپرسی خانەی کولتوورە لە شاری هەولێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە.

لە ساڵی 2014 خەڵاتی چالاکترین شاعیری پێبەخشراوە لەلایەن حزبی شوعی کوردستان.

بەڕێوەبەری نووسین بووە لە پاشکۆی نسێ لە دەزگای زاری کرمانجی.

ساڵی 2019 خەڵاتی یەکەمی شیعری وەرگرتووە لە ڤێستیفاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا