بە فشاری یەكێتی هەرێم و بەغدا لە رێككەوتن نزیكبوونەوە

پۆڵەتیك پرێس

دواجار هەوڵەكانی یەكێتی بۆ نزیكبوونەوەی هەرێم و بەغدا بە ئاڕاستەی رێككەوتن بە ئەنجام گەیشت و بەغدا بڕیاریدا مانگانە بڕی 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

بەپێی زانیارییەكان بەدرێژایی چەند رۆژی رابردوو بەتایبەتی رۆژی 15ی ئاب، هاوسەرۆكی یەكێتی ‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر هێڵ بوون‌ و فشاریان كردووە، تا مەسروور بارزانی‌ و پارتی بەرێككەوتن لەگەڵ بەغدا رازی بن، دواین پەیامی لاهور شێخ جەنگیش كە تێیدا جەختی لە رێككەوتن كردبووەوە، بەشێك بوو لە فشارەكان بۆ رێككەوتنی هەرێم و بەغدا.


رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری عێراق بە پۆلەتیك پرێسی رایگەیاند؛ بۆ رێككەوتنی هەردوولا، یەكێتی جگە لە هەوڵەكانی بۆ رازیكردنی بەغدا، هەروەها فشاریشی خستووەتە سەر پارتی تاوەكو بەرێكەوتن رازی ببێت، “یەكێتی بە ئاشكرا ئەوەی راگەیاندووە كوردستان چیتر بەمشێوەیە بەڕێوە نابرێت ئەگەر مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە دابین نەكرێت ئەوا لە حكومەت دەكشێتەوە”.

ئاماژە بەوەشدەكات، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رۆڵی جدی هەبووە تا قەناعەت بە سەرۆك وەزیرانی عێراق بكرێت بۆ ئەوەی كێشەو گرفتەكانیان لەگەڵ هەرێم چارەسەر بكەن و مانگانە 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێرێت.

رێزان شێخ دلێر جەخت لەوەش دەكاتەوە، پێشتر چەندجار یەكێتی ئەوەی راگەیاندووە كە تاكە رێگە لەبەردەم هەرێم رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا، چونكە هەرێمی كوردستان مانگانە داهاتی ٣٠٠ ملیار دیناری هەیە، بەڵام تەنها بۆ مووچە زیاتر لە 800 ملیار دیناری پێویستە.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رۆڵی جددی هەبووە تا قەناعەت بە سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات بۆ ئەوەی كێشەو گرفتەكانیان لەگەڵ هەرێم چارەسەر بكەن

لە چەند رۆژی رابردودا فشارەكانی یەكێتی بۆ رێككەوتن زیاتر بوو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دوای كۆبونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیران، لە راگەیەنراوێكدا حكومەتی هەرێم نیگەرانی خۆی بەرامبەر هەڵوێستی بەغدا نیشاندا، ئەوەش كاردانەوەی لایەتی عێراقی لێكەوتەوەو وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی هەرێمی دایەوەو رایگەیاند، حكومەتی هەرێم نەرمی نەنواندووەو رازی نییە بەوەی كارمەندانی حكومەتی ناوەنی بچنە دەروازە سنوورییەكانەوە.

وەڵامدانەوەی هەردولاش نیگەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی لێكەوتەوەو داوایان دەكرد، حكومەت و بەتایبەت مەسرور بارزانی باشتر بڕیار بدەن تاوەكو لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن و چیتر هاوڵاتیانی هەرێم لە دڵەڕاوكێدا نەمێننەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یەكێتی فشارەكانی چڕتر كردەوە، دەرئەنجامی ئەو فشارانەش لێكنزیكبوونەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

بڕیارە بەم نزیكانە حكومەتی هەرێم كۆبێتەوە تاوەكو بەپێی پارەی بەغداو ئەو داهاتەی لە بەردەستیانە بڕیار لە شێوازی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاری ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم بدەن.

هەوڵی یەكێتی چی لەناو حكومەت و چی لە دەرەوەی حكومەتیش كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بەرەوپێشچوونی رێككەوتنەكان

شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بارەی رۆڵی یەكێتی لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، “هەوڵی یەكێتی چی لەناو حكومەت و چی لە دەرەوەی حكومەتیش كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بەرەوپێشچوونی رێككەوتنەكان، لەسەر ئاستی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی قسە لەگەڵ كازمی كراوە، هەروەها سەرۆكایەتی وەفدی حكومەتیش لەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە بووە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ خەڵكی كوردستان روونە كام لایەن لەگەڵ رێككەوتن بووەو لێدوانەكان و هەڵوێستی لایەنەكان لە رابردودا دەریدەخەن یەكێتی چەند كاری لەسەر ئەو رێككەوتنە كردووە، “وەفدی یەكێتی لەناو حكومەت وتویانە ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بێتە ئاراوە، ئەوا ناچنە ژێر باری بڕینی مووچەی فەرمانبەران”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا