خۆتان لادەن چەقۆ كێش هات

ماوەیەكە كوڕو كاڵ و پاسەوانی بەر پرسەكان چاوی پیاو دەردەكەن ، ئەوانە دەست لە هیچ ناگێڕنەوە ، راستی ئەوە بەرهەمی پەروەردەی سەقەتەو هیچی تر ، خۆ ئەگەر پەروەردەی خێزانی ، كۆمەڵایەتی ، سیایی و ئاینی و پەروەردەیی دروست بن ، ئەم هەموو ” بخوڕو ببڕە ” لەكوێوەوە پەیدا دەبن ، ئەوە جگە لەوەی لە دوای هەر روداوێكیش كەس نازانێ‌ داخوا تاوانكاران سزادەدرێن یان نا ، كەس نازانێ‌ كێشەكان بە پارەو ئاشتەوایی دەرەوەی یاسا چارەسەر دەكرێن یان بە یاسا ، ئەوانەی هێرشیان كردە سەر چێشتخانەكان لە هەولێرو سلێمانی گیران یان نا ، ئەوانەی لە دكتۆر دەدەن گیران یان نا ، ئەوانەی پەلاماری ئەفسەر دەدەن گیران یان !!.

من زۆر خۆشیم بە بازگەی تاسلوجەدا نایەت ، لەوێ‌ وێڕای ناسینم چەند جارێك هەر لە بەر ئەوەی پێمبڵێن تۆ وەك ئێمە بیر ناكەیتەوە رایانگرتووم ، لە گەڵ ئەوەشدا هەندێك لە كوڕەكان كوڕی زۆر بە رێزن ، ئەوەی ئەمڕۆی چەقۆكێشەكان بیانوەكە هەر چیەك بێت ، جگە لە بەڵتەگی هیچی تر نیە ، ئەوانە ئەگەر بە بەرپرسەكەیانەوە پشت ئەستور نەبن هەرگیز ناتوانن لە ناو خاڵی پشكنینا بە چەقۆ لە خەڵك بدەن ، ئەگەر پەروەردەی سیاسی و ئاكاری كرابن داوای بوردنێك بەس بوو بۆ ئەوەی هیچ ڕوونەدات ، نەك كوشتنی كوڕێك و سوتانی جەرگی دایكێك .

ئەم چەقۆ كێشانە رێك دوای ئەوە ئەو كارەیان كرد كە سەرۆكانی یەكێتی وتیان ئیتر ملهوڕی لە كەس قەبوڵناكەین ، ئەمە وەك ئەوە وایە بەوان بڵێن ئێمە عەنتەرین ئێوە چی ، خۆ ئەگەر هاوسەرۆكانی یەكێتی لەمە بێدەنگ بن ئەوەیەك مانا دەگەیەنێت سەركەوتنی چەقۆ كێشەكان ، راستی دەبێت ئەوەش بگوترێت ، باشە لە كوێی دنیا ئاغاو شێخ و بەرپرس هێزی تایبەت بە خۆیان هەیە ، ئەرێ‌ ترەمپ هیچ هێزێكی هەبوو ، ئەردۆغان فەوج و لیوای تایبەت بە خۆی هەیە ، ئەم هەموو درۆیە چیە ئێمە لە تەك دیموراتی و مافی مرۆڤدا دەیكەین ، هێز دەبێت هێزی حكومەت و میلەت بێت یان فڵان و فیسار؟

لەتیف فاتیح فەرەج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا