دامەزراوەی گشتی یان پەراوێزێك بۆ گەندەڵی؟

دۆسێی ئەوقاف لە عیراق یەكێكە لەو دۆسێیانەی كە ماوەیەكی كەمە لە میدیادا دركی پێ كراوە، ساڵانێكی زۆرە لەلایەن كەسانێكەوە بەڕێوەدەبرێت كە وەك دەوترێت دوور لە وردبینیی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهە و میدیا و هاووڵاتییان و رای گشتی بە بەهانەی پیرۆزییەوە گەندەڵیی تێدا دەكرێت بەجۆرێك كە دەوترێت داهاتی وەقفەكانی شیعە و سوننە نزیكە لە داهات و دەستكەوتی مادیی دەوڵەتەوە.

ئەم دۆسیەیە داهات و موڵك و ماڵێكی ئێجگار زۆر لەخۆ دەگرێت، بۆیەش كەم كەس توانیوێتی باس لە گەندەڵیی نێو وەزارەتی ئەوقاف بكات، بەتایبەتی دۆسێی وەقف.

هەر كەس و لایەنێك كە دەست بۆ ئەم دۆسێیە دەبات، بە دژ بە ئایین و خوا و بە لادەر و كافر تۆمەتبار دەكرێت و چەندین تۆمەتی تری بۆ هەڵدەبەسترێت.

لەسەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەكانەوە تا ئێستا، كەسانێكی زۆر دوای كۆچ كردنیان هەموو سامانەكانیان یاخود بەشێك لە سەروەت و سامانەكانیان لە رێگای خوادادا بەخشیووە.

ئەم سەروەت و سامانە لەپێناو ئایین و رێگای خودادا وەقف كرابوون، بەشێوەیەك ژمارەیان زیادیكرد كە حكومەتەكانی پێشووی ناچاركردبوو كە ئەوقاف لە بەڕێوەبەرایەتییەكەوە بكات بە وەزارەتێكی تایبەت بەو بوارە.

لە دوای ساڵی 2003 و پرۆسەی ئازادكردنی عیراقەوە، هەموو دامودەزگا و وەزارەتەكانی دەوڵەت هەڵوەشانەوە لە ناویشیاندا وەزارەتی ئەوقاف.

ئەم وەزارەتانە بە رێنمایی نوێوە كە لەلایەن فەرمانڕەوایانی نوێوە بۆیان دەرچوو، سەرلەنوێ بنیاتنرانەوە.

وەزارەتی ئەوقاف بە پێی رێنماییە نوێیەكە كرا بە دوو بەشەوە، دیوانی وەقفی شیعی و دیوانی وەقفی سوننی. لێرەوە ئاژاوە و ئاڵۆزیەكان دەستیانپێكرد.

چۆنێتی دابەشكردنی ئەو سەروەت و سامانە، بۆتە گرفتێكی سەرەكیی تایفی. لەلایەكەوە بەرژەوەندیی فیكری تایفی زاڵە بەسەریدا، لەیەكیش پێگەی سیاسی حزبەكان و لەلایەكی دیكەشەوە تەماعی هەندێك بەناو پیاوی ئاینی، واتا دابەشكردنی ئەم دۆسێیە رەهەندی سیاسی و ئایینی و ئابووریی لێ كەوتۆتەوە.

هەرچی زانایانی سوننەن لە پارێزگاكانی بەغدا و نەینەوا و سەڵاحەدین و ئەنبار لەو بڕوایەدان كە لە رێگەی ئەو دۆسێیەوە هەوڵ دەدرێت هەژموونی شیعە مەزهەبەكان زیاتر بكرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەو وەفقانەی لەو پاریزگایانەدان بە بۆچوونی ئەوان دەبێت سەربە وەقفی سوننە بێت، بەڵام وەقفی شیعە بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت و داوای خاوەندارێتیان دەكات.

لە دیوە سیاسییەكەشیەوە حزبەكان هەوڵ دەدەن سامانی وەزارەتی ئەوقاف و داهاتەكەی بۆ سەركەوتنی خۆیان و برەودان بە دەسەڵاتی حزبەكانیان بەكار بهێنن.

كەسانێكی هەلپەرست و پارەخواز لە هەردوو مەزهەب لە هەوڵی زیاتر خۆ دەوڵەمەندكردندان لە رێگای ئەم وەقفانەوە.

لە دەستپێكی مرۆڤایەتیەوە هەوڵدراوە بە ناوی ئایینەوە پارە و سەرانە لە خەڵك وەربگیرێت و پیاوە ئاینییەكان خۆیانیان پێ دەوڵەمەند كردووە، ئەم دیاردەیەش لە هەموو ئاینەكاندا بەدی دەكرێت.

بۆنموونە ڤاتیكان و سەروەتەكەی نموونەیەكی زیندوویی ئەو مێژووەن كە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

داهاتی ڤاتیكان لە داهاتی ئێتالیا زۆر زیاترە، ڤاتیكان لەگەڵ ئەوەی لە ئیتالیا و لە رۆمای پایتەختی ئەو وڵاتەدایە، بەڵام حكومەتێكی خۆجێیی خۆی هەیە و یاسای تایبەت بە خۆی هەیە. داهات و ئابووریی سەربەخۆی خۆشی هەیە. هەروەها سوپای تایبەت بە خۆی هەیە.

لە عیراقدا بە هەمان شێوە هەوڵ دەدرێت پارێزگاكانی كەربەلا و نەجەف تایبەتمەندیی خۆیان هەبێت و داهاتی گەشتیارە ئاینییەكان بۆ خۆیانە و ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

ئەم جۆرە هەوڵانە لە ساڵی 2017 ەوە روو لەزیادبوونن، وەزارەتی ئەوقاف لە هەموو عیراقدا موڵكی هەیە، موڵكی ئەم وەزارەتە تەنها مزگەوت و زەویی و حوجرە لە خۆناگرێت، بەڵكو دوكان و مۆڵ و باڵەخانەكانیش لەخۆدەگرێت بە داهاتەكانیانەوە.

هەندێك لەو موڵكانەی كە وەقف كراون لە نێوان وەزارەتی شوێنەوار و وەزارەتی ئەوقافدا كێشەیان لەسەرە.

وەزارەتی شوێنەوار لەو بڕوایەدایە، ئەو بینایانە مێژووی عیراقن و موڵكی هەموو هاووڵاتییەكن و پاراستنیشیان ئەركی ئەوانە.

لەو بارەیەشەوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران هەوڵی دا بە بڕیارێك كۆتایی بەو گرفت و ئاژاوەیە بهێنێت.

حكومەتی عیراق بڕیاریدا بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو موڵكانەی كێشەیان لەسەرە لە نێوان هەردوو وەقفی شیعە و وەقفی سوننە، لە رێگەی هەڵبژاردنەوە یەكلایی بكرێنەوە.

هەركام لەو دوو دامەزراوەیە دەنگی زیاتریان لەو ناوچانە بەدەستهێنا كە موڵكە وەقف كراوەكانی تێدایە، ئەوا وەقفی كێشەلەسەر بۆ ئەو لایەنە دەبێت.

ئەم بڕیارەی كازمی ناڕەزایی زۆری لێكەوتەوە. چونكە خەڵكانێكی زۆر بە بڕیارێكی نادروست و برەودان بە تائیفیەتیان ناوزەدكرد.

لە ژێر گوشارێكی زۆری پیاوانی ئاینی و كەسایەتی و سیاسییەكان، كازمی بڕیارەكەی خۆی سڕكرد و لیژنەیەكی دروستكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دۆزینەوەی تاپۆی ئەو موڵكانە و سەلماندنی خاوەندارێتییان.

ئەم بابەتە بابەتێكی ئاڵۆز و پڕ ململانێی مەزهەبیە بەهۆی ئەوەشەوە كە لە شەقامی كوردستاندا كەمترین ئاگایی لەبارەیەوە هەیە، بەپێویستم زانی تیشكی بخەمە سەر.

یاسای وەقفی شیعە لەساڵی 2012 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە دەركراوە، واتە وەك دامەزراوەیەكی یاسایی ناسراوە. سەرۆكی دیوانی وەقفی شیعە بە پلەی وەزیر دانراوە بەیاسا. لەمەوە دەردەكەوێت چەند گرنگی بە پێگەی ئەم وەقفانە دراوە.

لەبەرامبەردا وەك تەوافوقێك، یاسای وەقفی سوننەش لە ساڵی 2013 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە دەركراوە و سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە بە پلەی وەزیر بەپێی یاساكە دانراوە.

دەسەڵاتی بڕیاردان و مامەڵەكردن بە موڵك و ماڵی ئەو وەقفەی پێی دراوە، وەك چۆن بە وەقفی شیعەش دراوە.

كەم كەس و دامەزراوە تائێستا دەتوانن رەخنەی راستەوخۆ لەم دوو دامەزراوە و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانیان بگرن.

بۆیە بەبڕوای من نابێت بابەتی چاكسازیی و حوكمی قانون سڵ لە هیچ سنوورێك بكاتەوە. قورسترین جۆری گەندەڵی و لادانی قانونی، بەناوی ئایین و مەزهەبەوەیە.

لە عیراق بەئاشكرا بەناوی خودا و ئایین و مەزهەبەكانەوە گەندەڵی و یاسا شكاندن دەكرێت، ئەم بابەتە لە عیراق كەمترین رەخنە و لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، چونكە هەڕەشەی لەسەرە و لەلایەك هەركەسێك رەخنەی لێ بگرێت، بە بێ ئاینی تەخوین دەكرێت و لەلایەكی دیكەشەوە بە دژایەتیی پیرۆزییەكان تەخوین دەكرێت.

ئەم بابەتە لە وردبوونەوەنەدا دەردەكەوێت كە بەناوی ئایین و مەزهەبەوە چەندین گەندەڵی و بەهەدەردان دەكرێت، لەهەمان كاتدا لە عیراقدا گەندەڵی لەسەر حسابی موڵكی گشتی و داهاتی گشتی چۆن بە قانونی كراوە.

بڵێسە جەبار فەرمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا