نێچیر بارزانی چی پێوتین؟

دوای پێشێلكردنی مافی ڕادەربڕین و كۆبوونەوەو خۆپیشاندان، بە واتایەكی دی: پێشێلكردنی سەرجەم مافە مەدەنی‌و سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتی‌و ڕوناكبیرییەكانی گەلی كوردستان لەلایەن مەسرور بارزانییەوەو بەتایبەتی بەندكردنی چالاكوانانی مەدەنی بە بڕیارێكی دیكتاتۆرییانە، ئەوەندەی تر ڕەشبینی كردم لەدواڕۆژی دیموكراسی ئەم هەرێمەو ئەوەندەی تر خۆم بەهەڵە زانی لەپێشبینییەكانم سەبارەت بە كوڕە گەورەكەی كاك مەسعود.

نایشارمەوە، كە دەنگۆی بوون بە سەرەكوەزیرانی مەسرور بارزانی بڵاوبوەووە من دڵخۆش بووم، پێشبینی ئەوەم كردبوو: ئەم گەنجە سیستمی سیاسی ئەوروپاو ئەمریكای دیوەو لەوێ ژیاوە، ڕەنگە باوەڕی بە دیموكراسی هەبێت، ئەم لاوە خوێنگەرمە كوڕی گەورەی مەسعود بارزانییەو جێنشینی عەرشی بنەماڵەیەو ڕەنگە گۆڕانكارییەكی گەورە لەهەست و نەستی بنەماڵەدا دروست بكات و سەرەكوەزیرانێكی سەركەوتوو بێت، بە تایبەتی ماوەیەكی كەم دوای شكستی ڕیفراندۆم‌و لەسەر كار لاچوونی مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم لە ژێر فشاری گەلی كوردستان‌و ئەمریكاو وتە بەناوبانگەكەی خۆی، كە فەرمووی (ئەگەر سەریگرت ئەوە باشەو ئەگەر سەریشی نەگرت ئەوە بڵێن ئەم كابرایە شێت بووە).

لەو باوەڕەدابووم مەسرور بارزانی هەوڵی شكستی ڕیفراندۆم بەئاشتەواییەكی نیشتمانی و كوردستانی چارەسەر دەكات، بە چاككردنی بارودۆخی هاووڵاتیان و دابینكردنی موچەو قوتی خەڵكی ستەمدیدە سەردەمێكی زێڕین دێنێتە ئاراوەو پێمان دەڵێت: من لە ئامۆزاكەم چاكترم، من لە بابیشم دیموكراسیترم .

بەڵام هەر لە یەكەم ڕۆژەوە ئەو بڕە دیموكراسییەی ئامۆزاكەی بەفەیسە گەشەكەی‌و هەڵسوكەوتە سادەكەی و كوردییە سۆرانییە خۆشەكەی دابینی كردبوو، یان هەوڵی بۆ دەدا بەر هێرشی داخلەدڵانەو هەڵسوكەوتی پۆلیسیانەو پاكتاوكردنی نەك تەنیا نەیارەكانی بەڵكو ناڕازییەكانی بنەماڵەكەی كەت.

ئەمە یەك شتمان بۆ دەسەلمێنێ، كە سایكۆلۆژیای بنەماڵەیی وردتری بكەینەوە لە ناو بنەماڵەو عەشیرەتیشدا سایكۆلۆژیای خێزانی چەندێك كاریگەری هەیە لەسەر مەسرور بارزانی .

ئەگینا چی لۆژیكێك ئەوە پەسەند دەكات چەند چالاكوانێكی مەدەنی، گریمان چەند كادرێكی یەكێتی داوای قوتی خەڵكی بكەن، گریمان بانگەشەی خۆپیشاندانیش بكەن، تۆ بەر لە دادگاییكردنیان تۆمەتی سیخوڕی بدەیتە پاڵیان، ئەگەر بێئاگایی نەبێت چۆن سەرەكوەزیرانێك پێش بڕیاری دادگاو لێكۆڵینەوەكان دەكەوێت، ئەگەر پێشوەختە چاوسوركردنەوەو هەڕەشەی لەدادوەرەكان نەكردبێت، یان خودی دادوەرەكان لە بنەڕەتدا خۆی بۆ ئەو كارانەو جێبەجێكردنی بڕیارە قەرەقوشییەكان داینەمەزراندبن؟

خۆ ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین، كە لەم ڕۆژانەدا دانپێدانانی زۆرە ملێیی و وەك هەولێرییەكە دەڵێت: تۆبزی ئەو چالاكوانانە بڵاوبكەنەوەو پێمان بڵێن ئەوە دانپانانی خۆیانە ئێمە چی بڵێین .

من و نێچیر بارزانی و كۆمەڵانی خەڵكیش دەزانن، ئەوەی مەسرور بارزانی دەیكات یارییە بە دیموكراسی و هەرێم و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و ڕەتكردنەوەی بەندەكانی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ .

لە هەموومان زیاتریش نێچیر بارزانی هەستی بەو ڕاستییە كردبوو، ئەو هەنگاوەی ئامۆزاكەی مەترسییەكی گەورەی هەیە بۆ سەر بنەماڵە و دەسەڵات و حكومەتەكەشی، بۆیە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: لای خۆمانەوە چاودێریی ئەو پرسە دەكەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆییی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ دەكەینەوە، دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و كەسێك مافی دەستوەردانیان لە كاروباری دادگادا نییە.

ئەوەش تیۆرییەكەی ئیبن ( هەرەسی ئیمبراتۆریاو بنەماڵە)مان بۆ دەسەلمێنێت، كە بە كورتی كوردی دەڵێت: هەر كاتێك كوڕەكان كەورە بوون و دەسەڵاتیان گرتە دەست، نازانن بابیان بەچی شێوەیەك ئەو ئیمبراتۆریەتەو بنەماڵەیان بونیاد ناوە، لە ماوەیەكی كەمدا هەرەس بە دەسەڵات و بنەماڵە دەهێنن .

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا