شەرمی سیاسی

ماوەیەكە گوێبیستی دەستەواژەیەكی نوێدەبم لە ئەدەبیاتە سیاسییەكاندا، خودی خۆشم بەكاریدێنم و زۆریشم پێجوانە، ڕەنگە لە فەرهەنگی سیاسیدا ئەم دەستەواژەیە داهێنانی كورد بێت و بەتایبەتی بۆ كادرانی یەكێتی داتاشرابێت، چونكە ئەو كادرانەی لەگفتوگۆیەگی ناو شانەیەكەوە هەتا دەگەیشتە سەركردایەتییەكەی لە سەر هێمای ئەستێرەیەكی كاسكێتەكەی سەرییەوە تا دەگەیشتە وشە بە وشەو ڕستە بەڕستەی پرۆگرامی رێكخراوەكەی گفتوگۆیەكی سەرسەختانەی دەكردو هەتا نەگەیشتایەتە ئەوپەڕی قەناعەت كۆڵی نەدەدا.

بەڵام ئێستا شەرمێكی سیاسی لە خۆی و پیت و ڕستەو هەڤاڵ‌و خێزان و گەڕەك و كۆمەڵگەكەشی دەكات، شەرم لەخەون و هیواو ئاوات و منداڵ و موچە و خانەنشینی و هتد.. دەكات، تۆ بڵێی ئەو شەرمە چی بێت؟

هەرچەندە شەرم نەخۆشی نییەو دیاردەیەكی دەرونییە، بەڵام كاریگەرییەكی نەرێنی لە كەسی تووشبوودا جێدەهێلێت و كۆمەڵێك گیروگرفتی بۆ دروست دەكات لەوانەش شەرمی سیاسی .

هەستی شەرمكردن ڕووەو ترسی ڕاپەڕاندنی هەر كارو ئەركێك دەیبات، كە دەكەوێتە ئەستۆی و ئەترسێت سەركەوتوو نەبێت تێیدا .

نیشانەكانی شەرم: شەرم نیشانەی بەردەوامی نییە، بەڵام كاتێك كەسی شەرمن ڕووبەڕووی هەڵوێستێكی كوتوپڕ دەبێت، وەك بینینی بێگانەیەك، یان بیستنی شتێك، كە نەتوانێت بەدوایدا بچێت، یاخود وێنەو هەڵسوكەوتی ئەوتۆ، كە چاوەڕوانی ناكات، شەرم دایدەگرێت، كە شەرمیش دایگرت پلەی گەرمی لەشی بەرزدەبێتەوەو ڕوومەت و هەردوو گوێی سوور هەڵدەگەڕێن‌و لە قسەكردن ڕادەكاو پڕ بەدڵ لە ئەنجامی زۆری شەرمدا حەز بە تەنیایی دەكات .

دڵی زیادلێدەداو گەروی وشكدەبێت و هەردوو دەستی دەلەرن.

ئەو كاریگەرییانەی شەرم دروستی دەكات لەهەڵسوكەوتەكانیدایە، هیچ كاتێك لە خۆی ڕازی نییە، ترسی لە پرسیاركردن و دواندنی خەڵكی هەیە، نەبادا ڕەتیبكەنەوە، ئارەزووی دابڕان و گۆشەگیری دەكات .

بەردەوام هەست دەكات ئیهانە دەكرێت، بەواتایەكی تر: شەرم ئەو سۆزەیە، كە پێماندەڵێت ئێمە هیچ نین!

شەرم بە پلەی جیاواز مرۆڤ كۆنترۆڵ دەكات، دەگاتە ڕادەیەك مرۆڤ تووشی ئیفلیجی فیكری دەكات و ڕۆڵی كاریگەری ناهێڵی لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا.

ئەرێ بەڕاست (ئیفلیجی فیكری) بوونی هەیە، یان ئەویش داهێنانی ئێمەیە؟ بۆ نییە! ئەوە نییە ئێمە بەرانبەر هەموو شتێك واقمان وڕماوەو چاومان زەق و دەرپەڕیوە .

تۆبڵێی شەرمی سیاسی بوونی هەبێت؟ لەڕاستیدا هیچ تیۆرییەكی دیاریكراو نییە سەبارەت بە شەرمی سیاسی، تەنیا هۆكارێك كە ئێمە دركی پێدەكەین و هەست بەبوونێكی ڕەهای دەكەین كادرانی یەكێتی شەرم دەكەن، بۆ؟ نازانم.

ئایا شەرم لەوە دەكەن، كە ئەوان پێشەنگ بوون و ئێستا پاشبەند، ئەوان سەرچۆپی گر بوون و ئێستا گاوانی، ئەوان خۆشەویست و پەرستگاو جێنزرگای هەژاران و باوەڕداران و بێدەرەتانان بوون و ئێستا بوغزراوو بێزراو و دابڕاوی بێنەوایان، ئایا كادرانی ئێمە شەرم لە دابڕانی سەركردەكانیان دەكەن لە كۆمەڵانی خەڵك؟ ئەو سەركردانەی هاوبەشی خواردنی مریشكی خێزانێكی دە نەفەری لادێكان بوون و سنگەكەشیان دەخوارد، بەڵام ئێستا، ڕۆژێك لادێییەك بانگهێشتی سەر سفرەیەك ناكەن و سنگە مریشكێكی دەرخوارد بدەن.

ئەی هەر سەركردەكانی ئێمە نەبوون بەسابوونی (ڕەقی) لادێ نشینەكانمان سەریان دەشت و قژیان پڕترو ڕەشترو جوانتر دەبوو، ئەدی بۆچی ئێستا بە هەمان لادێنشین دەڵێن بۆنی سابوونی ڕەقی و چڵكی جامانەت لێدی و خۆشیان هەموو جۆرە شامپۆو جێڵێكیش بەكار دێنن و سەریشیان دەڕوتێتەوەو قژیشیان سپی دەبێت؟ تۆ بلێی قژێك فێری سابوونی ڕەقی بووبێت شامپۆی پێنەكەوێت؟ یاخود سەری سەركردەكانمان لە جەستەكانیان دابڕاون؟

ئەوان شەرم دەكەن، چونكە پەیمانی ئاكاریش كۆتایی بە تەكەتول و دەستەگەری سەركردەكانیان نەهێنا، كۆنگرەش كۆتایی پێ نەهێنا، كام پەیمانی ئاكار؟ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە دەستەواژەكە بە هەڵە بەكارهات، دەبایە پەیمانی شەرەف بایە نەك ئاكار، شەرەف ئەو سیفەتەیە، كە بەهای مرۆڤ لە كۆمەڵگەدا دیاری دەكات، خەڵك لەسەر بنەمای كردەوەو هەڵسوكەوتەكانی باوەڕ بەو مرۆڤە دەكەن، شەرەف بە ئاكارە چاكەكان دەژمێردرێت وەك: دەستپاكی مادی و دوركەوتنەوە لەو كردارو هەڵسوكەوتانەی كۆمەڵگە بە تاوانی لەقەڵەم دەدات وەك: دزی و داوێنپیسی و كوشتن و ….هتد.

بەكارهێنانی پەیمانی شەرەف پشتئەستوری ئەو بیرۆكەیەیە، كە تاكەكانی نێو كۆمەڵگە باوەڕیان پێكراوەو شەرەفمەندانە لەگەڵ یەكدیدا هەڵسوكەوت بكەن.

هەر كەسێكیش پێچەوانەی ئەو پەیمانی شەرەفە لە سەركردەكان هەڵسوكەوت بكات ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە، لەو سزایانەش دەركردن.

لەئەمریكادا پەیمانی شەرەف بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو سزادانی خیانەتی ئەكادیمی بەكاردەهێنرێت، دەبا لای خۆشمان بۆ سزادانی تەكەتولچییەكان و گەندەڵكاران‌و….هتد بەكارهاتبایە، چەندین سەركردەو كادر لەسەر پێشێلكردنی پەیمانەكە سزابدرانایە.

كادری ئێمە شەرمێكی سیاسی دایگرتووە لەبەر ئەوەی لەڕێكەوتننامە سیاسی و ستراتیژییەكاندا خۆی بەپاشكۆو برا بچووك دەزانێت، ئاخر ئێمە لەسەردەمی فیرعەونەكانەوە بیستومانەو خوێندومانەتەوە، كە ڕێكەوتننامەی سیاسی و ستراتیژی لەسەر بنەمای هاوسەنگی و وەكیەكی بنەماكانی ڕێككەوتننامە كاری پێدەكرێت، بەڵام ڕێككەوتننامەكانی ئێمە هەمیشە پارسەنگەكەی لاسەنگ بووە، یەكێتی ڕووەو لاوازی جەماوەری و فیكری و ئینتیماو…..هتد بردووە.

لایەنی بەرانبەریش بە پێچەوانەوە لەهەموو لایەنەكاندا بەهێزترو تۆكمەتر بووە، ئەو شەرمە سیاسییەش سەرتاپای بیركردنەوەی كادری یەكێتی داپۆشیوەو ڕۆحی بەرەنگاری و بەردەوامی و سەودای سیاسی و گفتوگۆی لەسەرحەقی مراندووە، كادری یەكێتی خۆی داوەتە دەست قەدەری براگەورەیی لە ڕێككەوتننامەكاندا و لە چاوەڕوانی گۆدۆدایە بۆ پارسەنگ و هاوسەنگی خۆی و براگەورەكەی.

ڕێكەوتننامەی سیاسی، یان ستراتیژی گۆڕینەوەی ئاستی باڵای بەرژەوەندی هاوبەشە بەشێوەیەكی یەكسان لەنێوان دوو لایەندا، تەنیا ئەو ڕێكەوتننامانە نەبێت كە لە ئەنجامی شكستی لایەكدا و بەناچاری واژۆ دەكرێت ،یەكێتیش هەرگیز لە شكستەوە ڕێكەوتننامەكانی واژوونەكردووە، ڕێكەوتننامە سود وەرگرتنی هاوبەشە لە بەروبومەكانی ڕێكەوتننامەكە لە پێناو گەشەپێدان و درێژەدان بە ژیانی ئەوانەی ڕێكەوتننامەكە دەكەن. بەڵام ڕێكەوتننامەكانی یەكێتی سودی بۆ بەرابەرەكانی زیاتر بووە هەتا خۆی.

كادری یەكێتی شەرم دەكات، چونكە ساڵانێكە لەچاوەڕوانی چاكسازی و پاكسازیدایە، بەڵام نە هەنگاوێكی جددی و نە ئیرادەیەكی ڕاستگۆیانەی بینی بۆ چاكسازی .

بۆیە دەتوانین بەم شێوەیە پێناسەی شەرمی سیاسی كادرانی یەكێتی بكەین :
ئەو نەخۆشییە دەرونییەیە كادرانی ڕێڕەو عەقڵانی و میانڕەو و بێلایەنی تەكەتول تووشی دەبن .

بۆیە من پێشنیار دەكەم (شەرمی سیاسی) بخرێتە ئەو فەرهەنگە سیاسییە كوردییەی، كە بوونی نییە .

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا