بەشێکی میدیاکاری کورد لەبەرئەوەی زانیاری وردی لە کارەکەیدا نییە، یان لە پێناوی هەواڵێکی بەپەلەدا وادەزانێت شتێکی باش و نەکردەی کردووە، بە خێرایی و بەبێ گوێدانە ئاسایشی نەتەوەیی کورد، راستەوخۆ دوای راگەیاندنی %94,4ی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، رایدەگەیەنێت کە “دەنگی کورد کەمترە لە دەنگی عەرەب” یان “کورد شکستیهێناوە لە کەرکوکدا”، لەکاتێکدا دەکرێت بڵێین کورد کورسی زیاترە لە عەرەب.
بەڕاستی ئەم شێوە کارکردنەی بەشێکی میدیا و میدیاکارەکانمان، نەک تەنها نەزانی و بێئاگایی پیشان دەدات، بەڵکو زیانێکی زۆریش بە کورد دەگەیەنێت و دژایەتییەکی راستەوخۆیە بۆ پێگەی کورد لە شاری کەرکوکدا. “ئەگەر من دیدی حزبی باس بکەم بۆ کەرکوک، ئەوا دەکرا شتێکیترم بنووسیایە، بەڵام باسی کورد و ئاسایشی نەتەوەیی دەکەم لەو شارەدا”.
لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، دەرکەوت ئاستی میدیاکاری کورد نزمە، میدیاکانیش بۆ هەواڵێک هەموو بەهایەکی پیرۆز تێکدەشکێنن و پابەندییان بەهیچ شتێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە نییە، بۆیە حەق وایە ئەم میدیایانە راوێژکاری تایبەتیان بە پرسە ئەمنی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکان هەبێت تاکو لە چرکەساتەکانی لەم شێوەیەدا، نەکەون بە هەڵەی زەق و گەورە و مەترسیدارەوە و روماڵێکی ورد و پیشەییانە بکەن.
لە میدیاکانی دەرەوەدا ئەم جۆرە راوێژکارانە هەیە، بەجوانی میدیاکار رادەهێنرێت چۆن ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزرێت و لەبەرچاو بگیرێت، تەنانەت لە جەنگی ئازادکردنی عیراقدا، گەورە رۆژنامەنووسی ئەمریکی (ولیام سافیر) ئەوەندە بەئاگایی باسی هێزەکانی ئەمریکای دەکرد و سوپای عیراقی بە مەترسی بۆسەر ئەمریکا و جیهان دەبینی، پێیدەوترا “جەنەراڵی میدیاکان”، ئەو لەمیدیاکەیەوە ناڵێت “ئەمریکا زیانی پێدەگات و بۆ ئەم شەڕەدەکات و سەرباز بەکوشت دەدات و …..هتد”، بەڵکو دەڵێت “ئەمریکا ئاشتی جیهانی دەوێت و پێویستە قوربانی بەخۆی بدات، هەرکەس و دەسەڵاتێک دژی ئاسایشی ئەمریکا بێت، پێویستە وانەی پێبدرێت”
ئێمە قسەمان لەسەر ئەو دیوەی دەسەڵاتی کوردی کەرکوک نییە کە ئایا لێیان ناڕازین یان نا، بەڵکو ئێمە قسە لەسەر “کاری میدیایی” و “ئاسایشی نەتەوەیی” دەکەین کە پەیوەست نییە بە باشی و خراپی دەسەڵاتەوە ئەوەندەی پەیوەستە بە پیشە و وجودی خۆمانەوە، کارێکی نا ئەخلاقی و نامیدیاییە کە میدیاکار لەبەرئەوەی هێز و حزبەکەیی و میدیاکەی لە کەرکوکدا شکستی هەڵبژاردنی هێناوە ئیدی ئەم وێنەیە گەورە بکات بۆ ئاستی شکستی نەتەوە و نیشتمان.
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد