“فێڵ” بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسی

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
شارەزایان و شیكەرەوانی سەربازی لەبارەی پەیام و ئامانجی ئێران لە پاڵپشتیكرنی كەتیبەكانی حیزبوڵـڵای عێراقی لە سوریا لەڕێی ناردنی دەیان موشەكی كورتمەودا و دوورمەودا، را و بۆچوونی جیاوازیان هەیە.

لەوبارەیەوە، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد، كەتیبەكانی حیزبوڵـڵا لە رۆژئاوای پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا، بارێك موشەكی كورتمەودا و مامناوەندیان لە ئێرانەوە بەرێگای نافەرمی بەدەست گەیشتووە و ژمارەی موشەكەكان دەگاتە 56 موشەك.

لایخۆیەوە رامی عەبدولڕەحمان، بەرێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەم بابەتە چەندین پەیامی سیاسی لەخۆدەگرێت، بەڵام پێموایە پەیامی سەرەكی ئاراستەی ئەو هێزانەی ئەمریكا كراوە، كە لە ناوچەكەدا پاڵپشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” دەكەن، بەجۆرێك ئێران دەیەوێت لەڕێی ئەو موشەكانەوە سەربازان و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە سوریا بەكاتە ئامانج.

ئێران دەیەوێت لەڕێی ئەو موشەكانەوە سەربازان و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە سوریا بەكاتە ئامانج

عەبدولڕەحمان راشیگەیاند، مەبەست لەو موشەكانە ئەوەیە كە ببێتە وەرەقەیەكی دانوستان بەڕووی واشنتۆندا، بەپێی تێڕوانینی ئێران، ئەمانە چەكی رێگرین نەك بەكارهێنان.

هاوكات ئیسماعیل ئەیوب، شیكەرەوەی سەربازی لە سوریا رایگەیاند، ئەوەی روویداوە بەشێكە لە پلانی ئێران بۆ هەڵخەڵەتاندنی رای گشتی لەژێر ناوی “میحوەری بەرخۆدان و رێگری” بەتایبەت لە سوریا و لوبنان و عێراق.

ئەیوب راشیگەیاند، لە ئێستادا ئێران كار بۆ پێدانی كارتی ناسنامەی سوری دەكات بەو ئەندامانەی زمانی عەربی و باوی وڵاتانی شام دەزانن، پاشان لەگەڵ هێزەكانی رژێمی سوریا تێكەڵیان دەكات بە بێ ئەوەی ئەو هێزانە، كە سەر بە بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریان، هیچ دەسەڵاتێكیان بەسەریاندا هەبێت.

پارێزگای دێرەزور و بەتایبەت شاری بوكمال، كە دەكەوێتە سەر سنوری عێراق و سوریا، لە دیارترین بنكەكانی چەكدارانی ئێرانە، كە تا ئێستا ژمارەیان رانەگەیەندراوە، بەڵام تاڕادەیەك بە بەردەوامی لەڕێی بۆردومانی ئاسمانی ئیسرائیل و چەند لایەنێكی نەناسراو دەكرێنە ئامانج.

لە دیارترین میلیشیاكانی ئێران، كە لە بوكمالدان بریتین لە، سوپای پاسدارانی ئێران، بزوتنەوەی نەجیبا‌و و كەتائیبی حزبوڵـڵای عێراق، لەگەڵ فاتمییەكان و زەینەبییەكان و تیمی313.

گرنگی بوكمال بۆ ئێران ئەوەیە، كە رێرەوێكی وشكانی گرنگە بۆ گەیشتن بە سوریا

گرنگی بوكمال بۆ ئێران ئەوەیە، كە رێرەوێكی وشكانی گرنگە بۆ گەیشتن بە سوریا و دواتریش بە لوبنان و درێژكراوەی بیابانی ئەنبارە لە خوارووی عێراق و بیابانەكانی سوەیدا‌و و درعا و تدمر و دێرەزوور بەیەكەوە دەبەستێتەوە، هاوكات، گرنگی ئابووری بۆ ئێران هەیە.

جگە لەوانەش، بوكمال بووەتە تاكە دەروازەی فەرمی ئێران بەتایبەت لەدوای ئەوەی هەسەدە دەروازەی یەعروبیەی سنوری لەگەڵ عێراق كۆنتڕۆڵكرد و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دەروازەی تەنەفیان كۆنتڕۆڵكرد لە دێرەزوور.

ئیسماعیل ئەیوب ئاماژەی بەوەكرد، ئێران بۆیە دەیەوێت پاڵپشتی موشەكی حیزبوڵڵای عێراقی و لوبنانی بكات، كە بووەتە بەشێك لە سوپای رژێمی سوریا، تا بتوانێت لەو رێگایەوە ئاسانكاری بۆ جموجوڵەكانی لە سوریادا بكات، بەبێ ئەوەی كێشە بۆ روسیا دروست بكات كە پێشتر پەیمانی بە ئیسرائیل داوە میلیشیا ئێرانییەكان بە مەودای 80 كیلۆمەتر لە سنوری خۆی دووربخاتەوە.

وتیشی: لە حاڵەتێكدا ئەگەر ئێران ئەم موشەكانە دژی ئیسرائیل بەكاربهێنێت، هیچ كاریگەرییەكی سەربازی دانانێت بەتەواوەتی وەك ئەوەی لە شەڕی 2006 روویدا كاتێك كەتائیبی حیزبوڵڵا سەدان موشەكی كاتیۆشایان هەڵدایە باكوری ئیسرائیل بەبێ ئەوەی هیچ كاریگەرییەكی سەربازی دابنیت.

تاران بەشێوەیەكی سینەمایی پەیامی درۆیینە و هەڵخەڵەتێنەر دەداتە شوێنكەوتووانی لە ناوچەكە

روونیشی كردەوە، تاران بەشێوەیەكی سینەمایی پەیامی درۆیینە و هەڵخەڵەتێنەر دەداتە شوێنكەوتووانی لە ناوچەكە، چونكە ئەو بارە موشەكەی ناردوویەتی، هەموویان موشەكی كورتمەودا و مامناوەندن و دوورن لە سنورەكانی ئیسرائیلەوە و ناتوانرێت لەڕووی سەربازییەوە بەكاربهێنرێن، تەنیا لە حاڵەتێكدا ئەگەر بەڕێی قاچاخ ببرێنە لوبنان و لەوێ بكەونە ژێر دەسەڵاتی كەتائیبی حزبوڵڵای لوبنان.

رۆژی شەممە 30ی كانوونی دووەم، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، چەند تەقینەوەیەك لە ناوچانەی رۆژهەڵاتی سوریا روویانداوە، كە میلیشیاكانی سەر بە ئێرانیان تێدایە، لە بەیاننامەكەی روانگەی سوریدا هاتووە، تەقینەوەكان لە ناوچەی عەباس، سەر بە بوكمال لە دێرەزوور روویانداوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا