عیمران خان بە 14 ساڵی دیکەی زیندانیکردن سزادرا

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان و هاوژینەکەی، سزای 14 ساڵ بەندکردنیان لەلایەن دادگای تایبەتی ئیسلام ئابادەوە بەسەردا سەپێندرا بەهۆی ئەوەی بەشێوەی نایاسایی دیارییەکانی دەوڵەتیان فرۆشتۆتەوە.

رۆژی پێنجشەممە، عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان و بوشرا بیبی هاوژینی، بە تۆمەتی فرۆشتنەوەی دیارییە فەرمییەکانی دەوڵەت، سزای 14 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەمە سێیەمین سزای زیندانیکردنە بەسەر سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستاندا دەسەپێندرێت، پێشتر لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، سزای 3 ساڵ زیندانیکردنی بەتۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی بەسەردا سەپێندرا و رۆژی چوارشەممەش (30-1-2024)، بە تۆمەتی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی دەوڵەت، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

کۆی گشتیی ئەو سزایانەی تا ئێستا بەسەر سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستاندا سەپێندراوە بریتییە لە 27 ساڵ، زنجیرە سزاکانی دادگای تایبەتی ئیسلام ئاباد بەسەر عیمران خان لەکاتێکدایە، تەنها 9 رۆژ ماوە بۆ دەستپێکی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کە بڕیارە لە 8ـی شووباتدا ئەنجام بدرێت.

عیمران خان، سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان رێککەوتی 5ـی ئابی 2023 لە ماڵەکەی خۆی لە شاری لاهۆر، دەستگیرکرا. پاش ئەوەی تۆمەتی گەندەڵی و بەدەستهێنانی پارە بەشێوەیەکی نایاسایی درایە پاڵی، لە دادگای شاری ئیسلام ئاباد، سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا و راپێچی بەندیخانە کرا.

عیمران خان سزاکان بە پلانگێڕی لەدژی ناودەبات و دەڵێت، مەرامی سیاسی لەپشت تۆمەتەکانەوە.

پێشبینیدەکرێت لە ئێستا بەدواوە سزاکانی سەر عیمران خان جێبەجێ بکرێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە لە زیندانە و تا ئێستا 27 ساڵ سزای زیندانیکردنی بۆ بڕدراوەتەوە.

رۆژی دووشەممە، پارتی تەحریک ئینساف کە عیمران خان سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند کە سزاکان دەبنە هۆی پاشەکشەکردنی خان لە کایەی سیاسیی وڵات تا کاتێکی نادیار و ناتوانێت هیچ پۆستێکی حکومی وەربگرێت.

خان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی ئاراستەی هەوادارانی کردووە و دەڵێت، “لە رۆژی هەڵبژاردن بە دەنگەکانتان، تۆڵەی هەموو نادادییەکان بکەنەوە و هیچ کاردانەوەیەکی تووندئاژۆیانە مەنوێنن، با بزانن کە ئێمە مەڕ نین بە پارچە دارێک کۆنتڕۆڵمان بکەن”.

خان و هاوژینەکەی، تۆمەتی فرۆشتنەوەی دیارییە بەنرخەکانی دەوڵەتیان لە دادگا بەسەردا ساخبوویەوە؛ بەپێی ئەو لیستەی لەلایەن حکومەتی پاکستانەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان 7 کاتژمێری گرانبەهای بە دیاری بۆ هاتووە، کە 6 دانە لەوانەیە جۆری رۆلێکس بووە، گرانترینیان بە وتەی وەزیری راگەیاندن و پەیوەندیەکانی پاکستان، نرخەکەی سەروو 300 هەزار دۆلار بووە. لە بەرامبەریشدا، عیمران خان هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و دەڵێت، ئەو بە شێوەیەکی یاسایی هەموو ئەو کەلوپەلانەی کڕیووە.

بەهۆی رەخنەکانی سەر کابینەکەی و تۆمەتبارکردنی بە داڕوخانی سیستەمی ئابووری وڵات و میکانزمی رووبەڕووبوونەوە و خراپی بڕیارەکانی لەبەرامبەر چارەسەری کێشەی هەڵاوسان و تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی، ساڵی 2022 لە پەرلەمانی وڵات بە کۆی دەنگ لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی پاکستان متمانەی لێسەندرایەوە. ئەم بڕیارەی پەرلەمانیش بووە هۆی دروستبوونی پشێویی و گرژی و توندوتیژی لە وڵاتدا و خۆپشاندانی گەورەی لێکەوتەوە.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا