هەموو چاوەكان لەسەر ئەمەریكا دەبن!

دوای (18) مانگ لە كێشمەكێشمی هەڵبژادرن (جۆ بایدن) توانی سەربكەوێت بەسەر گەورە بازرگانی ئەمەریكی (دۆناڵد ترەمپ) و ببێتە سەرۆكی ژمارە (46)ی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

بڕیارە سبەی چوارشەممە رێككەوتی (2021/1/20) وەك ئەركێكی دەستووری و نەریتێكی لەمێژینەی ئەمەریكا (جۆ بایدنی سەرۆكی هەڵبژێردراو) سوێندی دەستووری بخوات و دەستبەكار بێت، ئەم رێوڕەسمە كە لە (دنیادا بێ وێنەیە) پێی دەگوترێت (Inauguration day)، ئەمە رێورەسمی ژمارە (58)مینی سوێند خواردنی سەرۆكی ئەمەریكایە و لە بەشی رۆژئاوای (كاپیتۆڵ) یان كۆنگرێسی ئەمەریكادا بەڕێوەدەچێت، بە گوێرەی ماددەی دووی دەستووری ئەمەریكا هەموو چوار ساڵ جارێك لەم رۆژەدا دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات دەكرێت، بەڵام رێوڕەسمی ئەمجارە لە بارودۆخێكی ناهەمواری (سیاسی و ئابووری و تەندروستی و كۆمەڵاتی)دا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەشبوونی شەقامی ئەمەریكی و ناڕەزایی لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان و هەڵكوتانە سەر كۆنگرێس لە (6ی یەنایەر) لەلایەن لایەنگرانی ترەمپ، ئەم فاكتەرانەی سەرەوە وای لە بەرپرسانی ئاسایشی واشنتن و (FBI) كردووە بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئەمەریكادا رێوشوێنێكی توندی ئاسایش بگرنەبەر، بەشێوەیەك (21) هەزار سەربازی گاردی نیشتیمانی لە حەرەمی كۆنگرێس بڵاوەی پێكراوە، بە جۆرێك (كۆنگرێس)ی ئەمەریكا وەك سەربازگەیەكی گەورەی لێهاتووە، ئەمەش لە ترسی روودانی كاری نەخوازراو لە كاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكەدا، بەم هۆیەشەوە ژمارەیەكی دیاریكراو لە كارەكتەرە سیاسییەكان بەشداری رێوڕەسمەكە دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕواندەكرێت هەرسێ سەرۆكی پێشوتری ئەمەریكا (ئۆباما و كلنتن و بۆشی كوڕ) لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسانی هەرسێ دەسەڵاتەكەی ئەمەریكا (یاسادانان، دادوەری، جێبەجێكردن) بەشداری بكەن، لە میانەی ئەم رێوڕەسمەدا بڕیارە (جۆ بایدن) بە گوێرەی بڕگەی (8)ی ماددەی (2) دەستووری ئەمەریكا سوێندی دەستبەكاربوونی بخوات بەم شێوەیەی خوارەوە:

“سوێند دەخۆم كە بەوپەڕی دڵسۆزیمەوە ئەركی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بگرمە ئەستۆ وە بەوپەڕی توانامەوە هەڵ بدەم بۆ پاراستن و جێبەجێ كردنی دەستوری ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا”.

لەدوای ئەم سوێندەوە (جۆ بایدن) وەك (46) سەرۆكی ئەمەریكا بە شێوەیەكی یاسایی دەسبەكار دەبێت و بۆ چوار ساڵ دەبێتە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

بە هۆی ناڕەزایی لە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن (دۆناڵد ترەمپ) بڕیاریداوە بەشداری نەكات لە مەراسیمەكەدا، هەروەها چاوەڕوان دەكرێت لە (24) كاتژمێری داهاتوودا (ترەمپ) دەسەڵاتی لێخۆشبوون بە كاربهێنێت و بڕیاری لێخۆشبوون بۆ (100) كەسایەتی دەربكات، ئەگەری زۆریش هەیە بڕیاری لێخۆشبوونەكە (خۆی و ئەندامانی خێزانەكە)ی بگرێتەوە تاكو دوور بێت لە سەرئێشەی لێكۆڵینەوەی یاسایی لە دوای نەمانی لە كۆشكی سپی.

لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی (جۆ بایدن)دا چاوەڕواندەكرێت (12) بڕیار واژوو بكات، بە جۆرێك زۆربەی بڕیارەكان تایبەت دەبن بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی پێشووی (دۆناڵد ترەمپ) لە ناویاندا:

1- دابینكردنی نزیكەی دوو تریلیۆن دۆلار بۆ قەرەبووی خەڵكی بێكار و زیانلێكەوتووانی پەتای كۆرۆنا.

2- بڕیاری بەستنی ماسك (بە شێوەیەكی ئیجباری) لە هەموو دام و دەزگاكانی ئەمەریكا چونكە تاكو ئێستا زیاتر لە (400) هەزار هاووڵاتی ئەمەریكی بە كۆڕۆنا گیانیان لەدەست داوە.

3- گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ ناو رێككەوتنامەی كەشوهەوای پاریس.

4- هەڵگرتنی قەدەغەی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی شەش وڵاتی زۆرینە موسڵمان.

ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن بەشێكی بەرچاو لە سیاسەتەكانی (بایدن) جیاواز بن لە سیاسەتەكانی (ترەمپ) بۆیە پێموایە بە هاتنی (بایدن) سەردەمێكی نوێ لە ئەمەریكا دەست پێدەكات، بە جۆرێك (بایدن) لەگەڵ خۆیدا گۆڕانكاری گەورە بۆ (جیهان و رۆژهەلاتی ناوەڕاست) دەهێنێت، ئومێد دەكەین سەركردایەتی سیاسی كوردستانیش خۆی ئامادە بكات بۆ ئەو گۆڕانكاریە گەورانە، تاكو بتوانێت سود لە دەرفەتەكان وەربگرێت و رووبەڕووی هەڕەشەكانیش بێتەوە.

كـــارۆخ خـــۆشناو

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا