بایدن هیچی پێ نییە بۆ كورد

شتێك هەمیشە رودەدات، گۆڕانە. ئەو گەلانەی لە خاڵێكدا دەچەقن و هیچ گۆڕانێك لە سەركردایەتیی و سیاسەتیان رونادات، مەحكومن بە شكست و دواكەوتویی.

دونیا بەخێرایییەكی چاوەڕواننەكراو لە گۆڕانكارییەكی بەردەوام دایە. ژیان خێرا بوە. ڤایرۆسی كۆڕۆنا گەلانی ناچار كردوە زیاتر بیر لە گۆڕانكاریی گەورەتر بكەنەوە. تەنانەت دیزاینی خانوبەرەش دەگۆڕێت. دیزاینی ناوەوەی ماڵیش گۆڕانكاریی بەسەردادێت بە هۆی زیادبونی كاركردنی ئۆنلاین.

شۆڕشی پیشەسازیی گۆڕانكاریی و جیاوازییەكی گەورەی دروستكرد لەنێوان ئەوانەی توانیان لەگەڵ پێشكەوتنەكان بڕۆن و ئەوانەی دواكەوتن. شۆڕشی زیرەكیی دەستكرد دیسان جیاوازییەكان فراوانتر دەكات. نەك هەر سەیارەی كارەبایی، بەڵكو سەیارەی بێشۆفێریش لە گەشەكردندایە.

لەناو ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی جیهاندا، مەحكوم دەبیت بە دواكەوتن ئەگەر نەتوانی سیستەمی سیاسییت گۆڕانكارییەكی ریشەیی تێدا ئەنجامندەرێت چونكە لەو بەشەی دونیای ئێمە بەشی هەرە گەورەی شكستەكان پەیوەستن بەو نوخبە سیاسییەی توند كورسیی دەستەڵاتی داگیركردوە و خەونەكانی نەوەكانی كوشتوە.

بەڵێ، چاوەڕێدەكرێت بایدن زۆر لە تڕامپی سێكسیست و پۆپیولیست و كینەلەدڵ و دژەكۆچبەر و بزنسمان و پرۆ-دیكتاتۆر باشترە بۆ ئەمریكا و دونیا و كوردیش. بەڵام ئەگەر كورد خۆی نەتوانێت لە ناوخۆیدا گۆڕانكاریی ریشەیی بكات، بەدڵنیایی بایدن هیچی پێنابێت بۆ كورد.

كەمال چۆمانی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا