ئێمە، توركیا و ڕۆژئاوا!

دەڵێی ئەردۆگان فرچكی بە ڕۆژئاوای كوردستانەوە گرتووە، هەركە بەیانی لە خەو هەڵدەستێ تا دەخەوێ بە بۆنەو بێ بۆنە لە دژی كورد زمانی ناچێتەوە كالانێ و هەڕەشە لە دوای هەڕەشە لە ڕۆژئاوا دەكات. دیارە بۆ ئەو سیاسەتەی پاساوێكی بێمانا دێنێتەوە، بەڵام سوڵتانە، هێزی هەیە و پێی دەخوڕێ!

لای هەمووان ڕوونە، كە توركیای ژێر دەستەی ئەردۆگان نەك هەر پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ هیچ وڵاتێكی دراوسێی خۆی نییە، بگرە لەگەڵ هەمووانیش دوژمنایەتی هەیە، كەچی ئەو تەنیا ئەو نیمچە قەوارەیەی ڕۆژئاوا بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورك دەزانێ. ئایا بەڕاستی ڕۆژئاوا مەترسییە، یان ئەوە ئەردۆگان و دەوڵەتەكەیەتی كە لە هیچ شوێنێك چاویان بەرایی نادا كورد بە ئازادی ببینن؟

ئایدۆلۆژیەتی دەوڵەتی تورك ئاشكرایە كە ئەوان بوونی خۆیان لە نەبوونی كورد دەبینن، بۆیە تەنانەت لەگەڵ شەیتانیش ئامادەی هەموو سەودا و سازشێكن بە مەرجێك لە دژی كورد بێ. نامەوێ لێرەدا شرۆڤەی ئەو بابەتە بكەم، بەڵام دەمەوێ باسی ئەوە بكەم كە ئایا ئەگەر ئەزموونی ڕۆژئاوا لە ناوبرا دڵی ئەرۆگان ئاو دەخواتەوە؟

هەرگیز نا، بەڵكو ئەوە دەبێتە هەنگاوی یەكەم بە ئاراستەی جێبەجێكردنی ستراتیژیەتێك كە لەناوبردنی هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لێی.

نابێ ئێمە پێمان وابێ هەڕەشەكانی ئەردۆگان لە ڕۆژئاوا (ئاگرە سورە، لەخۆم دوورە)و بەس. هەر كەس و لایەنێكیش ئەوەی پێ ڕاستبێ كە ئەوە تەنیا دوژمنایەتی و ناكۆكی نێوان دەوڵەتی توركیا و پەیەدە یان تەنانەت پەكەكەشە زۆر ساویلكەیە،یان وەكو مناڵ بەدەست چاوی ئەگرێ تا پشیلە نەبینێ.

پیلانە درێژخایەنەكەی توركیا زۆر مەترسیدارە و پێویستە لەبەر چاو بگیرێ. تا كار لە كار نەترازاوە ڕەنگە ئێمەش بتوانین ڕۆڵێكی مرۆڤ دۆستانەمان بۆ خوشك و براكانمان هەبێ و مەترسی سەر هەرێمی كوردستانیش كەم كەینەوە.

نابێ جیاوازی و ناكۆكی نێوان لایەنە كوردستانیەكان پاساوی جێبەجێ نەكردنی ئەركێكی نیشتمانی بێ لەبەرامبەر ئەو هەڕەشەیەی كە قۆناغی دووەمی بە دڵنیاییەوە پوكاندنەوەی هەرێمی كوردستانە.

ئارێز عەبدوڵلا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا