بیتکۆین وەک هەبوویەکی سەوداگەرانە دەتوانێت ڕۆڵی پارە بگێڕێت؟

د. رزگارعەبدولکەریم عەبدولعەزیز*
بتکۆین دراوێکی گریمانییە کە لە ساڵی 2008 لە لایەن کەسێکی نەناسراوە بە ناوی “ساتوشی ناکامۆتۆ” دروستکراوە. سەرەتا نرخی 1 بیتکۆین بە 7 سەنت بوو، لە مانگی یەکی ساڵی 2013 نرخی 1 بتکۆین بۆ 13 دۆلار ئەمریکی بەرزبووەوە. لە ناوەڕاستی 2013 نرخەکەی زیاتر بەرزدەبێتەوە، بەجۆرێک کۆتایی 2013 نرخی بتکۆینێک بۆ 980 دۆلار دەفڕێت. لەوێ بەدواوە بەردەوام نرخی بتکۆین بەرزدەبێتەوە بەشێوەیەک لەمانگی 12ی 2017 نرخی 1 بتکۆین گەیشتە نزیکەی 20 هەزار دۆلار، لەم مانگەشدا نرخەکەی لە نێوان (50) بۆ (60) هەزار دۆلاری یاریدەکات. بۆیە پێویست دەکات بە شێوەیەکی زانستی شوناسی ڕاستەقینەی بیتکۆین بخەینەڕوو.
بێ ئەوەی شوناس و پێناسەی بیتکۆین دیاری بکەین، پێدەچێت زانیارییەکان بە هەڵەماندا ببەن، دەبینین لە گەڵ پارە تێکەڵ دەکرێت، هەندێک جاریش بە هەڵە دەڵێن (داهاتوو بۆ دراوی ئەلیکترۆنییە)، ئەگەر مەبەست لە (دراوی ئەلیکترۆنی) بەشداریکردنی تەکنۆلۆجیا بێت لە جیهانی پارەدا، ئەوا دەمێکە ئەو کارە کراوەو بەردەوامیش دەکرێت، ئەمە هیچ گرفت و ئاریشەیەکی نییە. بەڵام ئەگەر مەبەست لەو قسەیە ( داهاتوو بۆ دراوی ئەلیکترۆنییە) کریپتۆکەرەنسی یان دراوی گریمانەیی بێت، ئەمە هەڵە و تێکەڵکردنێکی زۆر ڕوونوئاشکرایە، چونکە کریپتۆکەرەنسی پارە نییە، وە ناتوانێت پارەش بێت.
بۆچی کریپتۆکەرەنسی پارە نییە ؟
پارە Money توڵ یان وەسیلەی ئاسان ڕایکردنی مامەڵەی مامەڵەکارانە لە بازاردا. لە ڕێگەی پارەوە کڕیار و فرۆشیار بە شێوەیەکی ئاسان دەگەن بە نرخی گونجاوی هەرشمەک و خزمەتگوزارییەک لە بازاردا، واتە پارە نێوەندیکارێکی باش و ئاسانی نێوان کڕیار و فرۆشیارە لە سەر هەموو ئاسەتە جیاوازەکانی مامەڵە و کڕین و فرۆشتن بۆ ئەوەی بگەن بە( نرخی گونجاو ). بە مانایەکی تر پارە توانای پاکتاوکردنی مامەڵە دارایی و بازرگانی و ئابوورییەکانی هەیە لە بازاردا. ئەم مەسەلەیە ( پرۆسەی پاکتاوکردن لە ڕێگەی پارەوە) گرنگی زۆری هەیە، چونکە هەم دەبێت بە هۆی زیادبوونی شەفافییەتی مامەڵەکان و هەمیش توانای پێشبینیکردنی ئاراستەی بازار بۆ مامەڵەکاران ئاسانتر دەکات، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاڵوگۆر و مامەڵە و پەیوەندییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان دادەنێت و بە شێوەیەکی تەندروست لە بازاردا گەشەدەکەن.
چی دەبێت ئەگەر نەتوانرا نرخ و بەهای پارە بە شێوەیەکی دروست دیاری بکرێت؟ لەم دۆخەدا میکانیزمی پاکتاوکردن ناتوانێت کاری خۆی بکات، مامەڵە و ئاڵوگۆرەکان شەفاف نابن، پشبینیکردنی ئاراستەی بازار دژوار و ئەستەم دەبێت، ترس باڵ بە سەر بازاردا دەکێشیت و قەبارەی مامەڵەکان تووشی داشکانی بەرچاو دەبن، دوور نییە گرفت و ئاریشەی کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی ناڕوونی مامەڵەکان زیاد بکات. (ئەم راستییە بە جوانی دەردەکەوێت کاتێک کە هەڵئاوسان بە شێوەیەکی دراماتیکی زیاد دەکات، بۆ نموونە سەیری دۆخی فەنزویلا بکەن).
ئیستا با ئەو پرسیارە بکەین ئایا دروستە بیتکۆین بە پارە ناوزەد بکەین؟ئایا بیتکۆین دەتوانێت پارە بێت؟ کوێی ئەم کارە نادروستە؟ هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بیتکۆین جیگای پارەی ئاسایی دەگرێتەوە و شوین بە دۆلار و دینار لێژدەکات، بەڵام ئەم بانگەشەیە بە چەند بەڵگەی زانستی پووچەڵ دەکرێتەوە:
یەکەم : کریپتۆکەرەنسی بە گشتی و لە ناویشیاندا بیتکۆین پێناسە دەکرێت بە (هەبووی سەوداگەرانە – Speculative Assets)، واتە لە بری ئەوەی وەک ناوەندکارێکی باش بۆ مامەڵەی مامەڵەکاران بەکار بێت، خودی خۆی سەنتەر و کرۆکی مامەڵەکەیە و ئامانج لە کڕینی بیتکۆین و کریپتۆکەرەنسی بەدەستهێنانی قازانج و پارەی زیاترە. ئەم جۆرە جامبازیەش لە دۆخی بیتکۆیندا بە هۆی بەرزی نرخەکەیەوە بە سەودایەکی شێتانە پێناسە دەکرێت، لە ڕووی سروشت و جەوهەری ئیشکردنەوە نەک تەکنیک، لێکچونێکی زۆر لە نیوان نەخۆشی گوڵی لالەی هۆڵەندی و بیتکۆیندا هەیە. هۆڵەندییەکان لە سەرەتای ساڵانی 1600ـەکاندا سەرقاڵی سەودای گوڵی لالە بوون و دوای هەرەسیش بە نەخۆشی گوڵی لالە (tulip mania)ی هۆڵەندی نێوبانگی دەرکرد. لە 1620ـەکاندا نرخی گوڵی لالە بەشێوەیەکی دراماتیکی بەرزدەبێتەوە بە جۆرێک کە تەنها 10 گوڵ خانوویەکی باشی لە ئەمستردام پێدەکڕدرا. لە ساڵی 1633 نرخی تەنها یەک گوڵی لالە پێنج هەزار فلۆرینی بووە، لە ماوەی چوار ساڵ و لەنێوان 1633-1637 نرخی تەنها یەک گوڵ دوو بەرامبەر زیاد دەکات و بۆ 10 هەزار فلۆرینی بەرز دەبێتەوە. دواتر لە ساڵی 1637 ئەم سەودایە بە یەکجاری هەرەس دێنی. لێرەدا گوڵی لالە و بیتکۆین هەردوکیان سروشتی سەوداگەریی و جامبازانەیان هەیە، بۆیە گرنگە کە لە کاتی باسکردنی کریپتۆکەرەنسیدا ئەو سروشتە بە ڕوونی باس بکرێت.
دووەم: پارە و هاوشێوەکانی پارە دەبیت دەمەزراوەیەکی گشتی وەک بانکی مەرکەزی پالپشتی بکات بەمەش قبولی گشتی دەبیت و لە نێو خەڵکدا دەستاو دەستی پی دەکرێت، بۆیە زۆرجار ئەوانەی کە بانگەشە بۆ ئەم جۆرە دراوە دەکەن بەراوردی دەکەن بە هاوشێوەکانی پارە وەک کارتی بانکی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بەراوردە لە شوێنی خۆی نییە، چونکە هەموو هاوشێوەکانی پارە ( أشباه النقود) دەزگایەکی فەرمی وەک بانکی مەرکەزی پشتیوانی دەکات و دەبێت بە بەشێک لە کوتلەی دراویی لە ووڵاتدا.
سێیەم: خستنەڕووی پارە مەسەلەیەکی سیادییە و لە دەسەڵاتی بانکی مەرکەزی هەر دەوڵەتێکە، بڕی خواست و خستنەڕوو لە قەبارەی پارە، کاریگەری راستەوخۆ لە سەر چالاکییە ئابووریەکان جێدەهێڵێت، بۆیە ئەگەر بڕیار بێت کریپتۆکەرەنسی پارە یان هاوشێوەکانی پارە بێت، ئەوا بی هیچ دوودڵییەک دەبێت بە بەشێک لە سیستەمی دارایی و نەختینەیی ووڵات ، هاوکات سیاسەتی دارایی و نەختینەیی کاریگەر دەبێت بە قەبارەی کریپتۆکەرەنسی، سەرەنجام حکومەت بەشێک لەم دەسەڵاتە سیادییە لە دەست دەدات، کە ئەمەش هەتا ئیستا لە تیۆریی ماکرۆئابووریدا مەسەلەیەکی هەستیارو ڕێگە پێنەدراوە، ئەمە لە لایەک، لە ڕووی پراکتیکیشەوە، ئیمکانی نییە کریپتۆکەرەنسی بەشێک بێت لە (کوتلەی دراویی) ووڵات، چونکە ناکرێت بێ ئەندازە و بێ هیچ ڕێوشوێنێکی ئابووری، لە سەرچاوەی زۆر و زەبەند و نادیارەوە پارە بخرێتە بازاراوە، بۆ نموونە، لە ساڵی 2017 دا تەنها (پێنج هەزار) کریپتۆکەرەنسی هەبوو،بەڵام ئیستا (31/3/2021) زیاتر لە نۆ هەزار کریپتۆکەرەنسی هەیە و بەردەوامیش زیاد دەکات.
چوارەم : نرخی بیتکۆین جێگیر نییە و بەردەوام بە شێوەیەکی شێتانە و چاوەڕواننەکراو یاری دەکات. ئەم هەڵچون و داچوونە نابێت لە پارەدا هەبێت، ڕاستە پارەش نرخی لەبەرامبەر دراوەکانی تردا گۆرانی بەسەردا دێت، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین دەبێت مەودای ئەو گۆڕانە زۆر کەم بێت، وە ئەگەر مەودای گۆڕانەکە زۆر بوو وەک ئەوەی لەم ساڵانەدا بەسەر فەنزوێلادا هات، ئەوا پارەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەرک و بەهای خۆی لەدەست دەدات و دەستەوەستان دەبێت لە ڕاییکردنی چالاکییە ئابوورییەکاندا .
بە کورتی ئامانجی پارە ڕێکخستنی چالاکییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانە لەسەر ئاستە جیاوازەکان، نابێت خۆی سەرچاوەی دەردیسەری و نائارامیی بازار بێت. وادابنی بیتکۆین پارە بێت، چۆن دەتوانێت مامەڵەکان پاکتاو بکات ئەگەر بەو خێرایی و مەودا زۆرەوە نرخەکەی گۆرانی بەسەردا بێت؟
لە کۆی سێ ئەرکی سەرەکی پارە، ناوەندێک بۆ ئاڵوگۆر ، یەکەی پێوانە و گەنجینەی بەها، بیتکۆین ناتوانیت بە هیچ شێوەیەک ڕۆلی دوو ئەرکی کۆتایی بگرێت،چونکە هەڵکشان و داکشانی زۆر لەنرخدا ڕێگر دەبێت لەوەی بتوانین وەک یەکەی پێوانەکردنی شمەک و خزمەتگوزاری لە کاروباری ڕۆژانەدا بەکاری بهێنین، لە هەمانکاتیشدا ریسکی یەکجار زۆری تێدایە کاتێک بەهای سامانەکەت بە کریپتۆکەرەنسی یان بیتکۆین هەڵبگریت بۆیە ناتوانرێت وەک گەنجینەیەکی بەها ڕۆڵ بگێریت.
هەندێک سەرچاوە پێیان وایە بیتکۆین دەتوانێت وەک ناوەندێکی ئالوگۆر ڕۆڵ بگرێت،یانی دەتوانیت ئەرکی یەکەمی پارە جێبەجێ بکات، لە بەر دوو هۆکار، یەکەم ئەوەی کە تێچووی ئاڵوگۆر بە بیتکۆین زۆر ئاسانتر و هەرزانترە بەراورد بەڕێگا کلاسیکییەکان، دووەم ئەوەی کە سەرچاوەکەی نادیارە، بەڵام هەر ئەم دوو هۆکارە لە گۆشەی دیکەوە سەرچاوەی دەردیسەرین بۆ کۆمەڵگا وەک بەکارهێنانی لە بواری دەرمان و قاچاغچێتی وهاککردن وهێرشی ئەلیکترۆنی و زۆر کاری نا ئەخلاقی دیکە….تد
هەندێکی دیکەش ئەم مامەڵە سنوردارەی بیتکۆین، وەک بەڵگەیەک بۆ ئایندەڕوونی بیتکۆین باس دەکەن، بەڵام ئەگەر ئیمە سەرنجی گوڵی لالەی هۆڵەندی بدەین ئەوا دەبینین بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ مامەڵەی پێوە کراوە، وەک پێشتریش ووتمان تەنها دە گوڵی لالە خانوویەکی لە باشترینی شوێنی ئەمستردام دا پێ دەکرا، بەڵام سەرئەنجام گوڵی لالە نەبوو بە پارە و جێگای دراوی نەگرتەوە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا