چۆن پێشوازی لەپاپا بكرێت لە هەولێر؟

هاتنی پاپا بۆ هەولێر، دەبێت وەك ساتەوەختێكی ڕوداویی ببینرێت. ئەم ساتەوەختە ئەو كاتە نائاساییەیە كە چاوی كامیرا و دونیا دەكەوێتە سەر ماڵی ئێمە. چاوی كامیرا لە دونیای ئەمڕۆدا زێدە گرنگە. كورد كاتێك لە كۆڕەوەكەدا لە زێدی خۆی هەڵهات، بەختی هەبوو كە سەردەمی CNN بوو. ئەمە لە دونیای پەیوەندی نێودەوڵەتیدا بە كاریگەریی سی ئێن ئێن ناسراوە. كاریگەری سی ئێن ئێن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وروژان. ئەمە لە ئەنفالدا روینەدا چونكە سەردەمێكی تر بوو. لە مێژودا هەموو ئامێرێكی تەكنەلۆجی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و كاریگەری هەبوە لە سەر جۆری سیاسەت. كاتێك نیكسۆن و كێنەدی بۆ یەكەمجار لە تەلەفزیون دیبەیتیان كرد، هەموو لێكۆڵەرەوان لە سەر ئەوە كۆكن كە ئەگەر لە تەلفزیون نەبوایە ئەوا نیكسۆن براوەبوو. بەڵام چونكە كێنەدی گەنج و قۆزبوو، تەلەفزیون لە بەرژەوەندی بوو. بە گشتی كورد گەلێكی نائامادە و نەبینراوە لە دونیادا. زوو زوو گوێبیستی ئەوە دەبیت كە كورد گلەیی دەكەن لەوەی كاتێك بیانییەك دەبینن لە جێگایەكی تر و لە وەڵامی پرسیاری خەڵكی كوێی، دەبێت ڕۆستەم و زۆرابێكی بۆ بڕێسن هەتا تێدەگات كوردستان لە كوێیە.

هاتنی پاپا بۆ هەولێر ئەو ساتە دەگمەنەیە. نازانم جگە لە نوێژی یاریگاكە چیتر ڕوئەدات، بەڵام دەبێت ئەمانە ڕوبدات:
یەكەم، ناساندنی ڕابوردوی ئێمە. ئەگەر هەولێر دەیەوێت ببێت بە پایتەختی هەموان، ئەوا دەبێت جێگای ڕەنگدانەوەی هەموان بێت. ئەمە مانای ئەوەنیە هەموو بەرپرسێكی كوردی ماڵێكی زەبەلاحی لە هەولێر هەبێت، بەڵكو مۆزەخانە، ماڵی تایبەت بە كەلتور، شوێنی یادەوەریی و زۆر شوێنی تر هەبێت كە پیشەسازی یادەوەری بسازێنێت. ئەمە گرنگی شارسازی دەردەخات بە كردنی بە پانتاییەكی پڕ لە جوانی كراوە بۆ هەموان. كاتێك پاپا بە هەولێردا دەڕوات دەبێت ئەندازەسازی و پەیكەرەكان ڕەنگدانەوەی دونیا و كەلتوری ئێمە بن.

دووەم، دەبێت كورد بە هەموو ڕەنگ و پێكهاتە و جیاوازییەكانیەوە ڕەنگاڵەیەكی وەها دروست بكەن كە دەوڵەمەندی و چڕی ئەم شوناسە بناسێنێت. كێشەی كورد لە دونیادا وەك كەمینەیەكی پەراویزیی ئەوەیە كە نازانرێت چەندێك دەوڵەمەندە لە ڕوی كەلتور و شوناس و مێژوەوە.

سێ، بێگومان ساتەوەختەكە ساتەوەختی كریستیانەكانە، بەڵام دەبێت ئەوە پێشان بدرێت كە ئەوان لە گەڵ كێدا دەژین و چۆن دەژین.

چوار، نابێت روداوەكە ببێت بە ڕوداوی نمایشی كەسایەتی سیاسی. بەڵام ئەگەر بكرێتە ساتەوەختێك بۆ دروستكردنی ئاشتی ڕاستەقینەی لە ماڵی كوردیدا ساتەوەختێكی باشە.

پێنج، هەتا ئەمڕۆ، لە ناو پرۆسەی دەوڵەت نەتەوەی پاش ڕوخانی عوسمانییەكان، ئێمە تەنها لە ساتەوەختی قەیران سەر دەردەهێنین. ئەمە ڕوداوێكی دەگمەنە كە دەكرێت لە ساتەوەختی ئاشتیشدا سەرەتاتكێیەك لە گەڵ دونیادا بكەین. بەڵام پێویستی بە قۆزتنەوەی دەرفەتەكە هەیە.

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا