پارتی.. ھێزێك بێھیچ حەرامێكی سیاسی

یەكێك لە ئاكرە ھەرەسەرەكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە ھێزێكە ھیچ حەرامێكی سیاسیی ناناسێت، سنوورێكی نییە ڕایبوەستێنێت لەوەی شتێك، چەندە ناكۆكیش بێت بە گوتارە رەسمییەكانی، ئەنجامنەدات. ئەم ھێزە ئەمڕۆ شتێك دەڵێت سبەی پڕوپاگەندە بۆ پێچەوانەكەی دەكات. پارتی ھێزێك نییە ھیچ فیكر و پرنسیپ و ئایدیۆلۆژیا و حەرامێكی ھەبێت، نە سیستمێكی فیكریی، نە سیستمێكی ئەخلاقیی و نە سیستمێكی ڕەمزیی ھەیە، سنوورێك بۆ ھەڵسوكەوتەكانی دابنێت.

پارتی ھێزێكە بێ ھیچ تەفسیركردنێك بۆ جیھان، بۆ خۆی، بۆ مێژوو، بۆ ئەو شتانەی ئەمڕۆ دەیانڵێت و سبەی پشتیان تێدەكات. پارتی جگە لە ئامرازێك، ئامرازێكی بێ بینین و بێ یاداوەریی، شتێكی زیاتر یان كەمتر نییە. لەدوای ڕاپەڕینیشەوە ئەم ئامرازە بە تەواوی كەوتۆتە دەستی بنەماڵەی بارزانی و لە دوای ھاتنەكایەی ئابوریی نەوتیشەوە بووە بە موڵكی شەخسی ئەوان. پارتی ھێزێك نییە لە ڕێگای بنەماڵەی بارزانییەوە حوكمبكات، بەڵكو ھێزێكە بنەماڵەی بارزانی بەھۆیەوە حوكمڕانیی دەكات. مەسەلەكە بوونی بەرنامە و جیھانبینییەكی سیاسیی نییە پارتی بیەوێت لەڕێگای بنەماڵەی بارزانییەوە پیادەیبكات، بەڵكو پارتەكە خۆی بە ئامرازێكە ئەو بنەماڵەیە بەكاریدەھێنێت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی و حوكمڕانیكردنی. ئەمەش وادەكات پارتی وەك حیزب خاوەنی سنوور و حەرام و حەڵاڵ و سیستمێكی رەمزیی نەبێت كە ئاراستەی كار و كردەوە و بڕیارەكانی بكات، ئەوەی ئاراستەی دەكات سایكۆلۆژیای كەسایەتییە سەرەكییەكانی بنەماڵەی بارزانی وپاراستنی قازانج و دەسكەوت و ھەیمەنەی ئەو بنەماڵەیەیە.

ئەم دۆخە وادەكات ئەم ھێزە تەنانەت دیدێكی بۆ خۆشی نەبێت لە دەرەوەی خواست و ویستی بنەماڵەی بارزانیدا، ئەوەی ھەیەتی ئەم بنەماڵە و ئەوەیە كە ئەو بنەماڵەیە بەڕاستیی دەزانن. ئەمە وادەكات تاقە حەرامێك ھەیانبێت، حەرامی ڕەخنەكردن و بەرپرسیاركردن و لێپرسینەوەیە لە بنەماڵەی بارزانی، چ لەناو حیزبەكە خۆیدا چ لەدەرەوەیدا. ئەمە وایكردوە ئیشی ئەم حیزبە لە پەیوەندیدا بە ھێزە سیاسییەكانی تری كوردستان و بە كۆمەڵگای كوردییەوە، كورتببێتەوە بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگیی ھێز و دەسەڵات بە قازانجی پارتیی، كە بە پلەی یەكەم لە پاراستنی ھەیمەنەی بنەماڵەی بارزیندا خۆی نمایشدەكات.

ئەم دۆخەیە، بۆ نموونە، وادەكات چەند ساڵێك لەمەوبەر ڕیفراندۆم بكات و عێراق بە دوژمنی ژمارە یەكی خەڵكی كوردستان بزانێت و واینیشنبدات كورد لە بەردەم ئەگەری ئەنفالێكی تردایە لەلایەن عێراقەوە، كەچی ئەمڕۆ، سەد و ھەشتا پلە بابداتەوە و باس لەوەبكات شانازیی بە عێراقیبوونی خۆیان و خەڵكی كوردستانەوە دەكەن.

پارتی ھێزێكە بێ ھیچ ێكحەرامی سیاسیی و سیاسەتی دابڕاویش لە حەرامی سیاسیی، سیاسیەتێكی تەواو ترسناك و وێرانكەرە.

مەریوان قانع

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا