قولی رەش و سپی كوردایەتی لە بەغدا

بۆ هەموان ئەو پەندە كوردییە روون و ئاشكرایە و بیستراوە كە دەڵێت «قولی رەش و سپی لە بواردا دەردەكەوێت»، ئەم پەندە تەنها وتەیەكی نەستەق و دیوێكی ئەدەبی وەرناگرێت، بەڵكو بۆ سەر زۆر بابەت و پرسی دیكەش دەگۆڕرێت.
ساڵانێكی زۆرە هەندێك حزب و لایەنی كوردستانی لەسەر چەمكی «كوردایەتی و نیشتمانپەروەریی و ماف و داواكانی كورد» وەبەرهێنان دەكەن و خۆیان بەم چەمكەوە گیڤ كردۆتەوە، بەڵام هەركاتێكیش پرسی كوردایەتی كەوتبێتە قەیرانەوە و بڕیار و قوربانیی گەورەی ویستبێت، جگە لە چەند کەسێک نوێنەری ئەوتۆی كوردمان نەبینی كە قوربانی بەخۆی بدات لەو پێناوەدا و چونکە تا كوردایەتی كیسەكەی پڕبووبێت لە عانە، هەندێک لەوانە غوڵامی دەست بەسینە بوون و لە پاش و پێشی ئەم پرسەدا بینراون و دەهۆڵێكی دڕاوی كوردایەتییان کوتاوە.

دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و دەركەوتنی زیكزاك و تەراتێنی هێزە سیاسیییەكانی عیراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دیسان پرسی كوردایەتی لە بەغداش دێتەوە پێشەوە و قولی رەش و سپی ئەو جۆرە لە كورد لە بەغدا دەردەكەوێت كە كێ و چ لایەنێك لە خەمی كوردایەتیدایە و كێ و چ لایەنێكیش بەدوای كیسە و توورەكەی پڕ لە عانەی كوردایەتییەوەیە و وەبەرهێنان بەسەر ئەو پرسەوە دەكات.
رۆژانی داهاتوو لە بواری كوردایەتیدا قولی رەش و سپی ئەو لایەنانە دەردەكەوێت كە پێش هەڵبژاردن بنی زمان و سەری زمانیان كوردایەتی بووە و پێیانوابووە كە دەبنە نوێنەری دۆزی رەوای گەلی كورد لە بەغدا.
رۆژانی داهاتوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەبێتە سەنگی مەحەك لە ناسینەوەی ئەو دوو بەرەیە لە حزبی كوردی كە لایەنێك بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و پۆست و پلەوپایە دەچوونە بەغدا و لایەنێكی دیكە بۆ وەرگرتنەوەی مووچەی مووچە خۆرانی كوردستان و شایستە داراییەكانی كوردستان لە بەغدا بوون.

پرسی كوردایەتی ئیدی بە حزبی لاواز و وتاری عاتیفیانە و دروشمی هەڵخەڵەتێنەرانە ناچێتە پێش و چارەسەر نابێت، بەڵكو ئەم پرسە بە یەكێتی كوردایەتی و كۆدەنگیی لایەنە سیاسییەكان و یەكگوتاری نوێنەرانی كورد دەبێت، ئیدی ئەو زەمانە كۆتایی هاتووە بەناوی كوردایەتییەوە مەنجەڵی مێشكی تاكی كورد جۆش بدرێت، كەچی ئاو بە دوای خاكەنازی ئەو لایەنانەدا نایەت لە بەغدا و ئامادەنین بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لەگەڵ بەغدادا كۆببنەوە.

خەباتی مەدەنییانە و پەرلەمانیی كورد لە بەغدا رۆژ لەدوای رۆژ قورستر دەبێت، هیچ حزبێكی كوردیش بە تەنها ناتوانێت لەم بوارەدا تێكۆشان بكات و بەرهەمی زیاتری هەبێت. جا بۆئەوەی كورد زۆرترین دەستكەوت و دەستهاتی هەبێت لە بەغدا و پێش ئەوەی هەر جووڵەیەك لە بەغدا بكات، دەبێت كورد خاوەن هێزێكی گەورە و یەك دەنگییەكی كوردانەی بەهێز بێت و هەموو لایەنەكان كوردایەتییان لەلا گرنگ بێت، نەك هەندێک هەر بەشوێن پلە و پۆست و بەرژەوەندیی كەسی و حزبییەوە بێت.

لە دەرەوەی یەكگوتاری و دەستەجەمعیی كوردییانە، ناتوانرێت هیچ مافێكی كورد بەدەست بهێنرێت و دەنگی كوردستانیان دلێر بێت لە بەرامبەر بەغدادا. بەمەش هەنگاوی كردەیی كوردایەتی دەردەكەوێت و راستی و ناڕاستی بەرەی كوردایەتی دەناسرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا