سوودەكانی شیر

عینسان ئەگەر شیری حەڵاڵی خواردبێت، قەتا و قەت نكوڵی لەو راستییە شیرینە ناكات كە شیر كارگێڕێكی زۆر هەڵسوڕاوە لە فەرهەنگ و زمانی وەچەكانی ئەردەشیر و بەشیر موشیردا، بە جۆرێك كە كوردی رەسەنی رزگار كردووە لە درێژدادڕی.

تەنیا لە سایەی شیرەوەیە كە ئەتوانین كورت و موختەسەر بگەینە ئامانجی قسەكەمان. مەسەلەن ئەگەر كاربەدەستێك ئیشەكەی بە دوو نامەی پشتگیری بۆ حەلكردین و گەڕیتری پێ نەگێڕاین ئەوا لە شوێنان دوعای خێری بۆ دەكەین و دەڵێین رەحمەت لەو شیرەی كە پێی گۆش كراوە.

شیر زۆر زۆر موهیمە لە پێكهاتەكانی تەباشیر و شیرەمەڕ و شیروان و شیراز و خوشك و برا هاوشیرییەكانی تردا.

ئەم نیعمەتە سپییە كە ئەگەر زوو فریای نەكەوی، عەینەن مێردی عەسەبی بەسەرتا هەڵدەچێ، بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە بۆ دۆستایەتی دێرینی كورد و عەرەب، فەلەبەرئەوە زۆرێك لە پەرلەمانتارەكانی بەغامان دەروێشی ئەو تەریقەتە سیاسییەن كە ئەفەرموێ شیری حوشتر و دیداری عەرەب.

شیر هەمیشە لەسەر پێیە بۆ وەسفكردنی پەیوەندیی هەڤاڵانیش كە رۆحیان بەسەرسەری یەكتریدا دەرئەچێ و دەڵێ بەینیان تەبیعییە، شیر و تیر لە یەك ئەسوون.

لە بواری كۆمەڵایەتی شیر شەخسییەتێكی پیاوانەی هەیە؛ لای هاوڕێبازەكانی حەمە قڕیل شیری شێر ئاماژەیە بۆ عارەقی چاك، گەر بشتەوێ وەك بازرگانێك نرخ و بەهای كچێك بزانیت، دەپرسیت شیرباییەكەی چەندە. شیرەمەنییەكانی ئێران و توركیا فاكتەرێكی زۆر باشن لە دابینكردنی بەرچایی و پاراستنی ئەجری دراوسێیەتیدا.

كاتێكیش كە گوێ لە دیپلۆماتكار و سیاسەتمەدارەكانی كورد دەگریت تێدەگەیت كیسنجەر و لاڤرۆڤەكان لە چاویاندا مناڵی شیرەخۆرەن. عادەتی ژنی موبالەغەچییش وایە كە ناڵێ باوكی مناڵەكان زۆر رشاوەتەوە، ئەڵێ شیری بەر دایكی هێنایەوە.

لێكۆڵەرە نەتەوەیەكانیش یەقینی تەوایان هەیە، كە موسڵ لە رۆژی ئەزەلەوە بەشێك بووە لە كوردستان بەو دەلیلەی كە موسڵ خشتاو خشتە شیری كاكم لە پشتە.

راستیش ئەكەن چونكە هەرگیز لە فۆلكلۆرەكەماندا نەوتراوە حللە خشتاوخشتە. بۆ پاساودانەوەی غەڵەتە سیاسی و ئابوورییەكانیشمان دیسان پەنا بۆ شیر دەبەین و دەڵێین لێمان مەگرن كاكە، ئینسان شیری خاوی خواردووە. شیر زۆر پێش فروید و تەكەتولەكەی چووەتە دنیای خەونەوەو بە نیشانەی شووكردن و دەوڵەمەنبوون و دەرووی خێر لێك دەدرێتەوە.

تا وێنەی گوندە قەسفكراوەكانی قەندیلیش نەبینیت، نازانێت بۆچی جەماعەتی نەوتەكە بە ئەردۆغان دەڵێن قارداشە شیرپاكەكە. بینەرانی بەڕێز بەمجۆرە گەیشتینە ئەخیر عەیارەی شیرە قوتووەكە بەو هیوایەی عەشیرەت هەروا باڵا دەستبێ بەسەر عەولەمەی خوێڕیدا لە پێناو تێكدانی زیاتری شیرازەی ئەم كۆمەڵگایەدا كە چاوەڕێیە شیردا بۆ داپیردا، داپیر كلكە كوڵێی بداتەوە.

شێركۆ عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا